ئەمەریکا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سووریا دەکاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ئیدارەی ترەمپ کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە کە پلانی هەیە بۆ بەردەوام بوونی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دوای ئەوەی زیاتر لە (14) ساڵە داخراوە.

ڕۆژی شەممە (2026/2/21) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، کۆنگرێس ئاگادار کراوەتەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئامانجییەتی قۆناغ بە قۆناغ هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سووریا، بەڵام کاتێکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی فەرمی باڵیۆزخانەکە دیاری نەکراوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکان تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا هەوڵی ئاشتبوونەوەیەکی قووڵی نیوانی ئەمەریکا و سووریای داوە دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆک کۆماری سووریا هەڵبژێردراوە و داکۆکی لە لابردنی سزاکانی ئەمریکا و تێکەڵکردنەوەی سووریا بە کۆمەڵگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردووە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، باراک سەردانی دیمەشقی کرد و ئاڵای ئەمەریکای لە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا هەڵکرد ئەگەرچی هێشتا باڵیۆزخانەکە بە فەرمی نەکرابووە و ڕایگەیاند، "ستایشی بڕیاری سووریا دەکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانیی  وڵاتان دژی تیرۆریستانی داعش بەهۆی ئەوەی بەشداریکردنەکە چارەسەری ناوچەیی و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.

دوای لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لە کانوونی یەکەمی (2024) لە ساڵی ڕابردووەوە ئەمەریکا بیر لە کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سووریا دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی پلانی کردنەوەی باڵیۆزخانەکە نهێنیە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئامادە نییە هیچ لێدوانێکی زیاتر سەبارەت بەم پرسە بدات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین