زێڕ بەها بەرزەکەی خۆی لەدەستدا کوردستان- عێراق

نوچە نێت: ژیوار سلێمان سەلكە

لە کۆتا رۆژی هەفتەدا نرخی  یەک مسقاڵ زێڕ دوای بەرزبوونەوەی بۆ بەرزترین ئاست بەشێوەیەک  دابەزی کە بەراورد بە رۆژی پێنج شەمە جیاوازییەکەی (102) هەزار دیناربوو. شارەزایانی بواری زێر هۆشداری دەدەن بە بازرگانان کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و زیاتر لە توانای خۆیان بازرگانی نەکەن لە ئێستادا بازاڕ ناجێگیرە.

ڕۆژی هەینی ( 2026/01/30) نرخی زێڕ لە کۆتایی هەفتەدا و لەگەڵ داخرانی بۆرسەی جیهانی، دوای گەیشتنی نرخەکەی بۆ بەرزترین ئاست کە نزیکبوویەوە لە (5600) دۆلار، بەشێوەیەکی چاوەڕاننەکراو دابەزی، بەجۆرێک کە لە کۆتا ساتەکانی بازاڕدا نرخەکەی (9%) دابەزی، ئۆنسیەکی بە (4894) دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بە پێی داتاکانی بۆرسەی جیهانی نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار (21) بە ملیۆنێک و (804) هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش بە بەراورد بە ڕۆژی پێنجشەمە (102) هەزار دینار دابەزیوە.

حاجی سەعد  جەلال شارەزای بازاڕی زێڕ راگەیاند، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە جۆرێکە لە داڕمانی بازاڕی فۆرێکس ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بازاڕەکە بەوجۆرە دابەزێت، هەروەها ئەو شارەزایە هۆشداری دەداتە بازرگانانی ناوخۆ و جیهانی، کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و لە توانای خۆیان زیاتر بازرگانی نەکەن، چونکە بازاڕەکە ناجێگیرە.

هەر بە پێی شیکارییەکانی ئەم شارەزایە، ئەم دابەزینە هەمان شێوازی دابەزینی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووە، هەر کاتێک بۆ ماوەی نۆ هەفتە نرخ بە بەردەوامی بەرزبێتەوە بۆ هاوسەنگی بازاڕ دەبێت دابەزینێکی گەورە رووبدات، پێشبینی دەکرێت ئەم دابەزینە کاتی بێت و چەند رۆژێک بخایەنێت.

جێگەی باسە ئەم دابەزینەی نرخی زێڕ  دوای ئەوکاتە دەستیپێکرد کە دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کیڤن وارشی پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی ئەمریکای بەربژێر کردووە بۆ جێگرتنەوەی  جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین