ململانێی ئێران و ئەمریکا لەسەر مێزی گفتوگۆوە بۆ مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەكردنی: چرا کوردستانی

 

بەرێوەچوونی گەڕی دانووستانەکان

لە دیارترین و ئاڵۆزترین ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "ململانێی ئێران – ئیسرائیلە"، کە مۆرکێکی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی قووڵی هەیە و کاریگەرییەکانی بە تەواوی سیستمی سیاسیی و ئابووریی هەرێمایەتی ناوچەکەدا شۆڕبووەتەوە. لە دوای شەڕی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئێران و ئەمریکا_ئیسرائیل، لایەنە بەشداربووەکان دووبارە گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ستراتیژیی. ڕۆژی هەینی (2026/2/6) دانووستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد. هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا - سێنتکۆم لە کۆبوونەوەکەی مەسقەت بەشداربوون و عومانیش رۆڵی نێوەندگیری لە دانیشتنەکەدا گێرا.

ڕۆژی سێشەممە  (2026/2/23)پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ کۆتاییهات ئەمە لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا دەستیانپێکرد. 

بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان ناوبژیوانی لە نێوان هەردوو شاندەکەدا دەکرد و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی هەردوو وڵاتیان دەکرد. هاوکات بە گووتەی کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، تاران بە دوو مەرج رازی بووە دەست بە دانوستانەکان بکاتەوە، یەکەم، گفتوگۆکان تەنیا لەبارەی پرسی ئەتۆمی بن و دووەمیشیان، پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.

گەڕی سێیەمی دانووستان لە ڕۆژی پێنجشەممە (2026/2/26) بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان، لە بارەگای باڵیۆزخانەی عومان لە شاری جنێڤ دەستیپێکرد و عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی دوای گەیشتنیان بە جنێڤ و ئەنجامدانی چەند دیدارێک لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، گەیشتنە جنێڤ و تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی پرسی ئەتۆم و لادانی سزاکان خستووەتە ڕوو. 

تەوەرەی سەرەکیش لە هەرسێ گەڕی دانووستانەکاندا، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو دواتر پرسی بەرنامەی موشەکی ودرۆنی وهێزە پرۆئێرانییەکانی بۆ زیاد بوو، کەگفتوگۆکانی ئاڵۆزترکرد. 

 

بۆچی دانووستانەکان دەستیان پێکرد؟

ڕۆژی (2026/03/1)، ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتمەدار لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نووچە نێتی ڕاگەیاند، دەستپێکردنی دانووستانەکان بە ڕواڵەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان پێش هەمووانیش پرسی ئەتۆمی، بەڵام دواتر باوە ئامرازێکی ڕەوایەتیپێدان، غافڵگیرکردن وئیدارەکردنی ململانێکان بەتایبەتیش لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە، دوای ئەوەی ئێران ئامادەی خۆڕادەستکردن نەبوو.

هەر لەمبارەیەوە دڵزار ساڵح، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، بە نووچە نێتی ڕاگەیاند، لەنێوان چاودێرانی سیاسی بیروڕای جیاواز هەیە، کە شەڕەکە تەنها پەیوەندی بە پیتاندنی یۆرانیۆم نییە بەڵکو کێشەی ئابووری لێدان لە ئابووری (چین) ئەویش لەو وڵاتانەی کە نەوتی پێدەدەن هەروەها شەڕی ئایینی و ئایدیۆلۆژی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەک و شەڕی مەزهەبی مەزهەبی سوننەو شیعە واتە ئێران و وڵاتانی سوننە مەزهەب لەلایەکی دیکەوە، چونکە ولاتانی عەرەبی سوننی پێیان خۆشە زلهێزترین وڵاتی شیعە کە ئێرانە لەناوچەکە نەمێن.

 

بۆچی دانووستانەکان شکستیان هێنا؟ کێ پێشێلکاریی کرد؟

دوا بە دوای سێ گەڕی دانوساندن، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بێ ئاکام و  بە شکست و دەسپێکردنەوەی جەنگ کۆتایی پێهات، لەمبارەوە کاروانی بە نووچە نێتی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پڕۆسە دیپلۆماسییەکان وردەکاریی زۆر لەخۆیان هەڵدەگرێن، بەڵام ئەوەی ڕوونە سەرەنجام شکستیان خواردوو شکستە دیپلۆماسییەکانیش جەنگیان لێکەوتەوە، "ئەوەش ئاشکرایە کەوا پەلاماری ئەمریکا و ئیسرائیلیش بۆ سەرئێران لەکاتێکدا بوو بەفەرمی گفتوگۆکان کۆتاییان پێ نەهێنرابوو وپێشێلکارییەکان لە لایەن ئیسرائیل و باڵە توندڕەوکانی سوپای پاسدارانەوە بوون". ئیسرائیل بڕوای وایە کاتی یەکلاکردنەوە هاتووە و دانوستان تەنها دەرفەت دەداتە ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر و توندڕەوکانی ئێرانیش هەر ڕێککەوتنێک بە تەسلیمبوون دەبینن.

لەبارەی هۆکاری پەککخرانی هەوڵەکانیش دڵزار ساڵح بۆچوونی وایە، خاڵی هەرە گەورەی ناکۆکی و سەرەکیترین خاڵ کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پەکخست، "پرسی کەرەستە و شوێنە ئەتۆمییەکان بوو". هاوکات داواکاریی ڕۆژاواش کە داوایان دەکرد ئێران نەک تەنها پیتاندن بوەستێنێت، بەڵکو دەبێت تەواوی "داتاکان و شوێنە ژێرزەوییەکان" ڕادەست بکات یان بپشکنرێن". لەبەرامبەر ئەمەدا، تاران ئەمەی بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی دەبینی و سوور بوو لەسەر ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هێڵی سوورە و وەک کارتی پاراستنی مانەوەی ڕژێم سەیری دەکات. ئەم بنبەستە وایکرد دیپلۆماسی جێگەی خۆی بۆ چەک چۆڵ بکات.

سەبارەت بە دەستپێشخەریی ئاشتی، ئەم شرۆڤەکارە بۆچوونی وایە کەوا  دەستپێشخەرییەکە زیاتر لە لایەن ئەوروپا بە دیاریکراوی (فەرەنسا و ئەڵمانیا) و بە هاوکاریی عومان بوو، هۆکارەکەشی ترس بوو لە داڕمانی ئابووریی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە. ئەوەشی خستەڕوو کەوا، ئەمریکا لە سەرەتادا جدییەتێکی تاکتیکی نیشان دا بۆ ئەوەی کات بباتەوە و ئامادەکاریی سەربازیی بکات. هەروەها ئێرانیش(لە سەردەمی باوکدا) جدی بوو، چونکە دەیزانی جەنگەکە بەرەو ناوخۆی وڵاتەکەی دەچێت. 

 

نێوەندگیریی وڵاتانی عەرەبی

لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا عومان ڕۆڵی گرنگی بینی لە نێوەندگیریی کردنی نێوان لایەنەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە عومان خاوەنی مێژوویەکی درێژخایەنە لە بێلایەنیی و ئەرێنی و نەبووە بەبەشێك لەململانێ و کێشەکانی ناوچەکە.

لەمبارەیەوە دڵزار ساڵح بە نووچە نێتی ڕاگەیاند، عومان تەنها وڵاتە کە متمانەی هەم واشنتۆن و هەم تارانیان هەیە و عومان دەزانێت هەر جەنگێک لە کەنداو، یەکەم قوربانییەکەی جوگرافیا و ئابووریی ئەوانە، بۆیە بەرژەوەندیی مانەوە پاڵی پێوە دەنان هەنگاوی نێوەندگیری بەرەو ئاشتەوایی بنێن. سەرباری ئەوەی ئێران چاکەی بەسەر عومان زۆرە لەساڵی 1973 ئێران 3 هەزار سەربازی نارد بۆ پشتیوانی کردنی سولتان قابوس لەجەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کە بە شۆڕشی زەفار (1965 - 1975) ناسراوە ئێران و سوپاکەی ڕۆلی گرنگیان بینی لە تێکشکانی شۆڕشی زەفار کە بە پشتیوانی میسر و سۆڤیەت لەوێ ڕاپەڕی بوون، بۆیە عومان لەدوای رووخانی رژێمی شاهنشاهی لەئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران هەر بەنزیکی مایەوە. تەنانەت ئێران لەکاتی ئەو شەڕەدا کەمترین پەلاماری ئەو وڵاتەی داوە. 

سەبارەت بە کەمبینی ڕۆڵی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، ئەم شرۆڤەکارە ئەوەشیخستەڕوو هەریەکەلە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، زیاتر لە چاوەڕوانیدا بوون، ئەوان دەیانویست بزانن ترەمپ تا چەند دەڕوات، چونکە لە دڵەوە نەیارن بەوەی ئێران وەک هێزێکی بەهێز لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بوونی قەیرانی ناوخۆیی، زۆربەی وڵاتانی تری عەرەبی سەرقاڵی کێشە ئابوورییەکانی خۆیانن و توانای فشاری سیاسییان بەسەر تاران یان واشنتۆندا نییە

هاوکات تێچووی نێوەندگیری، وڵاتانی عەرەبی نەیاندەویست ببنە لایەنگر لە جەنگێکدا کە هێشتا کۆتاییەکەی دیار نییە، بۆیە بێدەنگیان هەڵبژارد.

 

دەرئەنجام

لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەكانەوە، سێ گەڕی دانیشتن لە نێوان شاندی ئەمریكی و ئێرانی لێكەوتەوە، بەڵام ئەو دانیشتنانە نەیانتوانی ئەو دوو وڵاتە بە ڕێككەوتنێكی یەكلاكەرەوە بگەینن و لە ئەنجامدا زمانی هێز و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی، جێی زمانی دیپلۆماسییەتی گرتەوە، شكستی هەوڵە دیپلۆماسییەكانیش، دەكرێت لە چەند خاڵێكدا كۆبكرنەوە، وەك:

  1. سەرەکیترین هۆکاری شکستی هەوڵە دیپۆلۆماسییەكان، بۆ ناکۆکیی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی ئەتۆمی بوو، چونکە ڕۆژئاوا داوای ڕادەستکردنی تەواوی داتا و شوێنە نهێنییەكانی تایبەت بەو كەیسە دەکرد، ئێرانیش ئەو داواكارییەی بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی خۆی دەبینی.
  2. ئیسرائیل باوەڕیوایە کاتی یەکلاکردنەوە هاتووە و دانوستانەکان تەنها دەرفەت بە ئێران دەدات، كە بڕی یۆرانیۆمی زیاتر بەرهەم بهێنێت، بەشێك لە هێڵە توندەڕەوە ئێرانییەكانیش ڕێككەوتن لەسەر ئەو كەیسە، بە تەسلیمبوون دادەنێن.

 3- پەلامارەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، لە كاتێكدا بوو، كە گفتوگۆ بەردەوامبوو و كۆتاییان نەهاتبوو، ئەمەش وایكرد ئێرانییەكان متمانەیان بەو گفتوگۆیانە نەمێنێت.

4- كۆی ئەو پرۆسەیە پیشانی دەدات، كە بەبێ ئیرادەیەكی ڕاستەقینەی دوو لایەنە، بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان، بە تەنیا دیپلۆماسییەت ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات و هەوڵەكانی ئاشتی دەبنە كاتكوشتن، بۆ ئامادەكاریی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی.

 

سەرچاوەکان:

ــ لێدوانی تایبەت

ــ وەزیری دەرەوەی ئێران: گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریكا ئەرێنی بوون

ــ ململانێی ئێران – ئیسرائیل

ــ ئیسرائیل خۆی بۆ شکستی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا ئامادە دەکات

ــ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران کۆتاییهات

ــ گەڕی سێهەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ دەستیپێکرد

ــ گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە جنێف بەڕێوەدەچێت

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین