شاندی ئیمراڵ لەگەڵ دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبنەوە تورکیە

نوچەنێت

شاندی ئیمراڵی دەم پارتی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبنەوە و باس لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆدەنگی لایەنەکان لە بارەی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی چارەسەری ئاشتی دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2026/2/11) ماڵپەڕی (میللەت) بڵاوی کردەوە، هەریەک لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی وەک ئەندامانی شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ پێش نیوەڕۆ سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا دەکەن و لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبنەوە، هاوکات شاندی ئیمراڵی دوایین جار لە (30)ـی تشرینی یەکەم لەگەڵ ئەدۆغان کۆبوونەوە و لە ڕاگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، "خۆشحالین بەوەی کە وەک هاوپەیمانی پرۆسەی ئاشتی لە لێکتێگەیشتنێک و ڕێککەوتنێکی هاوبەشداین لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان."

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبووەوەکەی ئەمڕۆ، هەنگاوەکانی بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و دوایین پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت تاوتوێ دەکرێ، تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبووەیە گرنگیدان بە هاودەنگی و رێککەوتنی لایەنە سیاسەیەکانی تورکیایە بۆ ئەوەی هەموویان بە کۆدەنگی بڕیار لەسەر پەسەندکردنی تەوەرەکانی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی چارەسەری پرۆسەی ئاشتی بدەن، چونکە دەنگدان بەم راپۆرتە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی پرۆسەکە و دەرفەتێکیش بۆ جێبەجێکردنی ڕێسای سزای نوێ تایبەت بە چەکدارانی پەکەکە و دەرکردنی چەند یاسایەکی تایبەت بۆ گەرانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ تورکیا دەبێت. 

هاوکات، هەفتەکانی رابردوو شاندی دەم پارتی سەردانی لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایان کرد، ماوەیەکی باشە چاوەروان دەکرا کۆبوونەوەی سەرۆکی تورکیا و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی بەڕێوەبچێت، هەروەها ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی پەرلەمان داوایین کۆبوونەوەی ئەنجام دەدات بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی و پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات لەبارەی دەرکردنی چەند یاسایەک پەیوەست بە "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر" هەر وەک حکومەتی تورکیا ناوی دەبات.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین