ترەمپ: لەگەڵ ئێران نەگەینە ڕێككەوتن ئەوا لە مەیداندا وەڵاممان دەبینن ئێران

نوچەنێت: هیوا جاسم

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەڵامی رێبەری باڵای ئێران دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، گەورەترین و بەهێزترین کەشتیگەلی جەنگیی ئەمریکا گەیشتوونەتە ناوچەکە و زۆر لە ئێرانەوە نزیکن، جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا لە مەیدانەکەدا راستییەکان دەردەکەون.

ڕۆژی یەكشەممە (2026/2/1) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە لێدوانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کە هۆشداریدا بوو هێرشی ئەمەریکا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمی، وەڵامی دایەوە و وتی: ئێمە خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین کەشتیگەلی جیهانین لەوێ، زۆر لێیانەوە نزیکن، تەنیا بابەتەکە چەند رۆژێکە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە هیوایان بە رێککەوتنە و ڕایگەیاند، هیوادارین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەو کات تاقی دەکەینەوە و دەزانین کە ئایا قسەکەی ئەو راست دەردەچێت یان نا.

هەر هەمان ڕۆژ، لە وەڵامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: ئێران خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و سەرنجڕاکێشییە؛ لە وانە نەوت، غاز، کانزا دەوڵەمەندەکان و هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی، بەڵام ئەمەریکا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی ئەم وڵاتە بکات، رێک وەک چۆن لە رابردوودا کۆنترۆڵی کردبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە دانوستان دان و چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەنجامەکانی چۆن دەبێت، ترەمپ وتیشی: جاری پێشوو لە دانوستان بووین، بەڵام ناچارکراین دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆردوومان بکەین.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین