پزیشکیان: ئامانجی ئێران بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم نییە ئێران

نوچەنێت

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، ئامادەن ڕێگە بە لێکۆڵەرەوان بدەن لێکۆڵینەوە و بەدوداچوون بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بکەن".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/2/11) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "ئێران لە هەنگاوەکانی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاشەکشە ناکات چونکە ئامانجی بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی نییە". سەرۆک کۆماری ئێران دەشڵێت، "سوپاسی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە دەکات کە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و ئەمەریکا و ئەوروپا ڕێگەنادەن گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و زۆربەی کات بێ متمانەیی دروست دەکەن".

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "ئاماجییانە چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە بۆ کێشە و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتییان". هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، "ئامانجی تاران دوورکەوتنەوەیە لە ململانێی ناوخۆیی جونکە پێویستی زۆریان بە یەکڕیزی هەیە لە نێو وڵاتدا". ڕایگەیاند، "وڵاتان هەوڵ دەدەن دەرفەت لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێران وەربگرن لەبەرئەوەیە پێویستە هەموو لایەک بەرگری لە وڵات بکەن".

بە گوتەی مەسعود پزیشکیان، "بەهۆی فشارە جیاوازەکانی وڵاتانی دەرەوەی ئێران کێشە ناوخۆییەکانی ئێران پەرە دەسێنێت، حکومەت و کاربەدەستان هەوڵ دەدەن خۆپیشاندانەکان هێور بکەنەوە و دۆخی وڵات بەرەو ئارامی هەنگاو بنێت."

ئەم گوتانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، "دانووستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا ئەنجام دراوە، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "گفتوگۆکان باش دەبێت ئەگەر ئێران ئامانجی ئاشتی بێت". هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە دانووستاندنەکاندا، "تەنیا باس لە پرسی ئەتۆمی بکرێت و هیچ پرسێکی تر باسی لێوە نەکرێت". 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین