جەنگی ملیاری؛ تێچووی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران
نوچە نێت: تایبەت
ئامادەكردنی: هەڵگورد مەسعود
ڕۆژی (28)ـی شوباتی ئەمساڵ، ئیسرائیل هێرشیكردەسەر تاران. دوای نزیكەی چوار هەفتە، هەزاران مووشەكی بالیستی تەقێندراون، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هەزاران درۆنی تێكشاندووە و هێشتا دەیان فڕۆكەی جەنگی لە ئاسمانەكان لە جەنگكردن بەردەوامن، بەمەش خەرجییەکی زۆر لەڕووی سەربازییەوە لەسەر هەرسێ وڵات دەکەوێت کە ملیارەها دۆلارە، جگە لە زیانی ئابووریی، مرۆیی و ژینگەیی.
جەنگی چەكی پێشكەوتوو و قەبارەی تێچووەكان
ئەمەریكا و ئیسرائیل بەهەر نرخێك بێت، وەك بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە باسی لێوە دەكەن كاری ئەو جەنگە لەگەڵ ئێران تەواو دەكەن، بەتایبەت ئیفلیجكردنی سوپای ئەو وڵاتە لەڕێگەی، تێکشکاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، هێزی دەریایی و ئاسمانی، لەناوبردنی کۆگاکانی مووشەکی بالیستی و درۆنەکان، كوشتنی سەرجەم بەرپرس و فەرماندە باڵاكانی ئێران.
هەرسێ وڵاتی شەڕكەر، خاوەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشكەتوون، بۆ تێكشكاندنی هێرشە درۆن و مووشەكییەكان، بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە، لەسەردەمی ئێستادا، بەكارهێنانی ئەم سیستەمە تێچووی جەنگ بەرزتردەكاتەوە. سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی فەلاحەی داود، كە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەكاردەهێندرێت، بەپێی هەندێ ڕاپۆرت، بۆ تێكشاندنی هەر مووشەك و درۆنێكی ئێران، تێچووەكەی نزیكەی یەك ملیۆن دۆلارە، كە ئەم جەنگە لە چەندین ئاستی جیاواز بەڕێوەدەچێت. كەناڵی (13)ـی ئیسرائیل دەڵێت، تەنها لە چەند خولەكێكدا، حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ پشتیوانی لە ئێران، (100) مووشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە.
ئەگەر سەیری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەردوو وڵات بكەین، ئیسرائیل خاوەنی سیستەمێكی بەرگریی ئاسمانیی زۆر پێشكەوتووە، لەوانە قەڵغانی ئاسنین: تایبەتە بە تێکشکاندنی مووشەکی کورت مەودا و کاتیۆشا، هەروەها فلاخەی داود: بۆ تێکشکاندنی مووشەکی مەودا مامناوەند و فڕۆکە و درۆنەکان بەکاردێت. سیستمی پیکان: تایبەتە بە تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان لە دەرەوەی بەرگی هەوای زەوی، پێش ئەوەی بگەنە ئامانج.
ئێران سێ جۆر سیستەمی بەرگریی بەكاردەهێنێنێت، كە دوو جۆری بەرهەمهێندراوی خۆیەتی، لەوانە باوەر (Bavar-373): دەتوانێت لە مەودای دوورەوە ئامانجەکان بپێکێت. سیستەمی (S-300): دروستكراوی ڕووسیایە و بە پاراستنی بنكە ئەتۆمییەكان بەكاردەهێنێت. هەروەها سیستەمی (15)ـی خورداد، سیستمێکی مووشەکیی خێرا و گەڕۆکە بۆ تێكشاندنی فڕۆکەی جەنگی و درۆن.
بەهۆی فراوانبوونی جەنگەكە، بەگوێرەی ماڵپەڕی سیمافۆر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک کاروانی چەک و تەقەمەنی گەیشتوونەتە ئیسرائیل، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بدەن، چونكە ئیسرائیل ڕووبەڕووی کەمیی مووشەکی بەرگریی بووەتەوە و واشنتۆنیشی لەم بابەتە ئاگادار کردووەتەوە. لەلایەكی دیكەوە سێ ڕۆژ دوای دەستپێكردنی جەنگ، جەنەڕاڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، باسی لەوە کرد لە ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ سەر تاران، تەنیا لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەکەدا هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە هەزار ئامانج. هەروەها سوپای ئەمریکا نزیکەی (10) هەزار درۆنی پێشکەوتووی خاوەن ژیریی دەستکردی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی لە دوای دەستپێکردنی گرژییەكان لەگەڵ ئێران، دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی (26-3-2026) ئەدمیرال براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، زیاتر لە (10) هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناو خاکی ئێران پێکاوە، ئەگەر لەگەڵ سەرکەوتنەکانی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکانمان کۆبکەینەوە، پێکەوە هەزاران ئامانجی دیکەمان تێکشکاندووە، هەروەها گەورەترین کەشتییە جەنگییەکانی ئێران تێکشکێنراون، هاوكات ڕێژەی هاوێشتنی مووشەک و درۆنەکانیان بەڕێژەیەكی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش واتە توانای هێرشکردنیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و دراوسێیەکانیان بە رێژەیەکی خەیاڵی دابەزیوە. فەرماندەی سێنتکۆم زیاتر ڕوونیكردەوە و گووتی، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا تاوەکو ئێستا زیاتر لە (10) هەزار گەشتی جەنگییان ئەنجامداوە.
تێچووی جەنگ و ئامارەكان
لەگەڵ تەقاندنی یەكەم مووشەكی جەنگی شوبات، ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەیەكەم ڕۆژدا تێچووەكەی بە سەدان ملیار دۆلار لەسەر بودجەی سەربازیی هەرسێ وڵات دەخەملێندرێت. لەم ڕاپۆرتە شیكارییەدا، بە پێی ئامارە فەرمی و پشتڕاستراوەكان تێچووی سەربازیی هەرسێ وڵات دەخەینەڕوو. سەرەتا باسی تێچووی ئەمەریكا دەكەین، كە لە ماوەی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی (توڕەیی ئاسا) بۆ سەر ئێران خەرجی كردووە.
ــ ئەمەریكا:
سوپای ئەمەریكا، تەنها لە ماوەی (24) كاتژمێری یەكەمی جەنگی ئێران لە یەكەم هێرشی دا، (200) فڕۆکەی جەنگیی بەکارھێنراون و (500) شوێنی جیاواز لە ناوخۆی ئێران بۆردوومانكردووە، لەوانە بۆردوومانکردنی کۆشکی عەلی خامنەیی بە (30)ـی مووشەکی جۆری بانکەر، كە نرخی هەر مووشەکێک (20) ملیۆن دۆلارە، تەنانەت نرخی هەندێ جۆری دەگاتە (3) ملیۆن دۆلار، واتا ئەگەر بە هەرزانترین جۆری مووشە هەژمار یكەن، تەنیا بۆردوومانکردنی ئەو کۆشکە (600) ملیۆن دۆلاری تێچووە. لەلایەكی دیكەوە سوپای ئەمەریكا ئێستا لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگراون، ئەگەر هیچ جووڵەیەکیش نەکەن، ڕۆژانە تێچووی مانەوەیان (30) ملیۆن دۆلارە.
گۆڤاری (دی ئەتلانتیکی) ئەمریکی لە ڕاپۆرتێكی شیكاری دا، ڕۆژی (5-3-2026) بڵاویكردەوە، ئەمەریکا پارەیەکی خەیاڵی لەو جەنگە خەرج دەکات، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی وەزارەتی جەنگیی ئەمەریكا، هەر ڕۆژێکی جەنگ لە ئێران بڕی یەک ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی تێدەچێت. پێشكەوتووی چەك و مووشەكاكانی، تێچووییەكی زۆر لەسەر ئەمەریكا دروست دەكات، چونكە بڕێکی یەکجار زۆری تەقەمەنی و مووشەکی لەسەرەتای جەنگە بەکارهێناوە، بەجۆرێك کە بەشی چەند ساڵێک بووە. لەوبارەیەوە مارک کێلی سیناتۆری ئەمریکی دەڵێت، دۆخە ئابوورییەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە، چونکە ئێمە مووشەکی پاتریۆت و تاد بەکاردەهێنین، کە هەر دانەیەکیان نرخەكەی ملیۆنان دۆلارە، لە کاتێکدا ئێران درۆنی شاهد بەکاردەهێنێت، کە تێچووەکەی تەنها (30) هەزار دۆلارە، لە بەرامبەردا تەنها تێچووی یەك مووشەکی تۆماهۆکی ئەمەریكی (3.6) ملیۆن دۆلارە، ئەوە لە کاتێکدا لە (100) کاتژمێری یەکەمی جەنگەكەدا، (168) مووشەکی تۆماهۆك تەقێنراون، دەكاتە تێچووەكەی (268) میلۆن دۆلار.
پێنتاگۆن نەیشاردۆتەوە، تێچووی تەنیا شەش ڕۆژی یەکەمی هێرشەکان، زیاتر لە (11) ملیار دۆلار بووە، چاوەڕوان دەکرێت پێنتاگۆن داوای (50) ملیار دۆلار بودجەی زیادە لە کۆنگرێس بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیندپێندێنت، تێچووی کارپێکردنی دوو گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ڕۆژانە (18) ملیۆن دۆلارە، بەبێ تێچووی مووشەک و تەقەمەنییەکان، لەوانە: تێچووی کارپێکردنی کەشتیی "یو ئێس ئێس جیرالد فۆرد" ڕۆژانە (11.4) ملیۆن دۆلارە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ (35) هەزار دۆلارە، کاتژمێرێکی فڕینی بۆمبهاوێژی "B-2" لەنێوان (130) بۆ (150) هەزار دۆلارە. شارەزایانی ئابووریی پێشبینی دەكەن، تێچووی ڕاستەوخۆی جەنگەکە بۆ ئەمریکا بگاتە (95) ملیار دۆلار، بەڵام بەهۆی شڵەژانی بازاڕی وزە و بازرگانی جیهانی، ئەگەری هەیە زیانە ئابوورییەکان بگەنە (210) ملیار دۆلار.
بەپێی بەداواداچوونێكی ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و میدیای جیهانی، لە بەرچاوگرتنی تێچووی هەفتەی یەكەمی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا و خەمڵاندنی تێچووەكان، هاوكات لە ئەگەری درێژەكێشانی جەنگەكە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ، پێشبینی دەكەن تێچووی سەربازیی ئەمەریكا بەمجۆرە بن: تێچووی شەش مانگا (50) بۆ (90) ملیار دۆلار، تێچووی یەك ساڵ (200) ملیار دۆلار بێت.
ئیدارەی ترەمپ، جگە لەو پارە زۆرەی ڕاستەوخۆ لە بەكارهێنانی فڕۆكەی جەنگی، درۆن، مووشەكی بالیستی، كەشتی جەنگی و جووڵە پێكردنی سوپا خەرجی كردووە، سەرەتا ئەمەریکا بانگەشەی ئەوەی دەکرد جەنگی ئێران لە ماوەی (48) کاتژمێردا تەواو دەکات، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین جگە درێژەكێشانی جەنگەكە، ڕووبەڕووی زیانێکی سەربازیی گەورە بۆتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێكی یەنی شەفەقی توركی، لە (28)ـی شوبات، لەوەڵامی هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران زیانێکی زۆری بە توانای سەربازیی هەردوو وڵات گەیاندووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی دوو هەفتەی جەنگدا، ئێران (60) شوێنی ستراتیژیی و زیاتر لە (500) پێگەی سەربازیی ئەمەریکا و ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، بە بەكارهێنانی نزیکەی (700) جۆری درۆن و سەدان مووشەك لەماوەی دوو هەفتەی جەنگەكەدا، لە بەرامبەردا ئەمەریکا تەنیا لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا بەبەهای (3.84) ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازیی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێکهاتەکانی ڕاداری لەدەستداوە، هاوكات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ڕاداری ئەمەریكی (AN/TP-2) کە سەر بە سیستەمی مووشەکی بالیستیکی (THAAD) یە و لەلایەن ئیمارات و سعودیە و قەتەر بەكاردەهێندرێت، نرخی ئەو سیستەمانە بە (2) ملیار دەخەملێندرێت، بە ئامانج گرتنی سیستەمی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی ئەمەریکا لە جۆری (AN/FPS-132) لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر بە بەهای (1.1) ملیار دۆلار، سێ ڕاداری ئەمەریکا لە کەمپی عارفجان لە کوێت بەبەهای (30) ملیۆن دۆلار گورزێکی دیکەی ئێران بووە لە ئەمریکا.
هەروەها لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکا پشتراستکرایەوە، کە لەوكاتەوەی هێرشکراوتەسەر ئێران، نزیکەی (11) درۆنی جەنگی (MQ-9 reaper) خراوەتە خوارەوە، كە زیانەكەی بە (330) ملیۆن دۆلار دەخەملێنن، جگە لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەی (ئێف 18)ـی ئەمەریکی بەهەڵە لەلایەن سوپای كوەیتەوە، زیانەكەی بە (282) ملیۆن دۆلار و تێكشكاندنی فڕۆکەی سووتەمەنی پرکردنەوەی جۆری (KC-135) لە عێراق، بەهاكەی نزیکەی (80) ملیۆن دۆلار بووە دەخەملێندرێت. دەربارەی زیانی گیانی، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دەنگی ئەمەریکا، جەنگی دژ بە ئێراندا (140) سەرباز بریندار بوونە و تاوەکو ئێستا (13) سەربازییان گیانی لەدەستداوە.
ڕۆژی (19)ـی شوبات، واتە دوای (20) ڕۆژ لە دەستپێكردنی جەنگ، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگیی ئەمریکا ئاشكرای كرد، "پاکێجێکی دارایی سەربازیی بە بڕی (200) ملیار دۆلار بۆ کۆنگرێسی ئەمەریكا ناردووە، چونكە جەنگ بەردەوام دەبێت و درێژە دەکێشێت"، داواشی كرد، "زیادکردنی بودجەیەک بە بڕی (200) ملیار دۆلار بۆ جەنگی ئێران، داواكارییەكی بەپەلە و گرنگە، پێویستی بە پەسەندکردنی خێرایە، چونکە لە ڕێگەیەوە دڵنیایی دەدرێت لەوەی کە سوپای ئەمریکا بڕە داراییەکی باشی بۆ دابین کراوە و لە توانایدایە ئەرکەکانی بە باشی جێبەجێ بکات".
ــ ئیسرائیل:
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، تێچووی جەنگ ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و ملیارەها دۆلار لە بودجەی ئیسرائیل خەرج کراوە. لە ماوەی دوو ڕۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بە سەدان مووشەک تەقێنراون و سەدان فڕۆکە لە ئاسمان فڕیون، بەمەش خەرجییەکی زۆر لەسەر هەرسێ وڵات دەکەوێت کە ملیارەها دۆلارە. بەگوێرەی ماڵپەڕی زە تایمس ئۆف ئیسرائیل، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل هۆشداریی داوە لەبارەی تێچووی جەنگی ئێران و و گوتویەتی، لە هەر هەفتەیەک لە جەنگی ئێران سێ ملیار دۆلاری تێدەچێت بۆ ئیسرائیل. بەڵام بە گوێرەی ئامارێكی دیكە، تێچووەكانی سوپای ئیسرائیل تەنیا لەماوەی (20) ڕۆژی یەکەمی جەنگەكەدا گەیشتووەتە نزیکەی (6.4) ملیار دۆلار، هاوکات پێش جەنگەکە کۆی گشتی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئیدارەدانی جەنگەکە لە ڕووی سەربازییەوە نزیکەی (12.5) ملیار دۆلار بووە، لەبەر ئەوە سوپای ئیسرائیل بە ناچاری ئامادەکار دەكات بۆ داواکردنی بودجەی زیاتر، بەهۆی بەربوونەوەی تێچووە سەربازییەكان.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی (INSS) لە نوێترین ڕاپۆرتی دا، دووپاتی دەكاتەوە، تێكڕای تێچووە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە دوو ڕۆژی یەكەم دا، گەیشتۆتە (1.76) ملیار دۆلار، بەڵام سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل پێشتووتر ڕایگەیاند بوو، جەنگەكە لە قۆناخی سەرەتایدا (2.86) ملیار دۆلار تێچووی هەبووە. رۆژنامەی (Jerusalem Post)ـی ئیسرائیلی پشڕاستی بەرزی ئاستی تێچووەكان دەكاتەوە و دەڵێت، هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژانە نزیکەی هەزار کەرەستەی جەنگی و نزیکەی (150) فڕۆکە بەکاردەهێنن، بە گوێرەی خەمڵاندنەكانی خودی سوپای ئیسرائیل هێزەکانی بەرگری تەنیا لە (15) ڕۆژی یەکەمدا، نزیکەی (6.41) ملیار دۆلاریان خەرجکردووە، ئەمەیش وایكرد بودجەی بەرگریی حکومەت لە (35.9) ملیار دۆلارەوە بۆ (56.7) ملیار دۆلار بەرزبکرێتەوە، واتە زیاتر لە (20) ملیار دۆلار زیادی کردووە. شارەزایانی ئابووریی پێشبینی دەكەن، تێچووی ئیسرائیل بەرزترە لەو ژمارانەی بڵاوی دەكاتەوە و پێیانوایە، هەفتانە (4) ملیار دۆلار و مانگانە (12) ملیار دۆلار لەو جەنگە خەرج دەكات، لە ئەگەری درێژەکێشانی بۆ ماوەی (3) مانگ بەو پێوەرە، تێچووەکەی لە کۆی تێچووی یەک ساڵی شەڕی غەززە زیاتر دەبێت.
ــ ئێران:
سەبارەت بە تێچووەكانی ئێران لە جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریكا، تەنها لە یەکەم ڕۆژدا، ئێران زیاتر لە (300) مووشەک و (300) درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی ئیسرائیل و ناوچەکە کردووە، تێچووی ئەم هێرشانە بە زیاتر (180) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، هاوکات خەرجییەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران (600) ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، هەرچەندە لە سیستەمی بەرگریدا دوچاری شکست بووە. کۆی گشتی تێچووی ئێران تەنیا لە (24) کاتژمێری یەکەمدا گەیشتە ملیارێک و (400) ملیۆن دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە لە جەنگی (12) ڕۆژەی ساڵی ڕابردوودا، تێچووی ڕۆژانەی ئێران بە تێکڕا (725) ملیۆن دۆلار بووە، واتە ئێران تەنیا لە یەک ڕۆژدا (14%)ـی تەواوی بودجەی بەرگریی ساڵانەی خەرج کردووە کە (10) ملیار دۆلارە.
ئێران جگە لە ئەمەریكا و ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند وڵاتێكی كەنداو ئەنجامداوە، ئەمەیش وایكردووە وڵاتانی کەنداو لە ماوەی (18) ڕۆژی جەنگدا، نزیکەی نزیكەی (6) ملیار دۆلار لە مووشەك و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی خەرج بكەن، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران، لە کاتێکدا تێچووی هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە، تەنیا بەشێکی زۆر کەمی ئەو بڕەیە و لەنێوان (194) بۆ (391) ملیۆن دۆلاردایە.
گریمانەكانی كۆتاییهاتنی جەنگ و تێچووەكان
واشنتۆن و تەلئەبیب كەی هێرشەكانی سەر تاران دەوەستێنن؟! وەڵامی دانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. زۆربەی وڵاتانی جیهان و چاودێرانی سیاسی و سەربازیی ناتوانن گریمانەی وەستانی جەنگ بكەن لە كاتێكی دیاریكراودا، چونكە ئەم جەنگە هاوشێوەی هیچ جەنگێك نییە. تەنیا شتێك كە ڕوونە، مەرجی پنتاگۆنە سەبارەت بەوەی جەنگەکە کەی و چۆن کۆتایی دێت، دەڵێت، تەنیا بژاردە لەبەردەم تاران "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجە" واتە پەكخستن و بێ كاریگەربوونی ئێران لەڕووی سەربازییەوە لەلای ئیدارەی ترەمپ مەرجی سەرەكییە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەسەرەتای ئۆپراسیۆنی وڵاتەی دژ بە ئێران ڕاگەیاند، دەتوانن لە ماوەی (48) كاتژمێردا ئێران بڕوخێنن، هەفتەیەك دواتر گووتی، پێشبینی دەكەم ئۆپەراسیۆنەکان (4) بۆ (5) هەفتە بخایێنێت. ئەمە لە كاتێكدا پیت هیگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە جەنگەكە نزیکەی (8) هەفتە بخایێنێت.
بەرپرسانی ئەمەریكا ئاشكرای دەكەن، تائێستا ئەمەریكا زیاتر لە (2) هەزار سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە. بەپێی هەندێ سەرچاوە ئەگەرچی ئێستا تاران و واشنتۆن بە نێوەندگیریی میسر و پاكستان لە دانوستاندنێكی نهێنی دان بۆ وەستاندنی جەنگ، بەڵام ئەمەریكا تاوتوێی ناردنی چەندین هەزار سەربازی دیكە بۆ شەڕی زەمینی دەكات. هاوكات دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی (26-3-2026) ڕایگەیاند، مۆڵەتی (10) ڕۆژی دیكە بە ئێران دەدات و بڕیاری بۆردوومان نەكردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و وزەی ئێران دوادەخات، وەك جۆرێك لە فشار خستنەر ئەو وڵاتە، بە ئامانجی كردنەوە گەرووی هورمز، بەڵام هەردوولا لە ئۆپراسیۆن و هێرشەكانیان دژ بەیەك بەردەوامن.
لەلایەكی دیكەوە کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری رۆژئاوای ئاسیا لە ڕاپۆرتێكدا هۆشداری دەدات و ئاماژە بەوە دەكات، زیانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ڕۆژانە لە زیادبووندایە، تاوەكو ئێستا زیانی ئابووریی (63) ملیار دۆلاری لە ناوچەکە داوە. نەتەوەیەكگرتووەكان دووپاتی دەكاتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگەکە دەڵێ، ئەگەر ئەم جەنگە یەک مانگ بخایەنێت، ئەو کاتە قەبارەی زیانەکەی دەگاتە نزیکەی (150) ملیار دۆلار، کە ئەوەش (3.7)ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ناوچەکە پێک دەهێنێت.
ئەنجام
بە پشت بەستن بە خستنەڕووی چەندین ئاماری دامەزراوە فەرمییەكان و میدیاییە جیهانییەكان و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی، لەم ڕاپۆرتە شیكارییەكەدا لە ئەگەری درێژەكێشانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئیران، تێچووی جەنگەكە بە شێوەیەكی خەیاڵی بەرزدەبێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بە نزیكەیی، ئەگەر جەنگەكە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بێت، بەلایەنی كەم تێچووی جەنگ لەڕووی بەكارهێنانی ئاستی بەكارهێنانی كەرەستە سەربازییەكان و زیانە سەربازیی و ئابوورییەكان بۆ زیاتر (400) ملیار دۆلار بەرزدەبێتەوە.
سەرچاوەكان:
ــ هێرشەکانی ئێران گومان دەخاتە سەر توانای سەربازیی ئەمەریکا،
ــ سێنتکۆم ئاماری زیانەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران ڕادەگەیێنێت
ــ فەرماندەی سێنتکۆم: 10 هەزار ئامانجی سەربازیمان لە ئێران پێکاوە
ــ وەزیری جەنگی ئەمەریكا داوای دابینكردنی دارایی زیاتر دەكات
ــ ئەمەریكا لە جەنگی ئێران چەند زیانی بەركەوتووە؟
ــ تێچووی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بۆ (6) ملیار دۆلار بەرزبووەوە
ــ تێچووی جەنگ؛ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران ڕۆژانە چەند ملیار دۆلار خەرج دەکەن؟
ــ تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت؛ ڕۆژانە یەک ملیار دۆلارە
ــ تێچووی جەنگی ئێران بۆ ئەمریکا چەندە؟
ـ چەند لێکدانەوەیەک بۆ جهنگی ئێران - ئیسرائیل
ــ وەزارەتى دارایی ئیسرائیل: تێچووی هەر هەفتەیەکی جەنگى ئێران سێ ملیار دۆلارە
ــ ئەمریکا (10) هەزار درۆنی خاوەن ژیریی دەستکرد ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
ــ ئەمەریكا زیاتر لە (2) هەزار سەرباز ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات
ــ "بارودۆخی سەخت"؛ کۆندۆلیزا ڕایس و پسپۆڕانی هووڤەر لەسەر جەنگی ئێران
ــ نەتەوە یەکگرتووەکان: زیانی یەک مانگی ئەم جەنگە نزیکەی 150 ملیار دۆلار دەبێت
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment