ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ ماوەی (24) کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دوای ئەوەی دوێنی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بەهۆی هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ڕاگیرا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی (24) کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.

ئەمرۆ یەکشەممە (2026/3/1) دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی (24) کاتژمێری دیکە بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکانی هاتوو و رۆشتن و ترانزێتەوە درێژکراوەتەوە، کە لە کاتژمێر (12:00)ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات تا کاتژمێر (12:00)ی نیوەڕۆی سبەی دووشەممە، ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزی.

هەر لەو ڕاگەیێندراوەکدا  دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق  ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێکارانە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی دۆخەکە و گرژییە ناوچەییەکان دێت، هەروەها لەسەر بنەمای پێداچوونەوەیە بە داتا پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ بڕیاری هەڵسەنگاندنی دووبارە بەگوێرەی هەر پێشهاتێکی نوێ.

لەکۆتایی ڕاگەیێندراوەکدا دەشڵێت، کە هێڵەکانی ئاسمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.

جێگەی باسە، سەرلە بەیانی دوێنێ ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردەوە سەر ئێران، بەهۆیەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاگیرا، هەروەها وەستاندنی گەشتەکان عێراقیشی گرتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین