دەم پارتی: حکومەتی تورکیا بێ ئاگاداری ئێمە کۆنووسی سەردانی ئۆجەلانی بڵاوکردۆتەوە شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد

لەدوای سەردانی شاندی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمراڵی، دوای نزیکەی دوو مانگ پەرلەمان "کۆنووسی كۆبوونەوە" لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە، پەروین بوڵدان لەوبارەیەوە ڕەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت و بە نیگەرانیەوە دەڵێت، بەبێ ئاگاداری ئێمە کۆنووسی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە.   

ماڵپەڕی (AMED) بڵاوی کردەوە، لەگەڵ بانگەوازی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی پەکەکە، بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی بە بەشداری لایەنە سیاسیەکانی تورکیا دامەزرا، دوای ژمارەیەک لە کۆبوونەوە و خستنەڕووی پێشنیارەکان لەبارەی پرۆسەکە، دواجار شاندێک پێکهێنرا بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی لە ئەندامانی هەریەک لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی گروپی دەم پارتی، حوسێن یایمان جێگری سەرۆکی ئەکپارتی و فیتی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە سەردانی ئیمرالیان کردوو و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە کۆبوونەوە و دواتر بەهیچ شێوەیەک حکومەتی تورکیا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەکرد.

توركیا چۆن كۆنووسی كۆبوونەوەكانی بڵاوكردەوە؟

دوابەدوای ئەو سەردانە دوای نزیکەی دوو مانگ، لە (23) کانوونی دووەمی ( (2026 لەلایەن سەرۆکایەتیی تورکیا بەبێ ئاگاداری ئەندامانی کۆمسیۆن و شاندی ئیمراڵی دەم پارتی بەناونیشانی "کۆنووسی کۆبوونەوەکانی زیندانە ئەمنییەکانی ئیمراڵی" بڵاوی کردەوە، لەوبارەوە پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە نیگەرانییەوە گوتی کۆنووسەکە بەبێ ئاگاداری ئێمە بڵاوکراوەتەوە، ئێمە پێشووتر داوای بڵاوکردنەوەمان کردبوو، بەڵام بڵاویان نەکردەوە، ئەوەی سەرۆکایەتیی تورکیا ئەنجامی دەدات جێگەی قبووڵکردن نییە، بەر لە بڵاوکردنەوەی دەکرا کۆبوونەوە لەلایەک لەلایەن ئەندامان کۆمسیۆن بەرێوەچووبا بۆ ئەوەی لایەنەکان پێشنیار و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە کۆنووسەکەمان خستبایەڕوو."

ئەو ئەندامەی دەم پارتی ئاشکراشی دەکات، ئۆجەلان تەنیا ئێستا نا بەڵکو پێشوتریش هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سووریا دەکرد، لەو ڕووەوە، بەرلە هەڵگیرسانی ئەو ئاگرەی سووریا لەکاتی "بەهاری عەرەبی" هۆشداری لە تێکدانی سوووریا دادا و ڕاستیش دەرچوو، هەموو کات ئاگاداری دەکردینەوە لە کۆبوونەوەکانمان بە تایبەت لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر چارەسەرێکی دیموکراسیانە نەکرێت ئاگرەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، دەبێت لە سووریا خەڵک خۆی بریار بدات دوور لە دەسەلاتی رژێم و دەستی دەرەکی لە سووریا.

بوڵدان باس لە مۆدێلی پێشنیاری ئۆجەلان دەکات و دەڵێت، ئۆجەلان بەپێویستی دەزانێت، "تەنیا ناوچەیەک لەو جوگرافیەیەدا نا بەڵکو ئەو مۆدێلەی لە ڕۆژئاوای سووریا هەیە، تەنیا دەست بەسەرداگیرکردنی پارچە زەوییەک نییە، دەبێت دووبارە کۆمەڵایەتی بنیات بنرێتەوە و بەیەکەوە ژنان و گەنج و کرێکار و گەلانی جیاواز و ئاینە جیاوازەکان بەیەکەوە کار بکەن." هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت، "دامەزراند" لەلای ئۆجەلان گرنگترە لە "خاوەنداریەتیی خۆی لەخۆیدا ئەمە بانگەوازێک و بەرپرسیارێتییە لەو پرۆسەیەدا.

ئەندامی دەم پارتی دووپاتی دەکاتەوە کە ئۆجەلان کەسایەتییەکی ناوەندە لە باکوور و باشووری سووریا و تورکیاشدا کارەکتەری سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێت جددیەتیی پرۆسەی ئاشتی لەبەرچاو بگیرێت و پێویستی بە ئارامی و هەوڵدانە، دەبێت مەرجی یاسایی و سیاسی لە پرۆسەی ئاشتی نوێ دەربکرێت. 

دەم پارتی لە هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی نیگەرانە

هاوکات تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو کۆنووسە گومانی لە قسەکانی ئۆجەلان هەیە و رایگەیاند، "ناکرێت کۆنوسێک بەراورد بکرێت لەگەڵ هەڵبژاردن و لێکدانەوە و مۆنتاژێکی دەستکاری کراو."، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و سەردانیەکانیان بۆ ئیمراڵی دەشڵێت، "پێویستە شاندنی دەم پارتی بەردەوام بێت لە سەردانییەکان، ئەمە پێویستییەکی ناچارییە، لەم پرۆسە مێژووییەدا هەرگیز بەم لەسەرخۆییە و بەبێ هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەرەو پێشوەناچێت، ئێمە هەرگیز ویستی کات بەفیرۆدانمان نییە، چاوەروانین لەم ڕۆژانەی داهاتوو شاندەکەمان سەردانێک بۆ ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە." 

هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، "پرۆسەی ئاشی لە تورکیا بەردەوامە، بەڵام دز و بێمتمانەیی لە پرۆسەکەدا هەیە، وە هۆکاری راستەوخۆی ئەو درزە هەڵبژاردەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیایە، لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکە تاوەکو ئێستا جگە لە دامەزراندنی کۆمسیۆن حکومەت یەک هەنگاوی کردەیی نەناوە."  

جێگەی باسە، لە کۆنووسەکەدا هاتووە، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا بە شاندی کۆمسیۆنی رایگەیاندووە، دەوڵەتی سەربەخۆ، فیدراڵی یان خۆسەری"دا نییە، بەڵکو مۆدێلی "کۆماریی دیموکراسی"بە چارەسەر دەزانێت. ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەوەی بۆ تورکیا دەمەوێت، هەمان شت بۆ سووریاش دەخوازین، نەک فیدراڵی."

ئۆجەلان لەو کۆبوونەوەیەدا باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و راشیگەیاندووە،  کە ئەگەر دەرفەتی پێ بدرێت، دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات و بڕوای وایە گوێی لێ دەگرن، بەڵام دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان و ئەوانی تر) لە سووریا پارێزراو بێت.

هەر لە کۆنووسە باس لەوەش کراوە کە ئۆجەلان سەرنجی خستۆتە سەر ڕۆڵی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و پێیوایە، باخچەلی ئازایەتییەکی دەگمەنی نیشان داوە. بەڵام هۆشداریشی داوە کە ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرنەکەوێت، "میکانیزمی کودەتا" دەکەوێتە کار، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەر کاتێک هەوڵی چارەسەری درابێت، کودەتا کراوە.

ئۆجەلان بە ساندەکەشی گوتووە، ئەگەر هەلومەرجم بۆ بڕەخسێنن، هێزی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە بەرەو چارەسەر ببەم. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە دەبێت چەمکی "شەڕی کورد و تورک" کۆتایی پێ بێت، چونکە ئەم دوو نەتەوەیە بەبێ یەکتر ناتوانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێننەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین