پاتریارک لویس ساکۆ دەستی لەکارکێشایەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

پاتریارکی کلدانییە کاسۆلیکەکان لە عێراق و جیهان ڕایگەیاند، "لە دوێنێوە بە ویستی خۆی دەستی لەکارکێشاوەتەوە و لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵکراوە".

ڕۆژی سێشەممە (2026/3/10) ماڵپەڕی (Asianews) بڵاویکردەوە، لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانییە کاسۆلیکەکان لە عێراق و جیهان ڕایگەیاند، "بە ڕەزامەندی خۆی، بێ ئەوەی کەس داوای لێ بکات، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە لیۆنی چواردەهەم، پاپای ڤاتیکان داوە و قبووڵیش کراوە". پاتریاک ئامژە بۆ ئەوەش دەکات، "لەمەودوا کاتی خۆی بۆ نوێژ و نزا، نووسین و خزمەتێکی سادە تەرخان دەکات".

پاتریارکی کلدانییە کاسۆلیکەکان لە عێراق و جیهان دووپاتی دەکاتەوە، "کەنیسەی کلدانی لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و لە نێوان ئاڵنگارییەکی گەورەدا بەڕێوەبرد. پارێزگاری لە یەکڕیزیی دامەزراوەکانی کرد، و هیچ هەوڵێکی درێغی نەکرد لە بەرگریکردن لێی و لە مافەکانی عێراقییەکان و مەسیحییەکان، بۆیە لە ناوخۆ و دەرەوە ئامادەیی و هەڵوێستی هەبوو. (13) ساڵ وەک پاتریارک، چاودێرییەکی پڕ لە خۆشەویستی و بەدواداچوون و گەشەسەندن بوو".

گرنگە باس لەوە بکرێت، "ڕۆژى (5)ــی حوزەیرانی (2024) بە گوێرەى فەرمانێکی دیوانی کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەرکرا و پاڵپشت بوو بە بڕیاری دادگای باری کەسێتی دادگای کەرخ، لویس ساکۆ، وەک کاردیناڵی کلدانەکان لە عێراق و جیهان دەستنیشانکرا.

 

دەقی دەستلەکارکێشانەوەی لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانییە کاسۆلیکەکان لە عێراق و جیهان:

لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە، کاتێک گەیشتمە تەمەنی (75) ساڵی، بیرم لە پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەم دەکردەوە و لەگەڵ پاپای کۆچکردوو فڕانسیس باسی ئەوەم کردبوو، بەڵام ئەو هانی دام کە بمێنمەوە. بەیانی دوێنێ (9)ـی ئاداری (2026)، بەوپەڕی ئازادیی خۆمەوە بڕیارم دا پێشکەشی قەداسەتی پاپا لیۆنی چواردەهەمی بکەم، بۆ ئەوەی بە ئارامی کاتی خۆم بۆ نزا، نووسین و خزمەتێکی سادە تەرخان بکەم، ئەویش قبووڵی کرد، و داوام کرد ئەمڕۆ نیوەڕۆ، 10ـی ئادار بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە. بۆ بنبڕکردنی هەموو جۆرە لێکدانەوەیەک، جەخت دەکەمەوە کە هیچ کەسێک ئەوەی لێ داوا نەکردووم، بەڵکوو من بە ویستی خۆم داوای دەستلەکارکێشانەوەم کردووە.

کەنیسەی کلدانیم لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و لە نێوان ئاڵنگارییەکی گەورەدا بەڕێوەبرد. پارێزگاریم لە یەکڕیزیی دامەزراوەکانی کرد، و هیچ هەوڵێکم درێغی نەکرد لە بەرگریکردن لێی و لە مافەکانی عێراقییەکان و مەسیحییەکان، بۆیە لە ناوخۆ و دەرەوە ئامادەیی و هەڵوێستم هەبوو. (13) ساڵ وەک پاتریارک، چاودێرییەکی پڕ لە خۆشەویستی و بەدواداچوون و گەشەسەندن بوو.

سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو نیعمەتی خۆشەویستییەی پێی بەخشیم، و وای کرد لە چاوی زۆرێکەوە خۆشەویست بم، و ساتەوەختی نایابی پێ بەخشیم.

هەروەها بە تایبەتی سوپاسی خێزانەکەم و ئەوانە دەکەم کە لەگەڵیان ژیاوم وەک قەشەیەک لە مووسڵ و مەترانێک لە کەرکووک و پاتریارکێک لە بەغدا. ئەوان بەڕاستی خێزانی ڕاستەقینەی من بوون، و من سوپاسگوزاریانم.

بە تایبەتی سوپاسی یاریدەدەرەکەم جەنابی مەتران باسیلیۆس یەڵدۆ، سکرتێر ئیخلاس مەقدەسی، قەشەکانی بەغدا و کارمەندانی پاتریارکایەتی دەکەم، لە نزا و نوێژەکانمدا لە یادیان ناکەم. هەروەها لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکەم کە لەوانەیە دڵیم ڕەنجاندبێت.

هیوادارم بۆ سەرکردایەتیکردنی کەنیسەی کلدانیی کاسۆلیک لەم کاتە سەختانەدا پاتریارکێک بێت کە: خاوەنی بیرکردنەوە، ڕۆشنبیرییەکی لاهووتیی تۆکمە، بوێری و دانایی بێت، باوەڕی بە نوێبوونەوە و کرانەوە و گفتوگۆ هەبێتو خاوەنی گیانێکی ڕووخۆش بێت.

من ڕێزی لێ دەگرم و هەرگیز دەستوەردان لە کارەکانیدا ناکەم. دڵنیام لەوەی خودا چاودێریی کەنیسەکەی خۆی دەکات.

وەسیەتنامەکەم لەو کاتەوەی کە قەشە بووم نووسیوە و چەندین جاریش نوێم کردووەتەوە. خاوەنی نزیکەی چل ملیۆن دیناری عێراقی و پێنج هەزار دۆلار و پێنج هەزار یۆرۆم، کە لە مووچەکانم پاشەکەوتم کردوون لە ماوەی ٥٢ ساڵ خزمەتی قەشایەتیدا، سەرباری بڕە پارەیەکی دیکە کە پشکی خۆمە لە فرۆشتنی ماڵی باوکم لە مووسڵ. نە خانوو و نە ئۆتۆمبێلم هەیە، بەڵکوو سەرمایەی ڕاستەقینەی من خزمەتکردنە دڵسۆزانەکەمە لەگەڵ ئەو ٤٥ پەرتووکەی کە بڵاوم کردوونەتەوە.

لە نزا و نوێژەکانتاندا لە یادم بکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین