ئیلهام ئەحمەد: نەوت پرسێكی مەرکەزییە بەڵام تایبەتمەندی هەرێمی لەبەرچاو دەگیرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

‎هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند، بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت لەگەڵ دەستووری سووریا بێتەوە، بەڵام دەبێت تایبەتمەندی هەرێمی لەبەرچاو بگیرێت. هەروەها دەشڵێت، ئەگەر شام مافەکانی کورد ڕەتبکاتەوە، دانوستان بەردەوام دەبێت تا کاتێک هێرش ڕووبداتەوە.​​​​​​​​​

ڕۆژی پێنجشەممە (26/2/2026)، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، دەربارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پترۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕووداوی ڕایگەیاند، بۆ پارێزگای حەسەکە میزانییەیەک دیاری دەکرێت، كە تایبەتمەندی هەرێمی تێیدا لەبەرچاو دەگیرێت. هاوكات گووتیشی، "سامان بە شێوازێک دەبێت لەگەڵ ماددەی دەستووریدا بێتەوە، نەوت مەرکەزییە".

هەروەها لە ئەگەر جێبەجێ نەكردنی داواخوازییەكانی كورد بۆ ئۆتۆنۆمی لەلایەن دیمەشقەوە، سەبارەت بە مافی زمان و پرسەکانی دیکە، چ ئەڵتەرناتیڤێکتان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت، ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان لە دانوستان و خەباتی خۆیان بەردەوام دەبن و لە دەستووری نوێی سووریاش تێکۆشانێکی سەخت دەکەن، بەڵام "هەتا هێرش ڕوونەدات مەسەلەی تێکۆشانی ئێمە لەسەر ئەم ئەساسە دەبێت، کە هێرشیش ڕوویدا هەر میلەتێک لە بەرامبەر قڕکردن خۆی دەپارێزێت."

جێگەی باسە، ڕۆژئاوای کوردستان چەندین سەرچاوەی گرنگی نەوتی تێدایە، بەتایبەت لە دەورووبەری قامیشلۆ و دێرەزوور. دوای کەوتنی حکوومەتی بەشار ئەسەد و پێکدادانەکان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا، ئێستا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان، لەسەر داهاتووی سووریا، دەستی پێکردووە، کە پرسی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان یەکێک لە خاڵەکانی ئەم دانوستاندنەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین