پێنج پارتى سیاسى رۆژهەڵاتى کوردستان پەیامێک بڵاو دەکەنەوە ئێران
پێنج پارتى سیاسى رۆژهەڵاتى کوردستان پیرۆزبایى لە هاوپەیمانى هێزە سیاسییەکانى کوردستانى ئێران دەکەن، دەشڵێن، "بێگومان هەنگاونان بەرەو کاری هاوبەش و هەماهەنگیی ڕێکخراوەیی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی نوێ"

ئەمڕۆ هەینى (2026/2/27) پێنج پارتى رۆژهەڵاتى کوردستان پەیامێکى پیرۆزباییان لە هاوپەیمانى هێزە سیاسییەکانى کوردستانى ئێران کرد، لە پەیامەکە هاتووە، ئێمە ئەم ڕێبازە بە ئەرێنیی و واقیعیی و هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی کوردستان لە پێشهاتەکانی داهاتوودا دەبینین.

دەقى پەیامى پێنج پارتى سیاسى کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
سڵاو و ڕێز!

ئێمە وەک پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان) بە بایەخەوە لەم هەنگاوە پیرۆزەتان دەڕوانین و، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، پێشوازیی لە دامەزراندنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەکەین و ئەم هەنگاوە گرینگە بە دەستکەوتێکی گەورە و جێگەی هیوا و هومێد بۆ کوردستان دەزانین و، بەو بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و گشت خەڵکی کوردستان دەکەین.

لەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، ئەم هەنگاوە وردبینانەیەی ئێوە بە هەوڵێکی تێگەیشتووانە، پێویست و هەنووکەیی دەزانین. هەنگاوێک لە ڕێگەی پتەوکردنی یەکڕیزیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان، یەکدەنگیی سیاسیی و بەرزکردنەوەی ئاستی کرداری سیاسیی و خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بێگومان هەنگاونان بەرەو کاری هاوبەش و هەماهەنگیی ڕێکخراوەیی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی نوێ لە هەوڵێکی کاریگەر و بەرپرسیارانە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.

ڕاگەیاندنی دامەزرانتان، بەتایبەتیی بە جەختکردنەوە لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد، ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک، دابینکردنی دێموکڕاسیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، مافی یەکسان و، هاوکاریی لەگەڵ هێزە سیاسیی و مەدەنییەکانی دیکە، ڕەنگدانەوەی بەشێکی گرنگی داواکارییە مێژووییەکانی نەتەوەکەمانە. ئێمە ئەم ڕێبازە بە ئەرێنیی و واقیعیی و هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی کوردستان لە پێشهاتەکانی داهاتوودا دەبینین.
بۆیە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی و پشتیوانیی خۆمان لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە، پێمان وایە کە لە هەلومەرجی ئێستادا، زیاتر لە هەموو کاتێک، یەکگرتوویی سیاسیی، وتووێژی نێوان ڕەوتەکان و هاوکاریی بەکردەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان مەرجی سەرەکیی بەهێزکردنی پێگەی کورد و کوردستان و بزووتنەوەکەی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکەدایە. هێنانەدی ئەوەش بە بەهێزکردن و فراوانکردنی ئەم هاوپەیمانێتییە دەبێ بە جۆرێک کە هەموو، یا لانی کەم بەشی هەرە زۆری هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک بەرە و ڕیزدا کۆ بکاتەوە. هەر لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا ئێمە ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ گفتوگۆ و هاوکاریی و سەرەنجام هاوسەنگەریی لەم چوارچێوەیەدا ڕادەگەیەنین.

هەر وەک خۆتان ئاگادارن ئێمە پێشتریش لە چەندین قۆناغ و دەرفەتدا خەمخۆرانە و دڵسۆزانە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریی لە پێکهێنانی هەر جۆرە پێکهاتەیەک کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر چەترێکدا کۆ بکاتەوە، نیشان داوە. ئێستاش، جارێکی دیکە، جەخت لەسەر هەمان هەڵوێستی یەکڕیزیخوازانەمان دەکەینەوە و، هەمان ویست و ئامادەیی خۆمان بە هیوایەکی زۆرترەوە دەردەبڕین.

بە بڕوای ئێمە بەردەوامیی و سەرکەوتنی ئەم هاوپەیمانییە پێش هەموو شتێک پەیوەستە بە پەرەپێدانی ڕۆحی گشتگیریی و پێناسەکردنی میکانیزمی ڕوون و دامەزراوەیی و بەرفراوانترکردنی بەشداریی هێزە سیاسییەکان لە کوردستان. هەر بۆیە، لەم قۆناغە نوێیەدا، بوونی ئێمە شانبەشانی یەکتر لە سەنگەرێکدا وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو یەکگرتوویی نەتەوەیی و بەهێزترکردنی سەنگ و دەنگی هاوبەشی کوردستان دەزانین. دەنگێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی بەرجەستە قورسایی و پێگەی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتووی ئێران و ناوچەکەدا زیاتر بکات.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە گرینگەتان لێ دەکەین.
لەگەڵ ڕێز بۆ ئێوە و هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ کورد و بزووتنەوەی کوردستان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین