سەرۆک بارزانی: ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت پاڵپشتى گەلى کورد کوردستانی

نوچەنێت

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیریی بەرگریی ئیتاڵیا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دۆستێکی نزیکی کوردە، ئیتاڵیا دۆستی کوردستانە، وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی گەلی کورد".

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/1/22) سەرۆک بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی باشیان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا هەبوو، هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا هەموو هەوڵێک دەدات خەڵکی کوردستان تووشی ئازار و دەستدرێژی نەبن و شەڕ بوەستێت." سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک پیرۆزتر کەرامەتی کوردە، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی کەرامەتی کورد بپارێزین."

سەرۆک بارزانی بڕوای وایە، "دیالۆگ چارەسەری هەموو شتێکە، هیوایان هەیە، بەڵام هەموو ئەگەرێکیش هەیە داوایان لە هێزەکانی وڵاتان نەکردووە بەرگریمان لێ بکەن چونکە پێشمەرگە توانای هەیە، تەنیا داوای مەعنەوی و سیاسیمان کردووە".

سەرۆک بارزانی باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانیش کرد سەبارەت بە دۆخی سووریا و ڕایگەیاند، "هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە شەڕ تەشەنە نەکات، فراوانتر نەبێت، بوەستێت و ناوچە کوردییەکانی سووریا پارێزراو بێت و بەخۆشی چارەسەر بکرێت و نەبێتە شەڕی کورد و عەرەب".

 گویدۆ کرۆسیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، "ئێمە دەزانین کورد چی کرد لە دژی داعش، سەرۆک بارزانی سیمبولی دژی داعشە، هەرێمی کوردستان ئارامی و سەقامگیری کوردستانە و دەبێت ئارامییەکەی بەردەوام بێت"، هاوکات ڕاشیگەیاند، "ئەوەی دژ بە میللەتی کورد دەکرێت لە سووریا قابیلی قبووڵ نییە، ئەوەی لە سووریا دەکرێت دژ بە گەلی کوردە، سووریا دەبێت واز لەو کارانەی بێنێت کە ئێستا دەیکات، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەوەی بەسەریان کوردانی ڕۆژئاوا هات دووبارە نەبێتەوە و هاوکارییان بکەین".

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دووپاتی کردەوە، "دۆستایەتییان لەگەڵ کورد دێرین و بەردەوامە، لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن، هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە زیاتر دەبێت، ئومێدە کە پێشمەرگە پێویستی بە چەکی زیاتر نەبێت و دەبێت ئاشتی بەرقەرار بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین