سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: عێراق ناتوانێت سەقامگیر بێت ئەگەر کۆنترۆڵی میلیشیاکان نەکات میدیا

نوچە نێت:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەك لەگەڵ ڕۆژنامەی ( کۆرێلێ دێلا سێرا)ی ئیتاڵی، داوای جێبەجێكردنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات و دەشڵێت، "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ تەنگژەی ئێران لە ئارادا نییە و دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکە بدرێت و ڕێگە نەدرێت دووبارە شەڕ هەڵگیرسێتەوە ئەویش لە ڕێی ئارام گرتنەوە."

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "ئەمە هەڵەیە. پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئاگربەستەکە؛ چونکە ئیسرائیلییەکان تەنیا هێرش ناکەنە سەر حزبوڵا، بەڵکو زیان بە ژێرخانی ئەو وڵاتەش دەگەیەنن."

هاوكات لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکییەکان داوایان لێ کردن دەستوەردان بکەن بۆ هاندانی ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێراندا، دەڵێت، "ئەمریکییەکان هەرگیز لەگەڵ ئێمە باسی گۆڕینی ڕژێمی تارانیان نەکردووە، بەڵکو جەختیان لەسەر پێویستی ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامە موشەکییەکانی ئێران کردووەتەوە. کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، ئێمەش دژی ئەوەین خاکەکەمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت؛ نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربارەی حكومەتی ئێران دەشڵێت، "هەمیشە گووتومانە ڕژێم تەنیا بە بۆردومانی ئاسمانی ناگۆڕدرێت. سیستەمی ئێران تێکەڵەیەکی بێهاوتای ئایین و ناسیۆنالیزمە، شەڕەکە یەکی خستوون. ئەمڕۆ ڕژێمەکە توانیویەتی ڕزگاری بێت. تەنانەت کوشتنی سەرکردەکانیش کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە دەستبەجێ جێگرەوەیان بۆ داندران. ئێرانییەکان وانەیان لە شەڕی حوزەیرانی ڕابردوو وەرگرتبوو و خۆیان بەباشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی نوێ ئامادەکردبوو. لە ناوخۆدا بە لایەنی کەمەوە ٢٥٪ بۆ ٣٠٪ی دانیشتووان بە توندی پشتگیری ڕژێم دەکەن کە هێشتا دامەزراوەی زۆر بەهێزی هەیە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکنەخراون و سەرکردەی ناوخۆییان نییە. ناڕەزایەتییەکانیش زیاتر بەهۆی دۆخی ئابوورییەوەیە. لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ قەرەباڵغییەک لەبەردەم بەنزینخانەکان نییە و بازاڕ و دوکانەکان کراوەن، حکومەتی ئێران هێشتا کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەستە."

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی هەناردەی ووزە، كە لە ئەنجامی تەنگژەی گەرووی هورمز دروستبووە، بارزانی دووپاتی کردەوە کوردستان ئامادەیە بۆ چالاکترکردنی بۆرییە نەوتییەکانی کە بەرەو تورکیا دەچن، "ئەمڕۆ عێراق لە ڕێگەی ئێمەوە ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و دەتوانین ئەم بڕە بگەینینە 700 هەزار بەرمیل."

سەبارەت بە هێرشەكانی میلیشیاكانی عێراق كە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەكە دەیكەنە سەر هەرێمی كوردستان گووتی، "بەردەوام جەخت لە ڕاگرتنی ئەو هێرشانە دەکەینەوە کە حکومەتی عێراق هەوڵی پێویست لەو بارەیەوە نادات. لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە 600 جار هێرشمان کراوەتە سەر؛ ئەمە قبوڵکراو نییە. عێراق ناتوانێت سەقامگیر بێت ئەگەر کۆنترۆڵی میلیشیاکان نەکات."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی بەو ڕۆژنامەیەی ڕایگەیاند، "دەمەوێت سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا بکەم کە لە ساڵی (2003)وە یارمەتیدەر بوون لە سەقامگیری ناوچەکەمان و دواتریش پاراستنی بەنداوی موسڵ لە هێرشەکانی داعش. پێم وایە ئەرکەکەیان کۆتایی نەهاتووە. تێدەگەم بۆچی کشانەوە، بەڵام هیوادارم بەم زووانە بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگەکانمان."

سەبارەت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و سەردانی داهاتوویان بۆ ڤاتیکان، گووتیشی، "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠٣وە کە کوردستان بوو بە پەناگەیەکی گرنگ بۆ مەسیحییەکانی عێراق و تەنانەت ئێزدی و سوننە و پێکهاتەکانی تریش. لە شەڕی داعشیشدا لە 2014، میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەمان کرد کە زۆربەیان مەسیحی بوون."

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەبڕی كە چاوی بە پاپای نوێ دەکەوێت و ڕایشگەیاند، "سەبارەت بە حکومەتی ئیتاڵیاش، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری سەردانیان کردووین؛ ئێستا کاتی ئەوەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان پەرە پێ بدەین، بەتایبەت لە بواری پیشەسازییە بچووک و مامناوەندەکاندا."

H

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین