ڕووسیا ژێرخانی وزەی ئۆکراینای بە مووشەک کردە ئامانج عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بەرپرسانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند، ڕووسیا لە چەندین لاوە بە فرۆکەی بێفرۆکەوان  و مووشەکی بالیستیکی هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە، لە هێرشەکاندا زیانێکی زۆر بە ژێرخانی وزەی ئۆکراینا کەوتووە.

ئەمڕۆ دووشەمە (2026/2/22) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ناوخۆیی و سەربازیی ئۆکراینا ڕایانگەیاندووە، "درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕووسیا بە دەیان فرۆکەی بێفرۆکەوان و مووشەکی بالیستیکی  هێڕشیان کردە سەر ئۆکراینا و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتەیان بە ئامانج گرت، كە هێرشەکان ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ و بەندەری ئۆدیسای دەریای رەش و ناوەڕاستی ئۆکراینای گرتۆتەوە".

میکۆلا کلاشنیک، پارێزگاری کیێڤ ڕایگەیاند، "هێرشەکان جگە لە زیانی گیانی، لە پێنج قەزاش هاووڵاتییان زیانی ماددیان بەرکەوتووە خانووەکانیان وێران بووە". هەروەها ئۆلیە کیپەر، پارێزگرای ئۆدێسا لە پەرەی فەرمی تێلگرامی خۆی سەبارەت بە زیانەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکان بۆسەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە ئاگرێکی گەورە لە وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگە نەوتییەکان کەوتووەتەوە، بەڵام تواندراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".

جێگەی ئاماژە پێدانە، مانگی شوباتی (2022) ڕووسیا هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد و  وێستگەکانی کارەبا  و ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی لە زۆربەی هێرشەکانیدا کردە ئامانج، مەبەستی بوو هێزی بەرگری و توانای ڕووبەرووبوونەوەی ئۆکراینا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان لاواز بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین