ئێران و ئەمەریکا دەست بە دانووستاندنیان دەکەنەوە ئێران

نوچەنێت: سنوور یاسین

ئەمەریکا و ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆکردن دادەنیشن، لە جێگرەوەی هەڕەشە و هێرشکردن، شێوازی دیپلۆماسی هەڵدەبژێرن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەکەن. سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "تاران دەیەوێت دوور بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/2/4) ماڵپەڕی (News 18) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا و ئێران دەست بە دانووستاندن دەکەن و تاران ئامانجییەتی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و هێرشکردن بە دوور بگرێت، شێوازی دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و هێرشنەکردنە سەر وڵاتەکەی". ئێرانیش لە زاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ڕایگەیاند، "ئامادەی دانیشتنی ڕاستەوخۆن لەگەڵ ئەمەریکا و هەماهەنگی تەواو بۆ ئەم مەبەستە دەکەن".

بە گوێرەی ئاژانسە بەناوبانگەکان، "هەنگاونان بەرەو شێوازی دیپلۆماسی لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکادا گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا لە لایەک و ئێران لە بەرامبەردا بەهۆی ئەوەی مانگی ڕابردوود جەندین جار دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دا لە هێرشکردنە سەر ئێران و بەردەوام هەڕەشەی سەربازی دەکرد".

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "دەبێت ئێران ڕێککەوتن بکات و بگاتە ئەنجامی کۆتایی". لە بەرامبەردا سەرکردەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە، "ئامادەن دانووستاندنێک بکەن کە دادپەروەرانە بێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا". 

هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا، میسر و سعودیە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمەریکا، بڕیارە ئەم دوو وڵاتە لەسەر داوای ئێران ڕۆژی هەینی (2026/2/6) کۆببنەوە. ئەگەرچی بڕیاربوو چەند وڵاتێکی عەرەبی چاودێری کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام ئێران ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە دانووستاندنەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە بەڕێوەبچێت و تەنیا شاندی هەردوولا بەشدار بن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین