یونیسێف: ژیانی ملیۆنەها منداڵانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە مەترسیدایە تەندرووستی

نوچەنێت

یونیسێف زۆر نیگەرانە لە کاریگەرییە کوشندەکانی توندوتیژی سەربازی لە ئێران بە گشتی و لەسەر منداڵان بە تایبەتی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "زیاتر لە (190) منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.

ڕۆژی هەینی (2026/3/6) یونیسێف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند، "بەهۆی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیانی ملیۆنەها منداڵی ناوچەکە لە مەترسیدایە". ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "کۆتایی هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە (190) منداڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە و لە سەرەتای جەنگی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمەریکا نزیکەی (180) منداڵ گیانیان لەدەستداوە، هاوکات چەندین منداڵیش بریندار بوون".

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا یونیسێف جەخت دەکاتەوە لەوەی، "بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، ڕێکخراوەکە ئیدانەی ئەم هەنگاوانە دەکات و منداڵان و ئەو خزمەتگوزارییە بنچینەییانەی کە پشتی پێ دەبەستن دەبێت بپارێزرێن".

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، (190) گیانلەدەستدانەکانی منداڵەکان لەم وڵاتانە بوون، (181) منداڵ لە ئێران، (7) منداڵ لە لوبنان، (3) منداڵ لە ئیسرائیل و منداڵێکیش لە کوەیت". یونیسێف دووپاتی دەکاتەوە، "ئەمانە تەنیا ژمارە نین، کۆتایی هێنانە بە ژیانی منداڵان و دەبنە قوربانییە بەردەوامەکانی جەنگ".

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، "منداڵان جەنگ دەست پێناکەن، بەڵام زۆرترین باج دەدەن، گرژی و ناکۆکییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری خراپی لەسەر منداڵان هەبووە و پێویستە منداڵان دوور بن لە جەنگ و پارێزراو بن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین