داهاتووی ئێران و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان ئێران

نوچە نێت: تایبەت

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

لە دوای شۆڕشی ئیسلامی (1979) ئێران وردە وردە هەوڵی دەدا کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەنگاوی نا وەک پشتیوانیکردنی گرووپە جیاوازەکان لە عێراق، لوبنان و دواتر لە یەمەن. سەرەڕای جیاوازی ئایدۆلۆژی، پشتیوانی لە گرووپە فەڵەستینییەکان کردووە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ باسی لێیانەوە کردووە.

فشارە جیاوازەکانی ئەمەریکا بۆ ئێران

لە چەند مانگی ڕابردوودا فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران زیاتر بووە، ئامانجی واشنتۆن مەرج دانانە بۆ ئێران کە دوور بکەوێتەوە لە چەندین کردار و هەنگاوی ئێستای تاوەکو هیچ بەریەککەوتنێکی ڕاستەوخۆی هێرشکردن ڕوونەدات، دوورکەوتنەوە لە بەرنامەی ئەتۆمی و پاڵپشتینەکردنی گرووپە چەکدارەکان مەرجی سەرەکی ئەمەریکایە بۆ ئێران. 

دوای بوونەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی لە ساڵی ڕابردووەوە و بە تایبەتتریش لەم دواییانەدا سنووردارکردنی پشتیوانی کردنی ئێرانی بۆ گرووپە میلیشیا جیاوازەکان کردووەتە مەرجێکی سەرەکی لە بەرامبەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران.

بەرپرسانی ئێرانیش بە بەردەوامی و بە ئاشکرا داواکارییەکانی ئەمەریکا ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیێنن، "سەروەری نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەبینن و بەردەوام دەبن لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی خۆیان".

شارەزایەکی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "بەهۆی خۆپیشاندانە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە دەسەڵات دابەش بووە لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێویستە بە زووترین کات ئێران و ئەمەریکا وادەیەک دیاری بکەن و دەست بە گفتوگۆکردن بکەن سەبارەت بە پرسە جیاوازەکانیان".

هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، "سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ئاڵەنگارییە ئابووری و فشارە ناوخۆییەکان، ئێران بەردەوامە لە هێشتنەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا و کارکردنی زیاتر بۆ بەهێزکردنی پێگەکەی بە بەردەوامی".

مەرجەکانی ئەمەریکا 

واشنتۆن چوار مەرجی سەرەکی بۆ ئێران داناوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دانووستاندن و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، ئەوانیش بریتین لە وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، پێدانی هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراوەکان، هەڵوەشاندنەوەی مووشەکی بالیستیکی و کۆتایی هێنان بە پاڵپشتی کردنی گرووپە جیاوازەکان.

لە بەرامبەردا، ئێران بە تووندی هەموو ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە کە پەیوەندی بە هێرشەکانی سەر ستاف، هێزەکان و دامەزراوەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا هەبێت و ڕایدەگەیێنێت، "وڵاتەکەیان هەنگاوی لەم شێوەیە ناهاوێژێتت و هەر گوتەیەکی لەم جۆرە لەلایەن ئەمەریکاوە بەبێ بنەما و ناڕاست دادەنێت".

ئێران چی دەکات؟!

چەند سەرچاوەیەکی جیاواز ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، "ئێران هەمیشە وایدادەنێت کە وەک دەوڵەتێک کار دەکات کە دامەزراوە چەسپاوە گرنگەکانی هەیە و بە ئاسانی ناتواندرێت هێرشیان بکرێتە سەر، پەلامار بدرێن یان بە نەرێنی باسیان لیوە بکرێت".

هاوکات چەندین لێكۆڵەرەوەی سیاسی جەخت دەکەنەوە لەوەی، "ئێران شێوازی پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی گۆڕیوە و لەم دواییانەدا زیاتر کار لەسەر شارەزایی سەربازی و تەکنیکیان دەکات بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیا جیاوازەکان لە لوبنان، یەمەن و عێراق خۆیان توانایان هەبێت چەک بەرهەم بهێنن و داهاتی خۆبژێوی خۆیان هەبێت تاوەکو زیاتر بەهێز بن و لە داهاتوودا بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن بۆیە لە ئێستادا گرووپەکان توانا سەربازییەکانی خۆیان پەرە پێداوە و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە سەرچاوەکانی خۆیان بەکار بهێنن لە ناو خاکی ئەم وڵاتانەی کە تێیدان و سەرچاوەی جیاوازی سەربازی و داراییان هەبێت سەرەڕای پشتیوانییە بەردەوامەکانیان.

دەرئەنجام ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئێران ئامانجییەتی زیاتر ئەم گرووپانە وەک ئەکتەری سیاسی و سەربازی بەکاربهێنێت لە ناوخۆیی وڵاتانی تر و بەردەوام پاڵپشتییان دەکات چونکە ئاگادارە لە توانا جیاوازەکانی وڵاتانی زلهێز و بە تایبەتیش ئەمەریکا کە لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەکانیاندا سوود لە تەکنەلۆجیا و کەرتە جیاوازەکان وەردەگرن بۆیە ئێران دڵنیاییە لەوەی کە توانای سنووردارە و پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی یاخود بەرگریکردن لە وڵاتەکەی.

سەرچاوە: ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین