عەلى لاریجانى: کورد نەتەوەیەکى رەسەنى ئێرانن ئێران

نوچەنێت

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، کوردەکان نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانن و خاوەنی ئەو ژیرییەن، کە ڕێگە نادەن وەک "کارتی بازرگانی" لەلایەن ئەمریکاوە بەکاربهێنرێن.

شەوى شەممە (2026/3/7)  عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمی وڵاتەکەی، ستایشی پێکهاتەی کوردی کرد و گوتی، "کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانن." ئاماژەی بەوەش دا، پەیوەندی کورد و ئێران پەیوەندییەکی مێژوویی و خوێنە، نەک بەرژەوەندی کاتی.

دەربارەى سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لاریجانی بە توندی ڕەخنەی لە مامەڵەی واشنتۆن گرت و بە "بازرگانی" وەسفی کرد، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، " کە کوردەکان ئاقڵن و باش دەزانن، کە ئەمریکا تەنها مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ دەکات." 

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، نموونەی زیندووی بە دۆخی سوریا هێنایەوە و گوتی، "کوردەکان دەزانن ئەمریکییەکان چ بەڵایەکیان بەسەردا هێنان لە سوریا و چۆن لە هەستیارترین کاتدا بە تەنها جێیان هێشتن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی ئێران پەردەی لەسەر هەوڵە نهێنییەکانی ئەمریکا بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوخۆیی ئێران لادا، کە بە گوتەی لاریجانی، ئەمریکا هەوڵیداوە پەیوەندی بە کوردەکانەوە بکات و دژی کۆماری ئیسلامی هان بدات تا ڕاپەڕین ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم پڕۆژەیە "شکستی هێناوە".

ئەو بەرپرسەى ئێران ئەو هۆکارەکەی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە، بەوەى کوردەکان بێوەفایی و پەیمانشکێنی ئەمریکایان بۆ دەرکەوتووە، هەروەها کوردەکان ئاگاداری توانای باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێرانن و دەزانن پارێزەری سنوورەکانی وڵاتن.

لاریجانی قسەکانی بەوە کۆتایی پێهێنا، کە ستراتیژی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی کارتە نەتەوەییەکان دژی ئێران، بەهۆی وریایی گەلانی ئێرانەوە گەیشتووەتە بنبەست.

هەروەک پەیامێکی ڕاشکاوانەی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژی و مێژوویی کورد لە ناوچەکەدا کردەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین