ئەردۆغان: ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک تورکیە

نوچەنێت

سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ئاراستەکردنی سێیەم مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەیان رایگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە ڕوونە بەرامبەر بەو پلانانەی کە دەیانەوێت تورکیا ڕابکێشنە نێو ئەو جەنگە، کاری لە پێشبینەمان دوورخستنەوەی تورکیایە لەو ئاگرە."

ئەمڕۆ شەممە (2026/3/14) ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دوێنێ خستنەخوارەوەی سێیەم مووشەکی بالیستیکی ئێرانی راگەیاند، هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەنقەرە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی تێکشکاندنی مووشەکێک لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە، پێمان باشە ئەمە ڕوونبکەینەوە بەهیچ شێوەیەک هیچ جۆرە مووشەکێک لە ئێرانەوە ئاراستەی تورکیا نەکراوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداری توند بە ئێران دەدات و گووتی، "وەک حکومەتی تورکیا زۆر بە وریاییەوە کاردەکەین بەرامبەر بەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت تورکیا پەلکێشی ئەو جەنگە بکەن، کاری پێشینەی ئێمە دوورخستنەوەی تورکیایە لەو ئاگرە، ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بەرامبەر بە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان، بیر لە شەڕکردن لەگەڵ ئێران ناکەینەوە، بەڵام ئامادەین بۆ هەموو شتێک."

لەلایەکی دیکە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانیەکانی تورکیا بەرامبەر بەو هێرشە پەیامێکی بە زمانی تورکی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە، "سوپاسی گەلی تورکیا دەکەم بۆ ئەو پشتیوانەی بەرامبەر بە گەلی ئێران نیشانی دەدەن و بۆتە سەرچاوەیەکی هێز و وزە بۆ ئێمە."

جێگەی ئاماژە پێدانە، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و ئەمەریکا، تاوەکو ئێستا سێ مووشەکی بالیستیکی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە سیستەمی بەرگریی ناتۆ تێکشکێندراوە و بەرپرسانی باڵای تورکیا هۆشداریان بە ئێران داوە، بەڵام سوپای  ئێران رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ئێمە بە هیچ شێوەیەک هێرشمان بۆ سەر تورکیا ئەنجام نەداوە و ئیسرائیل بەو کارە تۆمەتبار دەکەن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین