ئێران داوای قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی لە ئەمەریکا دەكات ئێران

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشە درۆنییەکانی سەر وڵاتانی عەرەبی دەخاتە پاڵ ئەمەریکا و لەبارەی وەستانی جەنگیشەوە دەڵێت، تاران پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (15/3/2026) عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ئێمە لە هەموو هێرشێکی سەر وڵاتانی عەرەبی بەرپرس نین، چونکە ئەمەریکا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە شێوەی درۆنی ئێرانی دروست دەکات و هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو، هەروەها گووتیشی، تاران ئامادەیە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر، چونکە هێرشەکانی ئێران تەنیا بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.

عەباس عێراقچی لەبارەی وەستانی شەڕ ئاماژەی بەوە دا، کە کۆتاییهێنان بە شەڕ بەستراوەتەوە بە دووبارەنەبوونەوەی هێرش لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە سەرەڕای قەرەبووکردنەوەی دارایی بۆ ئەم زیانانەی بە وڵاتەکەی گەیشتووە، بۆیە تاران پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی شەڕەکە.

هێرشەکانی ئێران ناڕەزایەتیی زۆری هەرێمی و نێودەوڵەتی لێ کەوتووەتەوە و وڵاتانی جیهان بە گشتی و کەنداو بە تایبەتی، داوا لە بەرپرسانی تاران دەکەن، هێرشە هەرەمییەکانی ڕابگرێت و لە ڕێگەی دانوستان و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکات،  چونکە بە هۆی ئەم هێرشانەوە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل کەوتووەتە مەترسییەوە و ژێرخانی مەدەنیی وڵاتان بەرەو داڕمان دەچێت. 

ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، لە کۆتایی مانگی (2)ی ئەمساڵ، سوپای پاسداران مووشەک و درۆن ئاڕاستەی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین