پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکانی بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات تورکیە

نوچەنێت

لەدوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی ودیموکراسی لەلایەن ئەندامانی کۆمسیۆنەوە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ جێبەجێکردن و گفتوگۆ لەسەر دەرکردنی یاسا لە پرۆسەی ئاشتیدا سەردانی سەرۆکی مەهەپەی کرد، بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەردانی ئەکپارتی و دەم پارتی بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/2/24) پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکانی پرۆسەی "تورکیایەکی دوور لەتیرۆر" خێراتر دەکات، لەم چوارچێوەیەدا نوغمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ دەستیکرد بەسەردانیکردنی لایەنە سیاسیەکانی تورکیا بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو یاسایانەی بڕیارە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چەکدارانی پەکەکە دەردەکرێت. هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەر ئەمڕۆ سەردانی ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتی جەهەپە و هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەکات.

لەیەکەم سەردانیدا سەرۆکی پەلەرمانی تورکیا سەردانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپەی کرد و دوای کۆبوونەوە بەڕۆژنامەوانی راگەیاند، "هیوادارم پەرلەمانی تورکیا ئەو ئەرکەی کەوتۆتە ئەستۆی بە باشترین شیوە جێبەجێ بکات، ئەو یاسایانەی بڕیارە لە پەرلەمان دەربچێت پەیوەست بە پرۆسەکە بە زووترین کات یەکلایی بێتەوە." 

کورتوڵموش ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیا پێیناوەتە قۆناغێکی مێژووی، تاوەکو ئێستا هەموو کارەکان لە پەرلەمان کۆتایی نەهاتووە، بەڵام پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە." هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سوپاسی سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی و هەموو لایەنەکانی تورکیا دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و پەسەندکردنی راپۆرتی کۆتایی کۆمسیۆن. 

   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین