ڕاوێژکاری سوودانی: دۆخی دارایی عێراق جێگیرە و هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نافەوتێت کوردستان- عێراق

نوچەنێت

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە پارەی مووچەی ئەم ساڵ دڵنیایی بە هاووڵاتیان دەدات و ڕایگەیاند، دۆخی دارایی عێراق جێگیرە و پارەی هەموو مووچەکانی ئەم ساڵ دابین دەکرێ، هەروەها دەشڵێت، دواکەوتنی مووچە تەنیا پەیوەستە بە رێکارە تەکنیکییەکانەوە.

ئەمڕۆ شەممە (2026/2/7) موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بۆ مووچەی ساڵی (2026) دڵنیایی دەدات و رایگەیاندووە، هەر دواکەوتنێکی سنووردار لە دابەشکردنی مووچەدا رووبدات، بە واتای قەیرانی دارایی نایەت، هەروەها نیشانەی کورتهێنان لە سەرچاوە داراییەکان یان پاشەکشە لە پابەندییەکان نییە.

راوێژکاری دارایی سوودانی هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەخاتەڕوو دەڵێت، هۆکاری هەر دواکەوتنێک بۆ هەندێک رێکاری سەبارەت بە دواکەوتنی رێکخستنی و کارگێڕیی کاتی دەگەڕێتەوە کە تایبەتن بە میکانیزمەکانی خەرجکردن و بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکان.

موزهر محەممەد ساڵح ئاماژە بەوەش دەکات، پارەی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و دەرماڵەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لە چوارچێوەی دارایی پەسندکراودا دابین دەکرێ، هەروەها ڕایدەگەیێنێت، بنەمای گشتی ئەوەیە خەرجکردنی مووچە بەردەوام بێت. ئەگەر هەندێکجاریش جیاوازیی کات لە دابەشکردنی هەندێک وەزارەت رووبدات، ئەوە کارناکاتە سەر دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی و توانای وڵات بۆ دانی شایستەکان.

لەدرێژەی قسەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە، دۆخی دارایی جێگیرە و حکومەت کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی نەختینە بە شێوەیەک کە بژێوی مووچەخۆران و خانەنشینان پارێزراو بێت و هەر دواکەوتنێکیش نەهێڵدرێ، چونکە دابینکردنی مووچە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتە.

لەلایەکی دیکە جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو بابەتە  دەڵێت، عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام لە پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت. هەروەها عێراق ئەگەر بگاتە ئەو رادەیەی دەست ببات بۆ پارەی یەدەگی بانکی ناوەندیش، هەر مووچە دەدات.

ئەو ئەندام پەرلەمانە هۆشداریش دەدات لەوەی دۆخی ئێستای عێراق دژوارە، بەڵام پێشتریش لە کاتی شەڕی داعش و سەردەمی کۆرۆنا کە نرخی نەوت بۆ (20) دۆلار دابەزی، حکومەت هەر بەردەوام بوو لە پێدانی مووچە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین