بەهۆی یاسایی وەبەرهێنان بە بەهای (58) ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان كراوە میدیا

نوچە نێت: چرا كوردستانی

بە گوێرەی توێژینەوەكی نوێ بەناوی (پەرتەوازەیی و یەكڕیزی) لە نووسینی ڕزگار چوچانی، لە ماوەی (15) ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە (58) ملیار و (848) ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی جێبەجێكردنی (991) پڕۆژەوە، بەهۆی یاسای وەبەرهێنانی ساڵی (2006) بنەمای یاسایی و هۆكاری ڕاكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان بوو بۆ هەرێمی كوردستان، كە لەسەردەمی كابینەی پێنجەم ئەم یاسایە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرا.

بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان تاوەكو ساڵی (2021)، لە ماوەی (15) ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ساڵانی (2006) بۆ (2021)، قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە (58) ملیار و (848) ملیۆن دۆلار، ژمارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنانیش گەیشتوونەتە (991) پڕۆژەی، کە (85٪)ـی خۆماڵی و (8.66٪)ـی وەبەرهێنانی بیانی و (6.35٪)ـی هاوبەش بووە. 

لە کتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی)، نووسینی ڕزگار ڕەزا چوچانی هاتووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی پێنجەم، پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی ئاراستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، دوای چەند جارێک دانیشتن و گفتوگۆکردنی چڕ لەبارەیەوە لە ڕۆژی (2006/7/4) لە دانیشتنی ژمارە (15)ـی پەرلەمان، پڕۆژە یاساکە بە ناوی یاسای ژمارە (15)ی ساڵی (2006)، (یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان-عێراق) کە لە چواردە بڕگە پێکهاتبوو، پەسەند کرا، هەر لەو ماوەیەشدا چەندین ڕێکەوتنی گەورە و گرینگ لە بواری وەبەرهێناندا واژۆ کران. 

هەر لە کتێبەکەدا هاتووە، کابینەی پێنجەم، بۆ ئاشنابوونی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی وڵاتان، دەستپێشخەریی کردنەوەی دەیان پێشانگای کرد، بە نموونە (2007/1/21) پێشانگای بازرگانی نێودەولەتی کرایەوە کە (120) تا (150) کۆمپانیا لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان بەشدارییان تێدا کرد. لە ئاداری 2007، پێشانگای نێودەوڵیتی هەولێر بۆ کەرەستەی بیناسازی (80) بە بەشداری کۆمپانیا کرایەوە. لە (207/10/29) سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە بەشداری (22) دەوڵەتی عەرەبی و ئەوروپی و ئەمریکیەوە، کرایەوە. لە شاری سلێمانی بە بەشداریی نزیکەی (300)، کۆمپانیا، چوارەمین پێشانگای دووبارە بونیاتنانەوەی عێراق کرایەوە. 

پڕۆژە یاسای وەبەرهێنان، یەکێک بوو لە پڕۆژەیاساکانی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، کە دەرگایەکی نوێی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوەخۆیی کردەوە، تا بتوانن لە کوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. گرنگی ئەم یاسایە لەوە دابوو بۆ یەکەمجار بوو لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک یاسای وەبەرهێنان دابڕێژرێت. لە کتێبی پەرتەوازەیی و یەکڕیزی کە نوێترین بەرهەمی دەزگای نوچە، بۆ توێژینەوەی سیاسی و پەرەپێدانی کلتووری، بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەم یاسایە و گەشەسەندنی کەرتی وەبەرهێنان لە ماوەی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگەی ئاماژەپێدانە، كتێبی (پەرتەوازەیی و یەكڕیزی) لە نووسینی ڕزگار ڕەزا چوچانی، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای نوچەیە، كە لێكۆڵینەوەیەكی شیكاری وردە سەبارەت بە مێژووی كورد و كوردستان، تاوەكو دروستبوونی پەرلەمان و كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە باشووری كوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە