سەرۆک بارزانی: ئەوەى بۆ کۆبانێ پێم بکرێت دەیکەم کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند: ئیتاڵیا هەمیشە هەڵویشتێکی زۆر دۆستانەی هەبووە بەرانبەر گەلی کوردستان، سەربارەت بە دۆخى کۆبانێش گوتى، ئەوەى پێم بکرێت دەیکەم.

ئەمرۆ هەینى (2026/1/23) سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگریی زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش.

سەرۆک بارزانی گوتیشى  وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە. هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى رایەگیاند، کە بەرگریی لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە توندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات کە عەرەبن، چونکە شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە و نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاکاران دەبێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بێت و پشتیوانی لە کورد بکرێت، پشتیوانی لە مافی کورد بکرێت، ناشبێت ببنە ڕێگە خۆشکەر بۆ شەڕی دوو نەتەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆکانى لەگەڵ سەرۆکى کاتى سووریا  سەرۆک بارزانی گوتی،  "بە ئەحمەد شەرعم گوت، شەڕی سیاسی دەبێ چارەسەر ببێت، بەڵام نابێت کورد دەستدرێژی بکرێتەسەر."

دەربارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ئەوەی ئێستا روودەدات، ئاماژەى بەوە کرد، "ئەم کێشانەی ئێستا روودەدەن بەشێکی پەیوەندیدارە بە هۆزە عەرەبییەکانی سووریا [کە لەنێو هەسەدە بوون] "پێشووتر مەزڵووم عەبدیم ئاگادار کردبووەوە کە ناوچە عەرەبنشینەکان چارەسەر بکات، کە رەنگە لە داهاتوو کێشەیان بۆ دروست بکات."

سەبارەت بە دۆخی کۆبانێ کە لە سێ لایەوە گەمارۆدراوە، سەرۆک بارزانی جەخى لەسەر ئەوە کردەوە و گوتى، "ئەوەی پێم بکرێت دەیکەم، هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ، وەکو جاران دەرفەتم هەبووایە هێزم دەنارد بۆ پاراستنی، بەڵام ئەو شوێنە شوێنێکی کوردستانییە و نابێت دەستی بۆ ببرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین