رابەرى نوێى کۆمارى ئیسلامى ئێران یەکەم پەیامى بڵاوکردەوە
نوچەنێت
ئەمرۆ پینجشەممە (2026/3/12) موجتەبا خامنەیى رابەرى نوێى کۆمارى ئیسلامى ئێران پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى بەڵێن دەدات، پابەندە بە رێبەرانى پێش خۆى، دەشلێت، نابێت هیچ درزێک بکەوێتە یەکڕیزی نێوان تاکەکان و چینەکانی گەل کە بەزۆری لە کاتی تەنگانەدا دەردەکەوێت. ئەمەش بە چاوپۆشیکردن لە خاڵە جیاوازەکان بەدەست دێت.
موجتەبا خامنەیى پەیامەکەى بەو ئایەتە دەست پێ دەکات، “مَا نَنسَخْ مِنْ ءَآیَةٍ أَوْ نُنسِهَا نَأتِ بِخَیْرٍ مِّنْهَآ اَوْ مِثْلِها".
لە پەیامەکەى دەڵیت، سڵاو لە تۆ ئەی بانگەوازکاری ڕێگەی خوا و پەروەردەگاری ئایەتەکانی، سڵاو لە تۆ ئەی دەروازەی خوا و دادوەری ئایینەکەی، سڵاو لە تۆ ئەی جێنشینی خوا و یاریدەدەری حەقەکەی، سڵاو لە تۆ ئەی حوجەتوڵا نیشاندەری ویستەکەی؛ سڵاو لە تۆ ئەی پێشەنگی جێگەی ئومێد؛ سڵاوێکی گشتگیرت لێ بێت؛ سڵاو لە تۆ ئەی مەولای من، خاوەنی سەردەم (صاحب الزمان).
خامنەیى ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای قسەکانمدا، دەبێت سەرەخۆشی لە مەولای خۆم بکەم بەبۆنەی شەهیدبوونی دڵتەزێنی ڕێبەری مەزنی شۆڕش، خامنەیی ئازیز و حەکیم، و داوای دوعای خێر لەو حەزرەتە دەکەم بۆ یەکە یەکەی گەلی مەزنی ئێران، بەڵکو بۆ هەموو موسڵمانانی جیهان و هەموو خزمەتگوزارانی ئیسلام و شۆڕش و قوربانیان و خاوەن شەهیدانی رابوونى ئیسلامی و بەتایبەت جەنگی ئەم دواییانە و بۆخۆمى کەمتەرخەم.
هەروەک لە بەشى دووەمى پەیامەکەى دەڵێت، بەشى دووەمى قەسەمانم ئاراستەى گەلى مەزنى ئێران دەکەم، سەرەتا دەبێت بارودۆخ و هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە دەنگی ئەنجومەنی ڕێزدارانی شارەزایان بە کورتی روو بکەمەوە، خزمەتگوزاری ئێوە سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، هاوکات لەگەڵ ئێوە و لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەنجامی دەنگی ئەنجومەنی شارەزایان ئاگادار بوومەوە.
دانیشتن لە شوێنى دوو سەکردەى گەورە، خومەینی گەورە و خامنەیی شەهید بووە، بۆمن ئەرکێکى سەختە. چونکە ئەم کورسییە مێژووی کەسێک لەسەرى دادەنیشێت کە دوای زیاتر لە 60 ساڵ جیهاد لە پێناو خودا و دەستبەرداربوونى لە جۆرەها خۆشى و خۆشگوزەرانیە، کە ببوو بە گەوهەرێکى درەوشاوە و نموونەیەکى دەگمەن، نەک تەنیا لە سەردەمی ئێستادا بەڵکو بە درێژایی مێژووی فەرمانڕەوایانی ئەم وڵاتەدا، کە ژیانی و مردن تێکەڵ بە شکۆ و عەزەتێک بوو کە سەرچاوەکەی پشتبەستن بوو بە حەق.
ئەو شەرەفەم پێ بەخشرا کە لە دوای شەهیدبوون زیارەتى لاشەکەى بکەم؛ ئەوەى بینیم کێوێک بوو لە خۆڕاگرى، بیستم کە دەستە ساغەکەی توندکردبوو. سەبارەت بە ڕەهەندە جیاوازەکانی کەسایەتی، دەبێت شارەزایان ماوەیەکی زۆر قسە بکەن. لەم دەرفەتەدا تەنها بەم کورتەیە واز دەهێنم و وردەکارییەکان بۆ کاتە گونجاوەکانی دیکە دەهێڵمەوە. ئەمەیە هۆکاری سەختی پاڵدانەوە بە کورسی ڕێبەری دوای کەسێکی وەها؛ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە تەنها بە یارمەتی خوای حەق و پشتیوانی ئێوەی گەل دەکرێت.
بەپێویستى دەزانم جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەسڵی قسەکانی منەوە هەیە. ئەو خاڵەش ئەوەیە کە لە هونەرەکانی ڕێبەری شەهید و پێشینە گەورەکەی، بەشدارکردنی خەڵک بوو لە هەموو کایەکاندا، پێدانی هۆشیارى بەردەوام و بەرچاوڕوونى و ئاگایی بوو بە خەڵک، لە ئاستی کردەوەشدا پشت بەستن بوو بە هێزی گەل. ئەوان بەم شێوەیە مانای ڕاستەقینەی جەماوەر و کۆماریبوونیان هێنایەدی، لە قووڵایی دڵیشەوە باوەڕیان پێی هەبوو.
کاریگەری ڕوونی ئەم بابەتە لەم چەند ڕۆژەی کە وڵات بێ ڕێبەر و بێ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بوو، دەرکەوت. بەرچاوڕوونى و زیرەکی گەلی ئێران لە ڕووداوەکەی ئەم دواییەدا و خۆڕاگری و ئازایەتی و ئامادەیی، دۆستی ناچار بە سەرسامى و دوژمنی تووشی شۆک کرد. ئێوەی گەل بوون کە وڵاتتان ڕێبەری کرد و باڵادەستی و دەسەڵاتەکەیتان مسۆگەر کرد. ئەو ئایەتەی لە سەرەتای ئەم نووسینەدا هێنامە، بەو مانایەیە کە هیچ ئایەتێک لە ئایەتە خوداییەکان نییە کە یان کاتەکەی تەواو بێت یان بە فەرامۆشی بسپێردرێت، ئیلا لەلایەن خوای گەورە و باڵاوە، هاوشێوەی ئەو یان باشتر لەوە لە شوێنی دادەنرێت.
مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوە نییە کە ئەم بەندەیە لە ئاستی ڕێبەری شەهیددا بم، چ جای ئەوەی بخوازم خۆم بە باشتر لەو دابنێم؛ بەڵکو مەبەست لە هێنانەوەی ئایەتەکە سەرنجخستنە سەر ڕۆڵی گونجاو و دیاری ئێوەی گەلی ئازیزە.
ئەگەر ئەو نیعمەتە مەزنەمان لێ سەندرایەوە، لە شوێنیدا جارێکی دیکە ئامادەیی "عەمارئاسا"ی گەلی ئێران بەم ڕژێمە بەخشرا. ئەوە بزانن ئەگەر هێزی ئێوە لە گۆڕەپانەکەدا دەرنەکەوێت، نە ڕێبەری و نە هیچ کام لە دەزگا جیاوازەکان کە ئەرکی ڕاستەقینەیان خزمەتکردنی خەڵکە، کارایی پێویستیان نابێت. بۆ ئەوەی ئەم مانایە باشتر بێتە دی، سەرەتا دەبێت یادی خوای تەبارەک و تەعالا و تەوەکول لەسەر بەڕێزیان و پەنابردن بۆ تیشکە پاکەکانی مەعسومەکان (عليهم السلام) وەک "ئیکسیرێکی مەزن" و "کبریت احمر" سەیر بکرێت کە گەرەنتی کەرەوەی جۆرەها کرانەوە و سەرکەوتنی یەکجارییە بەسەر دوژمندا. ئەمە سوودێکی گەورەیە کە ئێوە هەتانە و دوژمنەکانتان نییانە.
دووەم، پێویستە پارێزگارى لەسەر یەکڕیزى لەنێوان چین توێژە جیاکانى گەل بکەین، کە یەکڕى بە شێوەیەکى روون لە چرکەساتە ناخرشەکان دەردەکەوێت، رێگە بە هیچ درزێکى بچووک نادات، ئەوەش لە رێگەى چاونوقاندن لە خاڵە جیاوازەکان بەدى دێت.
سێیەم، پێویستە پارێزگارى لە ئامادەیی کاریگەر لە گۆڕەپانەکەدا بکرێت؛ چ بەو شێوەیەی لەم ڕۆژ و شەوانەی جەنگدا لە خۆتاندا درەخست، چ بە شێوەی جۆرەها ڕۆڵگێڕانی کاریگەر لە کایە جیاوازە کۆمەڵایەتی، سیاسی، پەروەردەیی، کولتووری و تەنانەت ئەمنییەکاندا. گرنگ کردنکدرنە بە ڕۆڵی دروست، بێ زیانگەیاندن بە یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و کارکردن لەسەر جێبەجێکردنى بەگوێرەى توانا، یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەری و هەندێک لە بەرپرسانی دیکە ئاگادارکردنەوەى هەندێک لەم ڕۆڵانەیە بە هەموو تاکەکان یان چینەکانی کۆمەڵگا. لەم ڕووەوە، گرنگی ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی قودسی 1447 وەبیر دەهێنمەوە کە دەبێت ڕەگەزی "دوژمن شکاندن" تێیدا مایەى بایەخى هەمووان بێت.
چوارەم، لە یارمەتیدان و دەستگرتنی یەکدی کەتەرخەم مەبن. سوپاس بۆ خوا سیفەتی هەمیشەیی زۆربەی ئێرانییەکان هەر ئەمە بووە و چاوەڕوان دەکرێت لەم ڕۆژە تایبەتانەدا کە بێگومان بۆ هەندێک لە تاکەکانی گەل لەوانی تر سەختتر دەگوزەرێت، ئەم بابەتە زیاتر ڕەنگ بداتەوە. لەم دەرفەتەدا داوا لە دەزگا خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە لەم ئاراستەیەدا لە هیچ یارمەتی و هاوکارییەک بۆ ئەو تاکە ئازیزانەی گەل و بۆ پێکهاتە جەماوەرییە فریاگوزارییەکان کەمتەرخەمى نەکەن.
ئەگەر ئەم لایەنانە ڕەچاو بکرێن، ڕێگەی گەیشتنی ئێوەی گەلی ئازیز خۆش دەبێت بە ڕۆژانی مەزنی و شکۆ. نزیکترین نموونەی ئەوە دەتوانێت بە ئیزنی خودا سەرکەوتن بێت بەسەر دوژمندا لە جەنگی ئێستادا.
بەشی سێیەمی قسەکانم، سوپاسی دڵسۆزانەی جەنگاوەرە ئازاکانمانە کە لە بارودۆخێکدا کە گەل و نیشتمانی ئازیزمان بە مەزڵوومانە کەوتووەتە بەر هێرشی سەرانی بەرەی خۆبەزلزان، بە لێدانە کوشندەکانیان ڕێگەیان لە دوژمن گرتووە و ئەوانیان لە وەهمی ئەگەری زاڵبوون بەسەر نیشتمانی ئازیز و ئەگەرنا دابەشکردنی، دەرهێناوە.
برا موجاهیدە ئازیزەکان! ویستی جەماوەری خەڵک، بریتییە لە بەردەوامبوونی بەرگری کاریگەر و پەشیمانکەرەوەیە. هەروەها بێگومان دەبێت هێشتا ئامرازی داخستنی گەرووی هورمز بەکاربهێنرێت. سەبارەت بە کردنەوەی بەرەکانی دیکە کە دوژمن تێیدا ئەزموونی کەمی هەیە و بە توندی تێیدا لاواز دەبێت، لێکۆڵینەوە کراوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخی جەنگ و لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان، چالاک دەکرێن.
هەروەها سوپاسی دڵسۆزانەی موجاهیدانى بەرەى مقاومە دەکەم، ئێمە وڵاتانی بەرەی مقاوەمە بە باشترین دۆستی خۆمان دەزانین و پرسی بەرگری و بەرەی مقاوەمە، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی. بێگومان هاوکاری پارچەکانی ئەم بەرەیە لەگەڵ یەکدی، ڕێگەی ڕزگاربوون لە فیتنەی زایۆنی کورتتر دەکاتەوە؛ هەروەک بینیمان یەمەنی ئازا و ئیماندار دەستی لە بەرگری لە خەڵکی مەزڵوومی غەززە هەڵنەگرت و حزبوڵڵای فیداکار سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکان بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە هات و بەرگری عێراقیش ئازایانە هەمان ڕێگەی گرتووەتە بەر.
لە بەشی چوارەمدا، ڕووی دەمم لەو کەسانەیە کە لەم چەند ڕۆژەدا بە جۆرێک زیانیان پێگەیشتووە. چ ئەوانەی داخی شەهیدبوونی ئازیزێک یان چەند ئازیزێکیان تاقی کردووەتەوە؛ چ ئەوانەی بریندار بوون و چ ئەو کەسانەی کە زیان بە ماڵ و حاڵیان یان شوێنی کارەکەیان گەیشتووە. لەم بەشەدا سەرەتا هاوسۆزی قووڵی خۆم بۆ پاشماوەی شەهیدە پلەبەرزەکان ڕادەگەیەنم؛ ئەمەش لەسەر بنەمای ئەزموونێکی هاوبەشە کە من لەگەڵ ئەم گەورانەدا هەمە؛ جگە لە باوکم کە داخی لەدەستدانی بەڕێزیان بووە بە پرسێکی گشتی، هاوسەری ئازیز و وەفادارم کە ئومێدی زۆرم پێی هەبوو، و خوشکە فیداکارەکەم کە خۆی بۆ خزمەتکردنی دایک و باوکی تەرخان کردبوو و لە کۆتاییدا پاداشتی خۆی وەرگرت، هەروەها منداڵە بچووکەکەی و هاوسەری خوشکەکەی دیکەم کە مرۆڤێکی زانا و شەریف بوو، سپاردووە بە کاروانی شەهیدان. بەڵام ئەوەی ئارامی بەرامبەر بە نەهامەتییەکان دەبەخشێت و تەنانەت ئاسانی دەکات، سەرنجدانە بە بەڵێنی حەتمی و بێگومانی خودایی بۆ پاداشتێکی گەورە بۆ ئارامگران. بۆیە دەبێت ئارام بگرین و ئومێد و متمانەمان بە لوتف و دەستگیری خوای گەورە و باڵا هەبێت.
دووەم، هەمووان دڵنیا دەکەمەوە، کە ئێمە لە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانتان خۆش نابین، ئەو تۆڵەیە لەبەرچاومانە تەنها پەیوەندی بە شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕشەوە نییە؛ بەڵکوو هەر ئەندامێکی گەل کە لەلایەن دوژمنەوە شەهید دەکرێت، خۆی بابەتێکی سەربەخۆیە بۆ مەلەفی تۆڵەسەندنەوە. بێگومان بڕێکی کەم لەم تۆڵەیە تا ئێستا هاتووەتەدی بەڵام تا ئاستی تەواوەتی بەدەست نەیەت، هێشتا ئەم مەلەفە لەسەر مەلەفەکانی دیکە دەمێنێتەوە، بەتایبەت بەرامبەر خوێنی منداڵەکانمان هەستیاتر دەبین، بۆیە ئەو تاوانەی کە دوژمن بە ئەنقەست دەرهەق بە قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە میناب و هەندێک حاڵەتی هاوشێوە ئەنجامی داوە، پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەم بەدواداچوونەدا.
سێیەم، بێگومان دەبێت بریندارانی ئەم هێرشانە خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو بەخۆڕایی وەربگرن و لە هەندێک ئیمتیازی دیکە سوودمەند بن.
چوارەم، تا ئەو سنوورەى بارودۆخی ئێستا ڕێگە بدات، دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکان کە بە شوێن و موڵکی شەخسی گەیشتووەتە، هەنگاوی پێویست و دیاریکراو برندێک بۆ جێبەجێ. ئەم دوو خاڵەی دوایی وەک ئەرکێکی پێویست بۆ جێبەجێکردن بۆ بەرپرسانی پەیوەندیدار دادەنرێت لەسەریانە جێبەجێی بکەن و ڕاپۆرتەکەی بۆمن بەرزبکەنەوە.
ئاماژە بە خاڵێک دەکەم، کە پێویستە ئاگادرى بین، ئێمە داواى قەرەبوو لە دوژمن دەکەیەوە، ئەگەر ڕەتی بکاتەوە بەو ئەندازەیەی دیاری دەکەین لە ماڵ و موڵکی هەڵدەگرین، ئەگەر ئەوەش نەگونجا، بەو قەیارەیە موڵک و ماڵی دوژمن لە ناو دەبەین.
بەشی پێنجەمی قسەکانم، ڕوو لە سەرکردە و هەندیک لە ئاستە کاریگەرەکانە لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ئێمە لەگەڵ پازدە وڵات سنوورى وشکانی یان ئاویمان هەیە، هەمیشە ئارەزووی پەیوەندی گەرم و بونیادنەرمان لەگەڵ هەموویان هەبوە و دەبێت. بەڵام دوژمن لە ساڵانی ڕابردووەوە قۆناغ بە قۆناغ بنکەی سەربازی و دارایی لە هەندێک لەم وڵاتانەدا دروست کردووە تا زاڵبوونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. لە هێرشی ئەم دواییەدا، هەندێک لەو بنکە سەربازییانە بەکارهێنران کە هەروەک ئێمەش هۆشداری توند و ڕاستەوخۆمان دابوو، بەبێ ئەوەی دەستدرێژی بکەینە سەر ئەو وڵاتانە، تەنها ئەو بنکانەمان کردووەتە ئامانج. لەمەودواش دیسان بە ناچاری ئەم کارە بەردەوام دەکەین؛ هەرچەندە هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەین کە دەبێت دۆستایەتی لە نێوانمان و ئەو هاوسێیانەماندا هەبێت. ئەم وڵاتانە دەبێت هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە دەستدرێژیکاران بۆ سەر نیشتمانی ئازیزمان و بکوژانی گەلەکەمان ڕوون بکەنەوە. من پێشنیاز دەکەم هەرچی زووترە ئەو بنکانە دابخەن؛ چونکە بێگومان تا ئێستا تێگەیشتوون کە بانگەشەی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لەلایەن ئەمریکاوە درۆیەک زیاتر نەبووە.
ئەوەش دەبێتە بەهێزکرۆدنى پەیوەندییەکانیان بە گەلەکانیان کە زۆربەیان لە چوونە ریزى وڵاتەکانیان بۆ بەرەى کوفر و هەڵسکەوتى خۆبەزلزانەى کوفر ناڕازین، کە ئەوەش دەبێتە زیادبوونى هێز و سامى دوژمن، لێرەوە دوویارەى دەکەمەوە کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی بیەوێت باڵادەستی و داگیرکاری لە ناوچەکەدا بڵاو بکاتەوە، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ یەکێتی و پەیوەندی دوولایەنەی گەرم و دڵسۆزانە لەگەڵ هەموو هاوسێکان.
لە بەشی شەشەمی قسەکانمدا، ڕووی دەمم لە ڕێبەرە شەهیدەکەمانە. ڕێبەرم! بە ڕۆیشتنی خۆت داخێکی گەورەىا خستە دڵی هەموومان. تۆ هەمیشە پەرۆشی ئەم کۆتاییە بوویت تا دواجار خوای حەق لە کاتی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا لە بەیانی ڕۆژی دەیەمی مانگى پیرۆزى ڕەمەزان پێی بەخشیت. مەزڵوومییەکی زۆرت بە دەسەڵاتەوە و بە نەرمونیانیەوە بەرگەگرت و برۆت لێ گرژ نەکرد. زۆر کەس قەدری ڕاستەقینەی تۆیان نەزانی و ڕەنگە کاتێکی زۆرى پێ بچێت، تا جۆرەها پەردە و ڕێگری لادەچن و هەندێک لایەنى کەسایەتى تۆ دەدرەکەوێت.
ئومێدەوارین یەهۆى بەدەستهێنانى پێگەى نزیکت لە پەنای تیشکە پاکەکان و سدیقین و شەهیدان و پیاوچاکان بۆت فەراهەم بووبێت، کە هەمیشە لەبیری پێشکەوتنی ئەم گەلە و هەموو گەلانی بەرەی مقاوەبوویت بیت، هەروەک لە ژیانى دنیا دوغات بۆ دەکردن، ئێمە بەڵێن پێ دەدەین، هەموو تواناى خۆمان لە پێناو بەرزکردنەوەى ئەو ئأڵایە بخەینەگەڕ، ئاڵاى بەرەى حەق، هەروەها هەوڵى بەدیهێنانى ئامانجە باڵاکان بدەین، کە خۆتان بۆى نەزکردبوو.
لە بەشی حەوتەمدا سوپاسی هەموو ئەو گەورانە دەکەم کە پاڵپشتی منیان کردووە، لەوانە مەرجەعەکانی تەقڵید و کەسایەتییە جیاوازە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەموو خەڵک کە لە کۆبوونەوە پڕشکۆکاندا بۆ بەیعەتدانەوە بە ڕژێم ئامادە بوون، هەروەها سوپاسی بەرپرسانی سێ دەسەڵاتەکە و ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری دەکەم بۆ حوسنی تەدبیر و هەنگاوەکانیان.
ئومێدەوارم لەم کات و ڕۆژە پڕ بەرەکەتە خوا بەزەیى هەموو گەلی ئێران و موسڵمانان و چەوساوەکانی جیهان بگرێتەوە.
لە کۆتاییدا داوا لە مەولامان (عجّل الله تعالى فرجه الشريف) دەکەم لەم کاتە ماوانەی شەو و ڕۆژانی قەدر و مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، لە بارەگای خوای گەورە و باڵا، بۆ گەلەکەمان سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر دوژمندا و هەروەها عیزەت و فراوانی و عافیەت، و بۆ کۆچکردووەکانیشیان پلە و پایە و عافیەتی قیامەت داوا بکات.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment