ئەنجومەنی وەزیران: ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کوردستان- عێراق

نوچەنێت

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجامدا، ڕایگەیاند، "داوا لە سەرۆکایەتیی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان  بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە (2026/2/11) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و ڕایگەیاند، "داوا لە سەرۆکایەتیی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان  بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە". هاوکات ئەنجومەنی وەزیران، "دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، "دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی (11)ـی (2024) ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە (14.1٪) دەستنیشان کرا. ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی".

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان (%14.1)ــە".

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە، "حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە (%14.1)ــە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی".

لە ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمدا هاتووە لە بڕگەی دووەمی کارنامەی دانیشتنەکەدا، "گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی (132)ــی دەستوور و یاسای ژمارە (10)ــی (2025)ـی هەمواری یاسای زیندانییانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو".

لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی (132)ــی دەستوور ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووری حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین