وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت

وزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، ئەم مانگە نزیكەی (700) هەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی هەژماری من تۆماركراون، بڕیاریشی داوە ئەو مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەكردووە، مووچەكانیان رابگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/1/27) وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە، ڕۆژی دوو شەممە ( 26ی کانوونی دووەمی 2026) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

بەگوتەی وەزارەتی دارایی، دەڵێت، بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی 700هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێكاری پێویست لە گەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێریان ( ATM هەیە و هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونیەوەكە گفتوگۆ لەسەر  کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI ) كراوە، كە ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان هەبووە.

وەزارەتی دارایی سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من دەشلێت، کە لەکۆی 455 هەزار سوودمەند تا ئێستا 438 هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە 354 هەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.

هەروەک ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین