سەرکردە ژنەکان لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا سەرکەوتووتر بوون توێژینەوە

توێژینەوە :

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی لیڤەرپول و ریدینگی بەریتانی، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەست بەوە کراوە، کە سەرکردە ژنەکانی جیهان سەرکەوتووتر بوون لە روبەڕوبوونەوەی پەتاکەدا.

زانکۆی لیڤەرپوڵ و ریدینگی بەریتانی توێژینەوەیەکیان لەسەر سەرکەوتنی سەرکردە ژنەکانی جیهان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا ئەنجامداوە، بەشێوەیەک ئەو وڵاتانەی سەرۆکەکانیان ژنن ژمارەی مردن تیایاندا پلەی ناوەندی گرتووە بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سەرۆکەکانیان پیاون.

لەجیهاندا ١٩ وڵات سەرکردەکانیان ژنن، بەپێی لێکۆڵینەوەکان هۆکاری سەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١.بەپێی توێژینەوەکە، سەرکردە ژنەکان خۆیان لە رێگەی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بابەتەکەیان بەشێوەیەکی زانستی بۆ کۆمەڵگەکەیان شیکردووەتەوە، هەریەک لە ئەنجێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا و جاسیندا ئەردێرن سەرۆکی نیوزلەندا و ئێرنا سۆڵبێرگ سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئەم هەنگاوەیان ناوە، لەکاتێکدا جاییر بۆڵسۆنارۆ سەرۆکی بەرازیل پەتاکەی بە دوژمنێکی بچوک ناوبردووە و هیچ رێکارێکی تەندروستی نەگرتووەتەبەر، لە بەرامبەردا وڵاتەکەی بۆ پلەی سێیەم لە توشبووانی کۆرۆنا بەرزبووەوە.

٢.بەشێوەیەکی خێرا دەستیانکردووە بە جێبەجێکردن و گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان، بەپێی توێژینەوەکە، ژنان کاردانەوەی زیاتریان هەیە بەرامبەر بە مەترسییەکان وەک لە پیاوان.

٣.کۆرۆنا گورزێکی کوشندەی لە ئابوری وڵاتان داوە، بەپێی توێژینەوەکان ژنان لەکاتی مەترسییەکاندا زیاتر گرنگی بەلایەنی سەلامەتی تەندروستی دەدەن، لە کاتێکدا پیاوان زیاتر گرنگی بە لایەنی ئابوری دەدەن.

٤.ژنان زیاتر شێوازی دیموکراتی و هاوبەشی پێکردنیان گرتووەتەبەر، لە کاتێکدا پیاوان زیاتر شێوازی دەرکردنی رێنمایی و ئاڕاستەکردنیان گرتووەتەبەر.

بەشێوەیەکی گشتی، دۆخی هەر وڵاتێک بەراورد بە وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، هاوکات، ئەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە پیاوان سەرکردایەتیان دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین