عەباس عێراقچی: خۆپیشاندانەکانی ئێران لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئاراستە دەکران ئێران

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشی ئەمەریکاوە بۆ سەر وڵاتەکەی دەڵێت، لە هەر ئەگەرێکدا هێرش دەکەینە سەر بنکەکانی نزیکەکانی ئەمەریکا لێمانەوە کە بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە وڵاتەکانی "کوێت، قەتەر، ئوردن و عێراق"دان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26/2/2026) عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی گووتی، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیار بدات هێرشمان بکاتە سەر، ئەوا بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانج"ی ئێمە و هێرشایان دەکەینە سەر، چونکە ئێمە وەک کۆماری سەیری ئەو شوێنانە دەکەین کە لێمانەوە نزیکن؛ نەک وەک خاکی دراوسێکانمان یان ئەو وڵاتانەی بنکەکانیان تێدا جێگیر کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران گووتیشی، نامانەوێت وەک جاری پێشوو بێت، کە هیچ چارەیەکمان نەمابوو جگە لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەمەریکییەکە لە وڵاتی قەتەر. بۆیە من ئەوکات پێش هێرشەکە پێشوەختە ئاگادارم کردەوە و پەیوەندیم بە وەزیری دەرەوەی قەتەرەوە کرد و بە ڕوونی پێمگوت ئەمە هێرش نییە بۆ سەر قەتەر، بەڵکو هێرشە بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە؛ ویستمان لەو جیاکارییە تێبگەن و ئێستاش بە هەمان دۆخدا تێدەپەڕین. 

هەروەها عەباس عێراقچی ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ لە جنێڤ شاندی تاران و واشنتن بۆ سێیەمین گەڕی دانوستاندن کۆدەبنەوە و بڕیار لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەدرێت. لەبارەی دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران گووتی، بۆمان دەرکەوت رێنماییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهاتن و ئۆپەراسیۆنێکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستە دەکرا کە دەکرێت ئامانج لێی دروستکردنی شتێک بێت هاوشێوەی کودەتا لە ئێراندا، چونکە سەدان چەکدار لەناکاو لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەرکەوتن کە هاوشێوەی گرووپە تیرۆریستییەکان رەفتاریان دەکرد؛ هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیس سەربڕدران و هەندێکی دیکەشیان بە زیندوویی سووتێندران. 

گرژی و ناكۆكییەكانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا تا ئێستا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بە (5,600) سەربازەوە ڕەوانەی بەندەرەکانی نزیک ئێران کردووە و  (16) کەشتیی یارمەتیدەر و نزیکەی (120) فڕۆکەی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی قورس و فڕۆکەی چاودێری و هەواڵگری گواستووەتەوە ناوچەکە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین