بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە؛ لە گرنگترین پڕۆژەی کابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان
نوچە نێت: تایبەت
ئامادەكرنی: چرا کوردستانی
هەنگاوەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
لە چوارچێوەی کاروپڕۆژەکانی کابینەی حەوتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە هەنگاوە گرنگ و کاریگەرەکانی ئەم کابینەیە، بە پارێزگاکردنی شاری هەڵەبجە بوو، وەک پارێزگایەکی کوردستانی بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان ژمارە (11) لە (1999/9/22) بوو. ئەنجومەنی وەزیران لە هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی (2013/8/7) بە پشتبەستن بە مادەی (141)ـی دەستووری عێراق و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان داواكارییەكی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرزكردەوە بەمەبەستی ناساندنی هەڵەبجە وەكو پارێزگا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی، لە دانیشتنی ئاسایی 54ی خۆیدا، بە بڕیاری ژمارە 568 لە ساڵی 2013، دوای وەرگرتنی سنوورە ئیدارییەكانی پارێزگاكە، یاسای پارێزگای هەڵەبجەی لە كۆماری عێراق پەسەند كرد. نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان/ بەغدا، لە نوسراوێكدا بە ژمارە 155 لە (2014/1/8)، بە ئاماژەدان بە نوسراوی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، زانیاری و نەخشەی كارگێڕی پارێزگاری هەڵەبجەی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزكردەوە و دوای ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2014/2/23) بە ئاماژەدان بە بڕیاری ژمارە 568ی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە دەقە دەستوورییەكان، دەسەڵاتی هێنانەكایەی پارێزگاری هەڵەبجە لە چوارچێوەی كۆماری عێراق و لە چوارچێوەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە دەسەڵاتە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران لە هەرێم، لە (2013/3/13)، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق، مادەكانی 141 و 115، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە 568 و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا لەسەر ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا و بڕیارەكەی بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردەوە. سەرۆكایەتی هەرێم لە (2014/3/16) بەپێی یاسای ژمارە 1 لە ساڵی 2005 و بڕیاری یاسایی ژمارە 11 ی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەرێمی بۆ هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە دەركرد. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری هەرێمی بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان گشتاند بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە (2015/2/15) یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2015ی پەسەند كرد و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان) بڵاوكرایەوە. لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2015 و 2016 و 2017 و بودجەی تایبەت بۆ پارێزگاری هەڵەبجە تەرخانكرا، و رۆژی (2024/4/5) خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە ئەنجامدرا 24-رۆژى 14ى نیسانى 2025 پڕۆژەیاساكە پەسەندکرا.
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە
لە ڕۆژی (2013/12/25) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (كابینەی حەوتەم)، سەردانی بەغدای کرد، دوای گفتوگۆکردن پڕۆژەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و بڕیاری کابینەی حەوتەمی حکوومەتی کوردستانی لەو بارەیەوە بە فەرمی ڕادەستی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد. سەرۆک وەزیرانی عێراقیش پڕۆژەکەی پەسەند کرد و بڕیاریدا بخرێتە سەر کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت و بنێردرێتە دواتریش کە بەیاساکردنی بەپاریزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عیراق، کاتی زۆری برد، نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان، چاوەڕوانی بریاری بەغدای نەکرد دوای ماوەیەکی زۆر کار لەسەرکردن لە (2014/3/13) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی خەڵکی شارەکە بریاری بەپاریزگابوونی هەڵەبجەی ڕاگەیاند.
نیچیرڤان بارزانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی هەڵەبجە لە ئەنجوومەتی وەزیران، کە لە نوێنەرانی کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە، لە قایمقام، نوێنەرانی دەزگا کارگێڕییەکان، زانایانی ئایینی ئیسلام، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان پێک هاتبوون، لەگەڵیاندا کۆبووەوە و بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پێ ڕاگەیاندن و گووتی، هەڵەبجە بووەتە سیمبولی مەزلوومییەتی گەلی کوردستان، بۆیە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نە لووتف و نە مننەتە، بەڵکوو بەلای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگە ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت. لای خۆیشیانەوە نوێنەرانی هەڵەبجە ستایشی پیشوازی و هەڵوێستی نیچیرڤان بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
دواتر نیچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمێكدا بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسەند کرد، پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم میدیاکاندا، فەرمانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژوو کرد. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ واژۆکردنی فەرمانەکەدا لە وتەیەكدا گوتیی، “هەڵەبجە لە ڕۆژانێکدا، لەو کاتەی کە هەزارەها خەڵک لەوێ بەبێدەنگی کیمیاباران کران و کەس قسەی لە بارەیانەوە نەکرد، بووە سیمبولی مەزلوومییەتی گەڵی کوردستان. هیوادارم بەو کارەی ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردی، کە داواکاریی خەڵکی خۆشەویستی ئەم شارە بوو.“
بودجە و قەرەبوو
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی كار و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لە ماوەی ساڵانی سەرۆكایەتیی كابینەی حەوتەمدا، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە پارێزگاکردنی شاری هەڵەبجە و بە فەرمی پەسەندکردنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەردەوام هەوڵ و پشتیوانییەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ پشتگیریی کردنی شاری هەڵەبجە و خەڵکەکەی.
لە حەوتەمین دیداری سلێمانی کە لەلایەن زانکۆی سلێمانی- ئەمەریکی ڕێکخرابوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد کە "زۆر دڵسۆزانە کاری کرد بۆ تەواوکردنی ڕێكارهكان تا هەڵەبجە ببێت بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق." سەرۆکی هەرێمی كوردستان، لە وتارەکەیدا داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان و گووتی، "ههوڵهكانى حكومهتى فیدراڵى و بهڕێز سهرۆک وهزیرانی عێراق بۆ بایهخدان به ههڵهبجه و قهرهبووكردنهوهى زیانلێكهوتووانى، ههنگاوێكی دهستوورى و پاڵپشتیكراون به بڕیارەکانی دادگا بهرامبهر به تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئهوه کارێکی تەواو دەستووری و یاسایییە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت."
هاوكات سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێكی دیكە، لە یادی (32) ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، ڕایگەیاند، "لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زياتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیايی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت."
ئەمساڵ و ڕۆژی (2026/03/16) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵیادی (38) ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە پەیامێكدا بیری حكومەتی عێراقی هێنایەوە و جەختی لە بەرپرسیاريهتیی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرانبەر به هەڵەبجە و قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەع كردەوە، كە "بهپێى بڕيارى دادگاى باڵاى تاوانهكانى عێراق كه تاوانى كيميابارانكردنى ههڵهبجهى به جينۆسايد ناساند، پێویستە قەرەبووى شایستەی قوربانییان بكاتهوه، تاكوو دادپهروهرى بۆ قوربانييان بهدى بێت، ههروهها له ههرێمى كوردستانيش دهبێ باشترين خزمهت و چاودێريى پێويست پێشكهش به بهركهوتووانى ئهو تاوانه بكرێت".
گرنگی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پرسێکی زۆر گرنگ بوو بۆ مێژووی ئەو شارە و مێژووی کوردستان، بەر لە هەموو شتێک بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەست بە پرسی کوردەوە، کە لەسەر چەند ئاستێک خۆی دەبینێتەوە، ئەوانیش لەسەر بوونی پارێزگای هەڵەبجە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان تەنها پێکهاتبێت لە سێ پارێزگای دیاریکراو، بۆیە لەم ڕوانگەوە پەیوەست بە هەرێمی کوردستان کاریگەری باشی هەیە و وە دەستکەوتێکی گەورەیە.
لەسەر ئاستی زیادبوونی ژمارەی پارێزگاکان و دیاریکردنی بودجە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان، چونکە ئەو دەستکەوتە ماددییانەی کە بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکرێت جیاوازە لەو بودجەیەی کە بۆ قەزاکان تەرخان دەکرێت، تەنانەت لەدیاریکردنی پلە و پۆست و ڕێکارە ئیداریەکان دا جیاوازیەکی زۆر هەیە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەو شارەی کردە خاوەن بودجەیەكی تایبەتی خۆی و وەك پارێزگاكانی دیكەی هەرێم خزمەتگوزاری پێشكەشدەكرێت و پڕۆژەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت و بێ كاری كەمدەبێتەوە و لە رووی ئابووریشەوە دەبوژێتەوە، وەك شارەزایان باسی لێوە دەكەن. بۆیە لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سودی لێ دەبینێت.
دکتۆر فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی حیزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکدا دەڵێت، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ڕووی دیاریکردنی ڕێژەی کورسی بۆ پارێزگاکە دیسانەوە کاریگەری خۆی هەیە، هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە دیسانەوە کاریگەری هەیە، بەتایبەت پەیوەست بەو پرسانەی کە لە ئایندەدا دێنە پێشەوە، هاوکات بە نیسبەت هاوڵاتیانەوە دەستکەوتێکی گەورە و کاریگەرییەکی گرنگی هەیە، چونکە بەر لە هەمووشتێک لە ڕووی دەرونییەوە جۆرێکە لە قەرەبوکردنەوەی ئەو قوربانیدانەی کە پارێزگای هەڵەبجە داوێتی، کە بەدەست ئەو حکومەتەی کە لە دوای ململانێیەکی زۆر بڕیاری بە پارێزگابوونەکەی دا کە میراتگری حکومەتەکانی پێشخۆیەتی، کە تاکە پارێزگایەکە لە لایەن حکومەتەکەی خۆیەوە کیمیاباران کرابێت، لەبەرئەوە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە گرنگی گەورەی هەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
ئەنجامەکان
- بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژی زیاتر لە 25 ساڵ بوو، کە لە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە 1999 دەستیپێکرد و لە نیسانی 2025 بە پەسەندکردنی یاسا لە پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێهات. کە لە سەردەمی کابینەی حەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەستپیشخەریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بە پڕۆژە پێشکەش حکوومەتی عێراق کرا.
- بە زیادبوونی ژمارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە سێ بۆ چوار، هەرێم لە ڕووی دەستوریەوە کورسی زیاتری بەدەستهێنا و کاریگەرییەکی گەورەتری لە بڕیاردان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، بە دەستخست، ئەمەش واتا بەرفراوانبوونی دەسەڵات و بووژانەوەی بەشداریی کوردستان لە سیاسەتی گشتی عێراقە، نەک تەنها زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکان.
- بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، عێراق بە شێوەیەکی فەرمی هەڵەبجەی وەک بەشێکی جیاکراوە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە ناساند ، کە خۆی جۆرێکی دانپێدانانی فەرمی بوو بە تاوانی کیمیابارانکردن، بەتایبەت کاریگەرییەکی قوڵی هەبوو کاتێک دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند، ئەمەش دەرخەریی ئەوەیە کە بە پارێزگابوون تەنها کاری ئیداری نییە، بەڵکوو پشتیوانی یاسایی و مەعنەوی بۆ داواکاری قەرەبووی شایستەی قوربانیانە.
- پێش بە پارێزگابوون، هەڵەبجە وەک قەزا بودجەیەکی سنووردارتری بەدەستدەهێنا و ئەمەش پرۆژەی گەشەسەندنی تێدا کەمتر بوو، دوای بە پارێزگابوون لە بودجەی فیدراڵی بودجەیەکی تایبەتی تەرخانکرا، ئەمەش ڕێگەی کردەوە بۆ گەشەکردنی بنەماکانی خزمەتگوزاری، کەمکردنەوەی بێکاری و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، کە شارێکی زیانی زۆری لە کیمیابارانەکه بینیبوو.
سەرچاوەکان:
ــ كتێبی (پەرتەوازەیی و یەکڕیزی)، ن: ڕزگار ڕەزا چووچانی، بەرگی 2، چاپی یەکەم، دەزگای نووچە - هەولێر، 2024.
ــ پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە
ــ نێچیرڤان بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووى شایستەی قوربانییانی هەڵەبجە بكاتهوه
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment