ململانێی پەنتاگۆن و ئەنسرۆپیک؛ هەڕەشەی بەكارهێنانی یاسای بەرهەمهێنانی بەرگریی
نوچەنێت
وەرگێرانى: هیوا جاسم
ڕۆژی چوارشەممە (2026/2/25) وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پەنتاگۆن)، داوای لە دوو گەورە بەڵێندەری سەربازیی کردووە كە سەبارەت بە ئاستی پشت بەستنیان بە مۆدێلی ژیری دەستکردی "کڵۆد" (Claude) کە سەر بە کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک"ـە، هەڵسەنگاندنێک پێشکەش بکەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ئەمە وەک هەنگاوی یەکەم دێت بۆ ئەگەری دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکە وەک "مەترسیی بۆ سەر زنجیرەکانی دابینکردن".
بە شێوەیەکی گشتیی، ئەم سزایە بەسەر کۆمپانیاکانی وڵاتانی نەیاردا دەسەپێنرێت، وەک گەورە كۆمپانیای بواری تەكنەلۆژیا "هواوی" چینیی؛ هەروەها بەكارهێنانی ئەم سزایە دژ بە کۆمپانیایەکی پێشەنگی تەکنەلۆژیای ئەمریکیی ، بەتایبەت کە لە ئێستادا سوپا خۆی پشتی پێدەبەستێت، دەبێتە پێشینەیەکی دەگمەن و بێوێنە.
بەپێی وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو پەیوەندییانە، ڕۆژی چوارشەممە پەنتاگۆن پەیوەندی بە هەردوو کۆمپانیای "بۆینگ" و "لۆکهید مارتن"ـەوە کردووە بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند مامەڵە و پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" هەیە.
لەوبارەیەوە وتەبێژی کۆمپانیای "بۆینگ" ڕایگەیاندووە کە بەشەكانی "بەرگریی، بۆشایی ئاسمان و ئاسایش" هیچ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" ئەنجام نەداوە.
هەروەها یەکێک لە بەرپرسانی "بۆینگ" بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە: پێشتر هەوڵیان داوە هاوبەشییەکیان لەگەڵدا پێکبهێنن، بەڵام لە کۆتاییدا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. چونكە بەپێی وتەی خۆیان ئەوان تا ڕادەیەک ترسیان لە کارکردن لە کەرتی سیستەمی بەرگرییدا هەبووە.
لەلایەكی دیكەوە وتەبێژی کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە کە کۆمپانیاکەیان پەیوەندییەکی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەنجامدانی شیکارییەک سەبارەت بە ئاستی مامەڵە و پشت بەستنیان بە كۆمپانیای "ئەنسرۆپیک"، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی کە ئەو کۆمپانیایە وەک "مەترسی بۆ سەر زنجیرەکانی دابینکردن" دەستنیشان بکات.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پنتاگۆن پلان دادەنێت پەیوەندی بە هەموو بەڵێندەرە سەرەکییە تەقلیدییەکانەوە بکات (واتە ئەو کۆمپانیا گەورانەی کە سیستمەکانی وەک فڕۆکەی جەنگی و چەک دابین دەکەن)، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا مۆدێلی ژیریی دەستكردی "کڵۆد" بەکاردەهێنن و چۆن بەکاری دەهێنن.
جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا "کڵۆد" تاکە مۆدێلی ژیریی دەستکردە کە لەناو سیستمە سەربازییە (نهێنییەکان)ی ئەمریکادا بەكاردەهێندرێت.
ژیریی دەستكردی "کڵۆد" لە کاتی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلادا بەکارهێنراوە ئەوەش لە ڕێگەی هاوبەشیی نێوان هەردوو کۆمپانیای (ئەنسرۆپیک و کۆمپانیای "پالانتێر)؛ هەروەها ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لە هەر هەڵمەتێکی سەربازیی گریمانەکراوی دژ بە ئێران بەکاربهێنرێت.
پەنتاگۆن سەرسامە بە کارامەیی "کڵۆد"، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نیگەرانە لەوەی کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" ڕەتیدەکاتەوە ئەو کۆت و بەندانە لابدات کە بەسەریدا سەپێنراوە و ڕێگەی پێ بدات بۆ "هەموو مەبەستە شەرعییەکان" بەکاربهێنرێت.
هەروەها کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" بە دیاریکراوی پێداگری دەکات لەسەر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی "کڵۆد" بۆ چاودێریکردنی بەکۆمەڵی ئەمریکییەکان، یان بۆ مەبەستی پەرەپێدانی ئەو چەکانەی خۆكارانە و بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ کار دەکەن. لە بەرامبەردا، پەنتاگۆن پێیوایە مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆمپانیاکە بۆ هەر حاڵەتێکی بەکارهێنان بە جیا، کارێکی ناپراکتیکییە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 24ی شوباتی 2026 لە کۆبوونەوەیەکی ئاڵۆز و پڕ گرژییدا، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا (پیت هیگسێس) تا ئێوارەی ڕۆژی هەینی مۆڵەتی داوەتە (داریۆ ئەمۆدی) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنسرۆپیک، بۆ ئەوەی بە داواكارییەكانی پەنتاگۆن ڕازی بێت.
هیگسێس هۆشداریشی داوە کە ئەگەر وەڵامیان نەبێت، ئەوا پەنا دەبەنەوە بۆ کاراکردنی "یاسای بەرهەمهێنانی بەرگریی" بۆ ناچارکردنی کۆمپانیاکە تا مۆدێلەکەی لەگەڵ پێداویستییەکانی سوپادا بگونجێنێت، یان بە فەرمیی وەك "مەترسیی بۆ سەر زنجیرەکانی دابینکردن" دەستنیشانی بکات.
هەرچەندە ئەنسرۆپیک دەتوانێت لە ڕێگەی یاساییەوە تانە لە بڕیارەکە بدات، بەڵام کاراکردنی یاسای بەرهەمهێنانی بەرگریی ڕێگە بە سوپا دەدات بەردەوام بێت لە دەستڕاگەیشتن بە "کڵۆد". جیا لەم ململانێیە، ئەنسرۆپیک لە گەشەیەکی گەورەدایە و وەبەرهێنانی نوێی دەستکەوتووە، بەڵام دەستنیشانکردنی وەک "مەترسیی" گورزێکی کوشندە دەبێت ئەگەر کۆمپانیاکانی تر بەو هۆیەوە لە "کڵۆد" دوور بکەونەوە. لە بەرامبەردا، ڕەنگە کۆمپانیاکە سوودمەند بێت لەو وێنەیەی کە وەک لایەنێک نیشانی دەدات کە لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بووە لە ناوەڕاستی ترسی پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی ژیریی دەستکرددا.
سەرچاوە: سکاى نیوزی عەرەبیة
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment