تۆم باراك: سەدەیەكە ڕۆژئاوا هەوڵی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و سەركەوتوو نەبووە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت: هیوا جاسم

باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، دەستوەردانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە سایکس-پیکۆوە تاوەکو بەڵفۆر و مەکمەهۆن، تەنیا کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئاماژە بەوەش دەکات لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا، رۆژئاوا (92) جار هەوڵی گۆڕینی رژێمەکانی داوە و هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون.

رۆژی یەكشەممە (1-2-2026) تۆم باراك، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیمانگای میلکن رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی ئەوەیە کە رۆژئاوا هەوڵی داوە مۆدێلی خۆی بەسەر خێڵ و پێکهاتەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بسەپێنێت کە هەزاران ساڵ مێژوو و کولتووری تایبەت بە خۆیان هەیە. دەشڵێت، هێڵمان بە دەوری خێڵ و ناوچەگەلێکدا کێشاوە کە هەرگیز بۆ ئەوە دروست نەکرابوون پێکەوە بن ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا ئەوەیە کە رێگە بدات ناوچەکە خۆی بێت، واتە کۆتایی بە سەپاندنی بڕیار لە دەرەوە بهێنرێت و لەبری ئەوە ناوچەکە بە هیوا و دەرفەتی ئابووری لافاو ئاسا پڕ بکرێت.

تۆم باراك جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە سەردەمی نەخشە کۆنەکان بەسەرچووە و ئێستا کاتی ئەوەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ململانێی خێڵەکییەوە بەرەو گەشەپێدانی تەکنەلۆژی و بونیادنانەوەی داهاتوو هەنگاو بنێت.

لە بارەی دۆخی عێراقەوە باراك دەڵێت، عێراق ناوچەیەکی گرنگە و کەوتووەتە ناو "سەختترین ناوچەی جیهان، بەبۆچوونی ئەو عێراق پێویستی بەوەیە لە چوارچێوەی سەقامگیرییەکی گشتیی ناوچەییدا بژی، کە تێیدا سنوورەکان وەک هێمای ئاسایش و بووژانەوە بن نەک جەنگ. 

دەشڵێت، سەپاندنی نەخشەی دەرەکیی بەسەر عێراقدا وایکردووە کە ململانێ خێڵەکییەکان و کولتوورە ناوخۆییەکان پشتگوێ بخرێن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە عێراقییەکانیش لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکەدا، سەرنجیان بخەنە سەر ئاشتی لە رێگەی گەشەپێدان و تەکنەلۆژیا.

سەبارەت بە سووریا، تۆم باراك باس لە وەرچەرخانێکی گەورە دەکات و دەڵێت: ئیدارەی ئێستای سووریا سەرەڕای ژینگەیەکی زۆر سەخت، کارێکی باش دەکات. پەیامی سەرەکیی ترەمپیش بۆ سووریا ئەوەیە: "گفتوگۆ بکەن و سزاکان لادەبەم.

هاوكات دەربارەی بە هەڵوەشاندنەوەی (یاسای قەیسەر)، باراك گەشبینە کە کۆنگرێسی ئەمریکا "یاسای قەیسەر" هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە ئەو سزایانە دژی رژێمی پێشوو (ئەسەد) بوون و ئێستا بوونەتە بەربەست لەبەردەم وەبەرهێنانی ئەمریکیی لەو وڵاتەدا.

باس لەوەش دەكات کە سووریا خاوەن گەلێکی خۆڕاگرە و دەبێت دەرفەتیان پێ بدرێت. "پلانی ئەمریکا ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە (65) هەزار بەرمیلەوە بگەیەنێتە (500) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

باراك دەڵێت سووریا تابلۆیەکی ئاڵۆزە لە کورد، دروز، بەدەوی، عەلەوی و چەندین دین و مەزهەبی کریستیان و ئیسلامیی، کۆکردنەوەی ئەمانە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا قورسە، بەڵام تەنیا بە گەشەپێدانی ئابووری و لادانی سزاکان دەکرێت ئاشتییەکی بەردەوام بەدی بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین