مێژووی ڕیشەی کورد لە كتێبی بابەتی گشتی

نوچەنێت: سنوور یاسین

بە گوێرەی نوێترین توێژینەوەی مێژوویی، كە بەشێكی دەربارەی ڕیشەی کوردە لە ڕابردوو، باس  لەوە دەكات، "کوردەکان هەمان نەتەوەی مادەکانن، بەڵام دوو بۆچوونی جیاواز هەیە لە گەڕانەوە بۆ ڕیشە و بنچینەی ماد".

کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) لە نووسینی (ڕزگار ڕەزا چوچانی)، بە گشتی کتێبەکە باس لە مێژوویەکی پڕ لە کەوتن، سەرکەوتن و هەستانەوەی گەلی کورد دەکات و ئاماژە بە "مێژووی کوردستان وەک خۆی دەکات کە پڕیەتی لە یەکتر سڕینەوە، خیانەت، یەکتر ڕەتکردنەوە و هاوکات پر لە سەروەری و یەکڕیزی" بوونی هەیە لە مێژووی كورد و كوردستاندا.

وەک ئاشکرایە ئەو نەتەوەیەی لە کوردستان دەژیت ناوی (کورد)ـە. دەرئەنجامی نووسین، توێژینەوە و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی) دەربارەی ڕیشە و بنەچەی کورد کراوە، دابەشبوونە بەسەر دوو بڕوا و ئاراستەدا. بۆچوونێکیان پێیوایە، "ڕیشە و بنەچەی کورد بۆ مادەکان دەگەڕێتەوە، کورد نەوەی مادەکانن و مادەکانیش سەر بە کۆمەڵی ئارین". لە بەرامبەردا بۆچوونەکەی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "بەڵێ نەتەوەی کوردی ئەمڕۆ هەمان نەتەوەی مادەکانی دوێنێن، بەڵام مادەکان سەر بە کۆمەڵەی ئارییەکان نین، ئەوان  وەکو ئارییەکان لەجێی دوورەوە بە کۆچەری نەهاتوون، بەڵکو خاوەنی ڕاستەقینەی ناوچەکانی خۆیانن کە کوردستانی ئەمڕۆیە". 

دەزگای نوچە بۆ توێژینەوەی سیاسی و پەرەپێدانی کولتووری لە (2019) لە شاری هەولێر دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چەندین بەرهەمی گرنگی بڵاوكردۆتەوە، دواترینیان کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی)یە، کە ڕۆژی (17-9-2025) بڵاوکرایەوە و گەیشتە دەست خوێنەرانی کتێب کە لە دوو بەرگدا بە پوختی باسی لە مێژووی دوورودرێژی گەلی کورد و کوردستان دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین