وەزیری دەرەوەی تورکیا: بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین تورکیە

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە رایگەیاند، "هەموو هەولێکمان چڕکردۆتەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو جەنگە، تورکیا ئامادەی هەموو سیناریۆیەکە."

ئەمڕۆ هەینی (2026/3/13) ماڵپەڕی (سۆڵ) بڵاوی کردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانیەکەی باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێرانی کرد و گووتی، "لەگەڵ ئەڵمانیا تاوتوێی ئەو دۆخەمان کردووە و پێویستە بە زووترین کات ئەو جەنگە بوەستێنرێت و چیتر هێرش نەکردێتە سەر ئێران، چونکە کاریگەری بەسەر بازارە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەکە دەرکەوتووە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی جەنگەکە بە ناوچەکە هەیە."

لە درێژی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، "تورکیا بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە، ئێمە ئاگاداری هەموو جولەیەکین کە هەولێک هەیە کار لەسەر جوداخوازەکان دەکات و دژی هەموو پیلانەکین لە دژی وڵاتەکەمان، ئەوەی هەیە دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و پێکدادان، تورکیا بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا لە پێناو وەستاندنی ئەو جەنگە."

هاوکات دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی گروپی پارتەکەی دوێنێ ئاماژەی بە تێکچوونی دۆخی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، "دەبێت بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەبین، چونکە تادێت گرژییە سەربازییەکان و تێکچوونی سیاسەتی ناوخۆی ئێران بەهۆی هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕوولەزیادبوونە و مەترسیەکی جددیشی بۆ سەر تورکیا دروستکردووە."

جێگەی باسە، دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران، ئەمەریکا و ئیسرائیل تەهران دوو مووشەکی ئاراستەی تورکیا کردووە و لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا و هاوپەیمانانی ناتۆ تێکشکێندرا، هەر چەندە ئێران ڕەتیدەکاتەوە ئەو مووشەکانە لەلایەن ئەوانەوە ئاراستەی تورکیا کرابێت و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات. 

   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین