خۆپیشاندانەکانی ئێران فراوانتر دەبێت ئێران

نوچەنێت

قوتابیانی چەند زانکۆیەکی شارە جیاوازەکانی ئێران خۆپیشاندانێکی فراوانیان دژ بە حکومەتی ئەم وڵاتە ئەنجامدا، سەرۆکی ئەمەریکاش بەردەوامە لە پشتگریکردنی خۆپیشاندەران و هەڕەشەکردن لە ئێران.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/2/22) ماڵپەڕی (بی بی سی) بلاویکردەوە، دژی دۆخی ئابووری وڵات و چەوساندنەوەی بەردەوامی حکومەت و بەرپرسانی ئێران، قوتابیانی زانکۆ جیاوازەکانی ئێران بەشداری خۆپیشاندانێکی فراوانیان کرد، دروشمی جیا جیایان دژی حکومەت بەرزکردەوە و ڕێزیان لە هەزاران شەهید گرت کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لەو باوەڕەدا کە ئێران بەرەو پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت، لەبەرامبەردا ئێران هەموو ئەو گوتانە ڕەتدەکاتەوە و بە دەنگۆ ناوی دەبات، بەڵام ئەمەریکا ئامادەیی سەربازی خۆی لە نزیک ئێران زیاد کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەگەر ئێران ڕێککەوتن نەکات هێرشی سەربازی ئەنجام دەدەن".

هاوکات چەندین جار سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاشکرا داوای لە خۆپیشاندەرانی ئێران کردووە بەردەوام بن و دژی ستەم بوەستنەوە، پشتیوانیان دەکات و یارمەتی مرۆیی لە ڕێگەیە بۆیان. لە دوایین پێشهاتیشدا دوای دوو گەڕی دانووستاندن و نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ تەنیا چەند ڕؤژێکی کەمی بۆ ئێران دانا بۆ هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتندا.

مانگی ڕابردوو بە چەندین هۆکاری جیاوازی وەک خراپی دۆخی ئابووری خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستیپێکرد، بەخێرایی فراوان بوو، هەندێک لە چاودێران بە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی دادەنێن لە دوای شۆڕشی ئیسلامی (1979)وە. بەرپرسانی  ئێران لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا ڕایانگەیاند زیاتر لە (3100) هاووڵاتی لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین