ئێران و ئەمەریکا هەڕەشە لە یەکتر دەکەن ئێران

نوچەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا لە ماوەی کەمتر یان زیاتر لە (10) ڕۆژدا هێرش دەکەنە سەر ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "ئێران ئامادەی وەڵامدانەوەیە".

ڕۆژی هەینی (2026/2/20) ماڵپەڕی (ئێم ئێس ئێن) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەگەر ئێران بە ڕێککەوتن ڕازی نەبێت شتی خراپ ڕوودەدات و لە ماوەی (10) ڕۆژدا ئەمەریکا هێرش دەکاتە ئێران". پێناچێت لە دوو گەڕێ دانووستاندا ئەم دوو وڵاتە گەیشتبە هیچ ئەنجامێک.

هاوکات ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش کرد، ڕایگەیاند،  "ئێران ناڕازییە بەرامبەر بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ". هەروەها ، "داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی هەڕەشەکانی ئەمەریکا بەکارهێنانی هێز لە بەرامبەردا ئێراندا".

لە لایەکی ترەوە، بنیامین ناتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران دۆخەکە خراپتر دەبێت".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "وڵاتەکەیان ئامادەیە وەڵامی هەر کردەوەیەکی دەستدرێژی بداتەوە، وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و بەهێزیان دەبێت بۆ هەر دەستدرێژییەک چ لەسەر زەوی، ئاسمان یان دەریای بێت".

کۆتایی ئەم هەفتەیە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا چەند كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگر، دەیان كەشتی جەنگی دیكە و زیاتر لە (100) فڕۆكەی جەنگی هێرشبەر نێردرانە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەوەی پێناچێت دوو گەڕی دانووستاندنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمەریکا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنێ لێکەوتبێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین