بەریتانیا : ئێران پشتیوانی لە بکوژانی چالاکانی عێراقی دەکات ئێران

نوچه‌نێت

ستیفن هیکى، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لەمیانەی دیمانەیه‌کدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "ئەلعەرەبیە" گوتی ئەو کەسانەی چالاکوانە عێراقییەکان تیرۆر دەکەن، لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لەو کەسانە کردەوە کە دەستیان هەیە لە کوشتنی چالاکان و ڕۆژنامەوانانی عێراقدا.

ستیفن هیکى وێرای جەختکردنەوە لەوەی که‌ ئێران پشتیوانی لەو گرووپە میلیشیانە دەکات کە چالاکانی عێراقی دەکوژن، گوتی "پێویستە هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستێوەردانی ئەو دۆخە بکەن".

هیکی لەو دیمانە کورتەدا وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە لێپرسینەوە لە بکوژان بکات و سزایان بدات، گوتی "بەریتانیا زانیارییەکانی خۆی لەو بوارەدا ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکات".

باڵیۆزی بەریتانیا، گوتی "لەندەن لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لەگەڵ حکومەتی بەغدا هاوکاری دەکات".

چەند کاتژمێر دوای ناشتنی تەرمی ئەیهاب وەزنی چالاکوانی ناسراوی عێراقی، کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە لایەن چەند چەکداری نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵی خۆی لە کەربەلا تیرۆر کرا، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا وێرای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە، جەختی لەوە کردەوەرڵاتەکەی بە توندی دژی بەئامانجگرتنی چالاکوانە عێراقییەکانە.

هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراقیش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک وێرای ئیدانەکردنی تیرۆری وەزنی گوتی، "کپکردنی دەنگە ئازاد و سەربەخۆکان بە کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی، جێگای قەبووڵکردن نییە".

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش جەختی کردەوە ئەو تاوانبارانەی لە تیرۆری یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە چالاکەکانی کەربەلا دەستیان هەبووە، سزا دەدرێن.

جێگای ئاماژەیە کە تیرۆرکردنی ئەیهاب وەزنی هۆگران و لایەنگرانی "شۆڕشی ئوکتۆبەر"ی تووڕە کرد. لایەنگرانی بزووتنەوەی ناسراو بە "شۆڕشی ئوکتۆبەر" کە لە ساڵی ٢٠١٩وە سەری هەڵدا، بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانێکی بەربڵاوەوە داوایان کرد کۆتایی بە تیرۆری چالاکانی عێراق بهێنرێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "فەرەنسا"، دوای تیرۆرکردنی وەزنی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە ناسریە، دیوانیە و شارەکانی تری باشووری عێراق بەڕێوە چوو.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین