داوا دەكرێت گومرگی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی هایبرێد لەعێراق لە (15%)ـەوە بکرێتە بۆ (5%) ئابووری جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ، نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران دەکات و تێیدا چەند خاڵێکی تایبەت بە گومرگ پێشنیاز دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە (9/2/2026) هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پێناسی نوێی گومرگ نووسراوێکی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، کە سێ خاڵ لەخۆدەگرێت، لە خاڵی یەکەمدا دەڵێت، دەبێت پێداچوونەوە بە پێناسی گومرگی بکرێ، بۆیە یەکەمى پێشنیازەکە ئەوەیە بۆ (90) ڕۆژ جێبەجێکردنی بڕیاری (957)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوابخرێ، کە مێژووی ئەو بڕیارە بۆ (28/10/2025) دەگەڕێتەوە، ئەوکات لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراقەوە دەرکرا و تێیدا گومرگى هەندێک لەکاڵا هاوردەکراوەکان زیاد کرا، بە جۆرێک هەندێکیان دەگاتە 30%..

بە گوێرەی نووسراوەکە، لە خاڵی دووەمدا دەبێت بەشێک لە گومرگى کاڵاکان کە لە ڕێگای سنوورەکانەوە دەخرێتە بازاڕەکانی عێراق بکرێتە 5% تاوەکو بە نرخێکی گونجاو بفرۆشرێنەوە، سێیەم خاڵی پێشنیازکراویش ئەوەیە کە چاو بخشێندرێتەوە بە گومرگی ئۆتۆمبێلی هایبرید، بە تایبەت کۆمپانیا چینییەکان، کە ئەم ماوەیە فرۆشیارەکانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە دەستیان بەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێلدا گرتووە، بە پێی نووسراوەکە گومرگی کۆمپانیاکان دەبێت لە (15%)ـەوە بکرێتە(5%.). 

شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە "ڕووداو"ى ڕاگەیاند، نووسراوەکەى سەرۆکى پەرلەمان لەسەر بنەماى دوو دانیشتنى پەرلەمان بووە کە لە رۆژانى (10) و (11)ـى کانوونى دووەم بە میوانداریکردنى سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ بۆ تاوتوێکرنى پرسیى پێناسى نوێى گومرگ ئەنجامدرا. 

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە (10/2/2026) لەپێناو زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی جێبەجێکردنی 6 بڕیار بکات کە لە 2025 و 2026 دەرکراون، پێشبینیش دەکرێت، پرسی پێناسى نوێی گومرگ یەکێک بێت لەم بڕیارانەی کە تاوتوێ دەکرێن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین