پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق : بەهای دۆلار هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت ئابووری جیهان

نوچەنێت

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی بەرزی و نزمی نرخی دۆلار رایگەیاند، نرخی دۆلار جێگیرەو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، بانکی ناوەندی نیگەرانی هیچ کێشەیەک نییە لە یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی و بەردەوامە لە پێدانی دۆلار.

ڕۆژی سێشەممە (2026/2/10) عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی پرۆژەی (ئی پسوڵە) لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی، یەکێک لە پایە ستراتیژییە گرنگەکانی پرۆسەی چاکسازی ئابووری و دارایی بریتییە لە پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و رۆیشتن بەرەو ئابورییەکی دیجیتاڵی، کە خزمەت بە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکات.

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، پشتبەستنی زۆر بە پارەی کاش چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابورییەکی مۆدێرن ناگونجێت، بنیاتنانی سیستەمێکی دارایی پێشكەوتوو پێویستی بە سیستەمی ئەلیکترۆنی پارێزراو و خێرا و شەفاف هەیە کە بەشدارە لە بەهێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی و پشتگیریکردن لە سەقامگیری دارایی.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەمەشی خستەڕوو، ئەم ساڵانەی دوایی شایەتی پێشکەوتنی بەرجەستە بووە لە ژێرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی فراوانکردنی بەکارهێنانی کارتی بانکی و جزدانی ئەلیکترۆنی، هەروەها زیادبوونی ژمارەی خاڵەکانی فرۆشتن لە دامەزراوە حکومییەکان و بازاڕە بازرگانییەکان، ئەمە جگە لە خستنەبازاڕی سیستەمی گواستنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی کە بەدرێژایی کاتژمێر کاردەکات.

لەبارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان عەلی عەلاق دووپاتی کردەوە، پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق بەبێ هەماهەنگی و یەکگرتن لەگەڵ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان تەواو نابێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم کاردەکەین بۆ یەکخستنی سیستەم و ستانداردە تەکنیکییەکان و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی حکومەت و بانکەكان. 

هەروەها پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق دڵنیایی دەدات لە بەرزی و نزمی نرخی دۆلار و دەشڵێت، نرخی دۆلار جێگیرەو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، بانکی ناوەندی نیگەرانی هیچ کێشەیەک نییە لە یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی و بەردەوامە لە پێدانی دۆلار.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین