ژن و زمانی دایکی توێژینەوە

توێژینەوە..

نووسین : شنە دروودگەر
 سەرچاوە : http://yeksani.com 

ژنان دەنگی شاراوەی کۆمەڵگان. مەبەست لە شاراوەیی ئەوەیە کە لە راستیدا هەموو دەنگی مرۆڤایەتی لە ژنانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەبێ ئەوەی خۆی لە ئارادا بێ و ڕۆڵی دیاری ببێ. پێوەندیی زمان و ژنان، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر بووە هەر بۆیە پێشینیان لە یەک زاراوەدا هەموو بابەتێکیان ڕاست کردۆتەوە. "زمانی دایکی" زاراوەیەکە سەلمێنەری ڕاستەقینەیی ئەو پێوەندی و هەڵپێکانە مێژووییەیە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە فەیلەسوف و بیرمەندەکان پیاوان بوون دەبوا بگوترایە "زمانی باوکی"
 

لە چاخی ئیستەدا بەهۆی تیکنۆلۆژی و گۆڕانی باری ژیان، ئاڵوگۆڕ لە پەیوەندیی زمانی ژناندا پێکهاتووە، ئاڵوگۆڕەکە لە ڕاستیدا نەرێنییە و هەموو دەستکەوتە زمانەوانییەکان و هەروەها پێوەندیی ژن و زمان و کۆمەڵگا لە سەر هێڵی ڕاستەقینەی خۆی دەرچووە. بەکورتی تەکنۆلۆژیی زمانی لە دەست خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی کە ژنانە، سەندووە و پرۆسەی داوەتە دەستی ئامێرەکان.
 

خەسارەکانی لێکدابڕانی زمان و ژنان تەنیا بەشێکی پێوەندی بە زمانەوە هەیە. بەشی هەرە زۆری پێوەندی بە ئەو خسڵەت و تایبەتمەندییە ڕەفتاری، هەڵسوکەوت و ئاکارگەلەوە هەیە کە لە ڕەوتی بەخێوکردنی کۆرپەلەدا لە دایکەوە ئەگوازێتەوە بۆ منداڵ.
 

پرسی زمانی دایکی پرسێکی ئاڵۆزە، ڕاستە کە مرۆڤ (ژن و پیاو) بوونەوەرێکی وتەبێژە (ناطق) و ئەو تایبەتمەندییە ئەوی لە زیندەوەران  و ئاژەڵان جیا کردۆتەوە، بەڵام بەپێی توێژینەوە زانستییەکان ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە ژنان پەرەپێدەری زمان و گەشەی ڕێزمان بوون. هەروەها بەشێ هەرەزۆری پێکهاتەی زمان بەشکۆی ژنانە. میسۆن سەبارەت بە سەرەتاکانی "زمانناسی"ی ژن دەنووسێ: "ژنان کە ڕۆژانە و هەموو ڕۆژێک دڵەخورپێی هونەرگەلی پیشەیی جوراوجۆر بوون و تێدەفکران کە دەبێ زمانی ئەو هونەرەش درووست کەن و گەشەی پێبدەن... هەر وەک میکزیکییەکان دەڵێن "هەر ژنێك باشترین وشەدانە". ئەو وتەیە لە ڕاستیدا بەهۆی تێگەیشتنی خەڵکی خۆماڵی ئەو دەڤەرەوە بووە کە لە سەدەکانی ڕابردوودا ژیاون. پیاوانی ناشارستانی بەهۆی ئەوە کە لە کاتی ڕاوکردن و ڕاوەماسیدا، دەبوا بێدەنگ و ئارام بوایەن، هەر بۆیە کەم قسە دەبوون؛ بەڵام ژنان بە پێچەوانە (لە ماڵەوە) پێکەوە بوون و تەواوی ڕۆژ پێکەوە قسەیان دەکرد. ژنان لە ئیستەشدا بێ ئەوەی لە ناوەندگەلی فەرهەنگیدا بن، باشترین وشەدان، باشترین وتەبێژ و باشترین نامەنووسن (رید، ایولین، مادرسالاری، ص 231). دوای تێپەڕاندنی کۆمۆنە سەرەتاییەکان و یەکجارنشینیی مرۆڤەکان ئیتر بەرەبەرە کار و ئەرکەکانی ژن و پیاو دابەش بوو. ژنان بەهۆی دووگیانی و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵانی دیکەی دەبوا لە ماڵ دانیشتبان و پیاوان خۆراکیان دابین کردبان. ژنان بەهۆی کەم جووڵەیی، مانەوە لە ماڵەوە و ... هەموو وزە و ئینرژیی خۆیان بە قسەکردن دەربڕیوە. منداڵان کە لە داوێنی ژناندا پەروەردە ئەبوون، بەشێکی زۆر لە زمان، ئاکار و ڕەفتاری دایکیان پێگەیشتووە. بەپێی ئەو داتاگەلە  بۆمان ئەسەلمێ کە لە سەرەتادا پیاوان وەک ژنان ڕۆڵیان لە گەشەی زماندا نەبووە و ئەوە ژنان بوون کە هۆکاری گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی (بازتولید) زمان بوون. دواتر لە قۆناخەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤایەتیدا هەموو بیرمەند، فەیلەسووف و پێغەمبەرەکان پیاوان بوون. لە وەها هەلومەرجێکدا بێ ئینسافییە ئەگەر ڕۆڵی شاراوەی ژنان لە پێگەیاندنی پیاواندا کەم بنرخێنین. باروون کۆهەن فمنیست و دەروونناس پێی وایە کە ژن و پیاو خاوەن دو تایبەتمەندیی جیاوازن."پیاوان زیاتر تێدەفکرێن و کەمتر قسە دەکەن بەڵام ژنان بە قسەکردن هەستی خۆیان دەردەبڕن". (کوهن، بارون، زن چیست مرد کیست).
 

ڕەگەزایەتی بوونی زمان بە درێژایی مێژوو ڕوانگە و جۆری بیرکردنەوەکانی ژنان و پیاوانی گۆڕیوە و تەنانەت ئەتوانین بڵێین زمانی مرۆڤایەتی دو زمانی جیاوازە: زمانی ژنان و زمانی پیاوان. پیاوسالاریی ڕەها و توندوتیژیی دژی ژنان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی زمان و شارستانییەت داناوە. هەر ناوچەیەک وێژمانی پیاوسالاری بە دوور لە بەشداریی ژنان زاڵ بووبێ، ئەوا شەڕ و پێکدادان و ماڵوێرانی سەری هەڵداوە. زمانی ژنانە و بیری ژیانە دژ بە پێکهاتەی بنەماڵە و کۆمەڵگا جۆرێک تاکڕەهەندی بیرکردنەوەی پیاوانەی زاڵ کردووە. کیبوتس، دایەنگەی منداڵان، باخچەی ساوایان و لە هەمووی خراپتر، ئامێرگەلی خڵاواندنی منداڵ وەک تیڤی، تەبلێت، موبایل، دەزگای (نەرمەواڵەکانی) ئەپلیکەیشتنی و ... هەر هەمووی لە درووستکردنی بۆشایی نێوان دایک و منداڵدا ڕۆڵی شوێن دانەری هەیە. منداڵان لە جیاتیی ئامێزی گەرمی دایک و ئاڵوگۆڕی شەپۆلی خۆشەویستی، بابەتی وشک، ناپێویست، ناڕەسەن و دوور لە ئادابی قۆناخەکانی منداڵی و ... فێر ئەبن. منداڵ و دایک بەهۆی ئەو بۆشاییەوە تام و چێژی ژیان و پێوەندییە مەعنەوییەکان هەست پێ ناکەن. لە چاخی ئێستادا منداڵ، سەرەتا تووشی درمی نەبوونی پێوندی و پاشان فێرنەبوونی زمانی دایکی و لە ...

 

... سەقەت و تووڕەیە. منداڵانی ئیستەلە بارەی وشە و زاراوەوەی دایکییەوە هەژار و کەمزانن . بەزەیی، میهرەبانی، خۆشەویستی لەو زمانە سەقەتە نوێیەدا کەمتر بەدی ئەکرێ. زۆرێک لە خاوەن ڕاکان دەڵێن هەموو دایکێک ئەتوانێ دایک بێ، بەڵام هەموو دایکێک ناتوانێ ڕاهێنەر بێ .

ئەوان جۆرێک دنیای نوێ و مودیڕن بە وەرچەرخان و دەسکەوتی ئەرێنی ئەزانن. لە ڕاستیدا بەشێک لە بۆچوونی نوێخوازان زانستییە بەڵام بەشەکەی دیکە بەو جۆرە نییە کە وا بیری لێ ئەکرێتەوە. بۆ نموونە، هیچ ژنێک ناتوانێ جیگای دایک بۆ منداڵ پڕ بکاتەوە. پەروەردەکردنی منداڵان لە دایەنگەکاندا پەروەرەدەیەکی فەرمی و پادگانییە و منداڵ ئەو سۆز و ئەوینە ڕاستەقینەی دایکانە نابینێ و تامی ئازادی ناچێژێ. ئەو وتەیە بە مانای ڕەدکردنەوەی نوێگەری نییە و بەڕاستی هەموو دایکێك ناتوانێ ڕاهێنەر بێ.

سەبارەت بە ئێران، باسەکە جیاوازترە. ئێمەی کورد هێشتا ناتوانین لە زمانی خۆمان لە خوێندنگەکاندا کەڵک وەربگرین. هەر بۆیە لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەدا منداڵان تووشی قەیرانی شوناس ئەبنەوە. منداڵی کورد ئەگەر لە ئامێزی دایکدا چەندین وشە فێر بووبێ، لە باخچەی ساوایاندا ڕووبەڕووی زمانێکی نوێ و نامۆ ئەبێتەوە کە زمانی فارسییە. منداڵ هەر لە سەرەتای ژیانەوە تووشی شڵەژانی هزری ئەبێتەوە و لە نێوان زمانی دایکی و زمانی فەرمیدا بە دوودڵی و هەڵپەسێردراوی ئەمێنێتەوە.لێرەدایە کە بۆمان ئەسەلمێ کە زمانی دایکی وەکوو شیری دایک بۆ منداڵ پێویستە و  شناژی کەسێتی مرۆڤ هەر وەک فرۆید ئەڵێ کە تا پێنج ساڵان بنج ئەبەسێ، ئەگەر بەشداری ڕاستەوخۆی دایک و زمانی دایکی تێدا ڕەچاو بکرێ ئەوا بنەماکانی پەروەردە پتەو ئەبێ.

 

سەرچاوەکان

ــ رید،ایولین.زن در گسترەی تاریخ.مادر سالاری.ترجمە افشنگ مقصودی.نشر گل آذین.1390

ــ کوهن،بارون. مرد کیست زن چیست

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین