پەرلەمانی عێراق سبەی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵنابژێرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وا بڕیارە سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە، لەكارنامەی دانیشتنەكە سێ بڕگە تاوتوێ دەكات، هاوكات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن".

ڕۆژی سێشەممە (2026/2/10) ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەی پەرلەمانی عیراقی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی کارنامەکە، "سێ بڕگەی سەرەکی لە کۆبوونەوەکەی سبەی تاوتوێ دەکرێت و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییە". لە پەراوێزی ڕاگەیاندنی پرۆژەی (ئی پسوولە)ـــی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق و ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی کرد بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک لە نیوانیاندا، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "دەربارەی پرسی سەرۆک کۆمار تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونە ڕێککەوتن و هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە".

بە گوێرەی کارنامەی دانیشتنی ژمارە هەشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، "کۆبوونەوەکەی بەیانی کاتژمێر (11)ــی پێش نیوەڕۆ دەست پێدەکات و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە و بڕیاردان لەسەر ئەو تانانەی سەبارەت بە ڕاستی و دروستی ئەندامێتیی هەندێک لە پەرلەمانتاران پێشکەشکراون تاوەکو لێكۆڵینەوەی بۆ بکرێت".

هەر بە گوێرەی کارنامەکە، "بڕگەی دووەم بە ئامادەبوونی وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری، و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەو زیندانیانە دەکرێت کە بۆ عێراق گوازراونەتەوە".

هاوکات لە بڕگەی سێیەمدا، "دەرگای گفتگۆکردن کراوە دەبێت بۆ پەرلەمانتاران لەسەر بابەتە جیاجیاکان و هەر پرسێکی ئامانجییانە باسی لێوە بکەن".

سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و تاوەکو ئێستا لایەنە کوردستانییەکان بە تایبەتی دوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان کە یەکێتی و پارتین نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرێک لە نێوانیاندا.پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین