رۆیتەرز: سێ کەشتی لە گەرووی هورمز بە ئامانج گیران ئابووری جیهان

نوچەنێت

دەزگاکانی ئاسایشی دەریایی و چەندین سەرچاوە ڕایانگەیاند سێ کەشتی لە گەرووی هورمزدا بەر مووشەکی نەناسراو کەوتوون.

ڕۆژی چوارشەممە (2026/3/11) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، دوو سەرچاوەی ئاسایشی دەریایی ڕایانگەیاند، کەشتی بارهەڵگری مایۆری کە ئاڵای تایلەندی لەسەر بووە کراوەتە ئامانج، دووکەڵ و ئاگری لێ بەرزبووەتەوە و زیانی پێگەیشتووە. تیمەکان هەر زوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوەکەی بکەن

هەر بە گوێرەی هەمان سەرچاوەکانی ئاماژەیان پێدراوە، پێشتر کەشتی کۆنتینەر بە ئاڵای ژاپۆن لە دووری (25) میل دەریایی (46 کیلۆمەتر) لە باکوری ڕۆژئاوای رەئس خەیمە لە ئیمارات کراوەتە ئامانجی هێرشەکان و زیانێکی کەمی بەرکەوتووە. ئەندامانی دەستەی کەشتییەکە سەلامەتن و کەشتییەکە بەرەو شوێنێکی سەلامەت دەڕوات و لەنگەر دەگرێت.

سەبارەت بە کەشتی سێیەم کۆمپانیاکانی ئاسایشی دەریایی دەڵێن، "بارهەڵگرە مووشەکێکی نەناسراوی لە دووری 50 میل لە باکوری ڕۆژئاوای دوبەی بەرکەوتووە". هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، "بەهۆی مووشەکەکەوە زیان بە لاشەی کەشتییەکە گەیشتووە، بەڵام تیمی کەشتییەکە سەلامەتن".

لە لایەکی ترەوە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، "ڕێگە بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نادەن هیچ لیترە نەوتێک لە گەرووی هورمز بگوازنەوە".

جێگەی باسە (20٪)ــی بازرگانی نەوت و گازی جیهان لە گەرووی هورمزدایە، بەڵام لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر لە (14) کەشتی لەم گەرووەدا هێرشی کراوەتە سەر و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین