ڕووسیا دامەزراوە گرنگەكانی ئۆكراینا بۆردوومان دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ئۆکراینا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانە گرنگەکانی وڵاتەکەیان کراوەتە ئامانج. وەزیری وزەی ئۆکراینا دەڵێت، "بەهۆی هێرشەکانەوە لە سەرانسەری وڵات کارەبا پچڕاوە".

ڕۆژی شەممە (2026/2/7) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، ئۆکراینا ڕایگەیاند، "لە هێرشێکی فراوانی ڕووسیادا دامەزراوە گرنگەکان زیانی زۆریان پێگەیشتووە و بەردەوامە لە زیان گەیاندن بە ژێرخانە گرنگەکان". هاوکات دینیس شمیهال، وەزیری وزەی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "وێستگەکانی کارەبا و هێڵەکانی (750) کیلۆ ڤۆڵت و (330) کیلۆ ڤۆڵت کە بە بڕبڕەی تۆڕی کارەبای وڵاتەکە دادەندرێن مەترسی هێرشکردنە سەریان لەسەرە، بونیاتنانەوەی هەموو ئەو زیانانە کاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت". 

وەزیری وزەی ئۆکراینا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "لە ئەنجامی هێرشەکانەوە بەرهەمی وێستگەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە کەمکراوەتەوە و لە سەرانسەری وڵاتدا کارەبای گشتی پچڕاوە". 

لە بەرامبەردا دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ڕووسیا تا ئامادەکاری ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکی فەرمییان دەربارەی هێرشەکە نەداوە. ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا چەندین جار باسی لە بەردەوامی جەنگەکە کردووە تاوەکو ئۆکراینا ڕازی نەبێت بە مەرجەکانی.

جەنگی ئەم دوو وڵاتە نزیک دەبێتەوە لە چوار ساڵ، پێشتر ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کاردانەوەی پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە ڕایگەیاندبوو، "ئۆکراینا لە دۆخێکی سەختی مێژووییدایە و بەردەوام داوای پشتیوانی لە وڵاتان دەکات". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین