ئامارەكانی جەنگی نوێ؛ لە نێوان ئۆپراسیۆنی (نەڕەی شێر) و (بەڵێنی ڕاستی4)دا ناوخۆیی

تایبەت بە نوچەنێت:

ئامادەكردنی: هەڵگورد مەسعود

ڕۆژی (28)ـی شوباتی (2026)، دانیشتوانی تاران بە دەنگی مووشەكی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر وڵاتەكەیان بە ئاگاهاتن. دەستپێكردنی جەنگەكەش لە ڕۆژدا بوو، ئەمەیش لە ڕووی سەربازیی و سیاسییەوە پەیام و مانای خۆی بۆ ئێران هەبوو. لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگ، ئیسرائیل لەگەڵ هاوبەشە ئەمەریكییەكەی لە ئۆپراسیۆنێكی چڕدا، لە ئاسمانەوە گورزێكی بەهێزیان لە ڕێبەر و بەرپەرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوەندە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە وەشاند. لە بەرامبەردا ئێران بە خێرایی چەندین شەپۆلی مووشەكی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە خۆدەگرن دەستپێكرد، ئەم هەنگاوی ئێران، لە خۆوە نەبوو و ئامادەكاریی پێشوەختەی بۆ جەنگە لێدەخوێندرێتەوە.

 

یەكەم: توانا سەربازییەكانی ئێران و ئیسرائیل هاوشێوەی یەكترن؟

شارەزایانی سەربازیی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی جەنگ ئاماژە بەوەدەكەن، توانای سەربازیی ئێران و ئیسرائیل لێك نزیكن، بەڵام ئەمەریكا هاوپەیمانەكەی ئیسرائیل لە جەنگی كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، وەك دواتر بە پێی ئەو ئامارانەی ئاماژەی پێدەكەین كاریگەریی لەسەر هاوكێشەی جەنگەكە هەبووە. بە گوێرەی لێكۆلێنەوەكان، "بەشێوەیەکی گشتی لە ڕووی توانای سەربازییەوە هەردوولا نزیکن لە یەکترەوە. لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە: ئیسرائیل (611) فڕۆکەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (551) دانەی هەیە. ئیسرائیل (240) فڕۆکەی جەنگی جۆراوجۆری هەیە، ئێران (188) دانەی هەیە.  ئیسرائیل (38) فڕۆکەی هێرشبەری تایبەتی هەیە، ئێران (21) دانەی هەیە. ئێران (87) فڕۆکەی گواستنەوەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئیسرائیل (13) دانەی هەیە. ئیسرائیل (159) فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (103) دانەی هەیە. ئەو فڕۆکانەی ئەرکی تایبەت و هەستیار ئەنجام دەدەن، ئیسرائیل (19) فڕۆکەی هەیە، ئێران (10) دانەی هەیە. ئیسرائیل (147) هێلیکۆپتەری جۆراوجۆری هەیە، ئێران (128) دانەی هەیە. ئیسرائیل (48) هێلیکۆپتەری هێرشبەری جەنگی جۆراوجۆری هەیە، لە بەرامبەردا ئێران (13) دانەی هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانە، لە ڕووی توانای هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل تواناکانی لە پێش ئێرانەوەیە، بەڵام نكۆڵی لەوە ناكرێت ئەوە مانای ئەوە نییە هێزی ئاسمانی ئێران لاوازە.

سەبارە بە هێزی وشکانی ئێران و ئیسرائیل، ئێران بە بوونی (403) تانکی جۆراوجۆرەوە لە پێش ئیسرائیلەوەیە، كە هەزار و (703) تانکی هەیە،  بەڵام ئیسرائیل هەزار و(300) دانەی هەیە. ئێران (65) هەزار و (825) بارهەڵگری زریپۆشی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئیسرائیل (35) هەزار و(985) دانەی هەیە. ئێران (392) تۆهاوێژ و تانکی هەیە، ئیسرائیل (352) دانەی هەیە. ئێران (2 هەزار و 70)  تۆپهاوێژی ڕاکێشراوی جۆراوجۆری هەیە،  بەڵام ئیسرائیل (171) دانەی هەیە.

هەروەها لەڕووی توانای چەکی دەریایی جۆراوجۆرە، ئێران هەندێک لە پێش ئیسرائیلەوەیە، لە هەندێک توانی دیکەشدا ئیسرائیل لە پێش ئێرانەوەیە: ئێران (107) هێزی کەشتیوانی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (62) هێزی کەشتیوانی هەیە. ئێران (20) ژێر دەریایی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (5) ژێر دەریایی هەیە. ئێران (7) کەشتی جەنگی هەیە، بەڵام ئیسرائیل کەشتی جەنگی نییە. ئیسرائیل (7) کەشتی کورفیتات (جۆرێکی نوێی کەشتی جەنگییە) هەیە، بەڵام ئێران (3) دانەی هەیە. ئیسرائیل (46) کەشتی گەڕۆکی هەیە، بەڵام ئێران (21) دانەی هەیە. بەگوێرەی ئاماری ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە، لە ڕووی تواناوە زۆربەی جۆرو چەکەکانی وشکانی و دەریاییەوە، ئێران تواناکانی لە پێش ئیسرائیلەوەیە، ئەمە جگە لەوەی ئێران ژمارەیەك مووشەكی بالیستی دوورهاوێژی هەیە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران لەمەو دواییان بەرهەمیانهێناوە.

ئێران لە جەنگی ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، هەروەها لەم جەنگەی ئێستا ژمارەیەك مووشەكی بەكارهێناوە، كە دروستكراوی خۆیەتی، بە وتەی شارەزایانی سەربازیی، ئێرانلە بواری سیستەمی مووشەكی بەرگریی و توانای ئاسمانیدا پێشكەوتووە، بەتایبەت لەم دواییانەدا، ژمارەیەك موشەكی نوێی بالیستیكی بەكارهێناوە بۆ نموونە: مووشەکی فەتاح یەکەمین موشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی ئێرانە. تواناکانی موشەکی فەتاح ده‌توانێت ئاڵۆزترین سیستمی بەرگری موشەکی ببڕێت‌و لەماوەی شەش خولەکدا ئامانجەکانی بپێکێت.

هەروەها موشەکی خەیبەر، موشەكێكی بالیستیكیە ، مەوداكەی (1450) کیلۆمەترە، خێراییەکەی دەگاتە سەرووی پێنج هەزار کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا. موشەکی حاج قاسم، موشەکێکی دیكەی تاکتیکی بالیستیکی ڕێنماییکراوە، مەودای (1400) کیلۆمەترە. هاوكات موشەکی عیمادی هەیە، ئەم مووشەكە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵبکرێت، مەودای (1700) کیلۆمەترە. جۆرێكی تری بەرهەمهێندراوی مووشكی ئێرانی، موشەکی قەدرە، مەودای دوو هەزار کیلۆمەتر، وەشانی نوێی موشەکی شەهاب -3ی ئێرانییە، بەوردییەکی بەرز لەئامانجەکەی دەدات. بەڕادار دەستنیشانناکرێت، لەگەڵ موشه‌كى جه‌نگى (26) نوێترین دروستكراوى موشه‌كى بالیستیکی هایپەرسۆنیکی ئێرانە ئەم موشەكە لەناو خۆیدا زیاتر لە 26 موشەكی دیكەی هەڵگرتووە. سەبارەت بە توانا ئێران لە بەرهەمهێنانی مووشەكی بالیستی ڕۆژی (3-3-2026) مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، ئێران لە مانگێکدا دەتوانێ (100) مووشەکی بالیستی بەرهەم بهێنێ، بەڵام ئەمریکا لە مانگێکدا تەنیا دەتوانێ (7) مووشەکی لەو شێوەیە بەرهەم بهێنێ.

 

دووەم: گورزی ئاسمان و قوربانییەكانی زەوی

لە ماوەی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی نەڕەی شێر (ئیسرائیل) و داستانی تووڕەیی  (ئەمەریكا) و بەڵێنی ڕاستی 4 (ئێران)، بەردەوام ئاراستەی جەنگەكە بەرەو فراوان بوون چووە و ژمارەی ئۆپراسسیۆنەكان لە بەرزبوونەوەدایە. ئەمەریكا وە بكەرێكی ڕاستەوخۆی جەنگە ڕۆڵی لایەنی سێیەمی بنیوە و كاریگەریی تەواو لەسەر فراوانبوونی جەنگ هەبووە. فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم )  سەرەتا لەڕاگەیێندراوێكدا ئاشكرای كرد، بە بەکارهێنانی چەکی زیرەک و زۆر ورد، زیاتر لە (5) هەزار و (500) ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، کە (60) کەشتیی دەریاییش لەخۆ دەگرێت. بەپێی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی جەنگی ئەو وڵاتە، تا ئێستا هەزار و (600) ئۆپراسیۆنی ئاسمانی ئەنجامدراوە، هاوكات (50) هەزار سەرباز و (200) فڕۆكەی جەنگیی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا خراونەتە حاڵەتی مادەباشی، بەجۆرێك جەنەراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، هێرشەکانی ڕۆژی یەکەمی سەر ئێران دوو هێندە لە هێرشەکانی سەر عێراق لە ساڵی (2003) بەهێزتر بوونە، بەڵام لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران (15) سەربازیی ئەمەریكی بوونەتە قوربانی.

لە لایەكی دیكەوە، ئەیال زەمیر سوپاسالاری ئیسرائیل لە ماوەی دەستپێكردنی جەنگەدا، ئاماژە بەوە دەكات لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر ئێران، (7) هەزار و (600) هێرشی فڕۆكەی جەنگی، (6) هەزار بۆمب بەكارهاتووە، (60%) سەكۆی مووشەكی بالیستی ئێران لەناوبراوە. لە بەرامبەردا ئێران جگە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا دەیان بنكە و بارەگای ئەمەریكای و دامەزراوەی ئابووریی گرنگی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردوومان كردووە لەوانە: هەرێمی كوردستان، ئیمارات، بەحرین، قەتەر، سعوودیە، كوێت. ئەگەرچی ئەم وڵاتانە تا ئێستا وەڵامی سەربازیی ڕاشكاویان نەبووە بۆ هێرشەكانی ئێران، بەڵام هەر یەك لەو وڵاتانە، تاڕۆژی (5-3-2026)دا، ئیمارات: بەرپەچی (182) مووشەکی بالیستیکی و (645) درۆن، کوێت: بەرپەچدانەوەی (178) مووشەکی بالیستیکی و (384) درۆن، قەتەر: بەرپەچدانەوەی (101) مووشەکی بالیستیکی و 39 درۆن، بەحرەین: بەرپەچدانەوەی (70) مووشەکی بالیستیکی و (76) درۆن، سعوودیە: بەرپەچی (8) درۆن و مووشەكی بالیستی ئێرانیان داوەتەوە و تێكیانشكاندووە.

هێرشەكانی سەر تاران بێوەڵام نەبووە و سوپای پاسداران پشتڕاستی هێرشەكانی دەكاتەوە و دەڵێت، "لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا و لە میانی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستی 4"، هێرشمان کردۆتەسەر (60) ئامانجی ستراتیژی و (500) پێگەی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلی، هەروەها هەڵدانی زیاتر لە (700) درۆن و سەدان مووشەک"، بەڵام ئێران ڕۆژانە (150) ملیۆن دۆلار بەهۆی جەنگەوە زیانی پێدەگات و پارەیەكی زۆر لەوم جەنگەدا دەسووتێنێت. 

بەپێی دوایین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاندووە، (48) سەركردەی ئێرانیان كووشتووە و دەشڵێت، ئەگەر واشنتن دەستپێشخەریی نەکردایە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، تاران لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەبارەت بە ئاماری قوربانییە مەدەنی و سەربازییەكان بە هێرشەكانەوە، بەپێی میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوی ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە لە هێرشە هاوبەشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران کوژراون، لەوانە: فەرماندەی هێزەکانی بەسیج و بەرپرسی نووسینگەی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، جێگری سەرۆکی هەواڵگری لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان. جێگری فەرماندەی لۆجستی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکا، جێگری سەرۆک نووسینگەی ئەرکانی فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکان، فەرماندەی دەزگای هەواڵگری فەرەج، بەرپرسی بەشی پلاندانان و ئۆپەراسیۆنەکان، لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان. سەرۆکی بەشی ئامادەکارییەکان لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان .هەرەها هەریەک لە عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی و عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران و عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران و محەممەد باسری، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ئیتڵاعات کوژراون. هەروەك کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە ڕاپۆرتێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو، هێرشە هاوبەشەكانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی ڕۆژی جەنگەكەدا (131) شاری ئێرانی گرتووەتەوە و لە دەستپێکی هێرشەکانەوە، بە هۆیەوە هەزار (395) کەس کوژراون، زیاتر لە (35) هەزار باڵەخەنەی مەدەنی و نیشتەجێبوون زیانیان بەركەوتووە. 

لە چواردەم ڕۆژی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران ژمارەی قوربانیان لە هەڵکشاندایە، ئێران ئاماژە بەوەدەكات، كە بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماری قوربانیان دەشارنەوە، تەنیا لە هێرشێکی مووشەکی یەك شەودا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی باکووری ئیسرائیل زیاتر لە (58) کەس برینداربوونە، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ژمارەی تەواوی قوربانیان دەکەن. بەڵام میدیا جیهانییەكان كوژرانی (11) سەرباز و برینداربوونی (2) هەزار  ئیسرائیلی پشتڕاست دەكەنەوە. 

لەسەرەتای دەستپێكردنی لە (28)ـی شوباتی مانگی ڕابردوو، ئاژانسی رۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكدا، كە لە (14-3-2026) بڵاویكردۆتەوە، ئاماژە بەوەدەكات، لایەنی كەم (2) هەزار كەس كوژراون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونتە قوربانی. لە بەرامبەردا بە هۆی فرانبوونی جەنگەكە بەرەو وڵاتانی كەنداو، تاوەكو ئێستا زیاتر لە (400) كەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە زۆربەیان هاووڵاتی لوبنان بە هۆی هێرشەكانی ئیسرائیل، هاوكات لە (6) كەسی دیكە لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن، كوێت، عومان لە ئەنجامی هێرشەكانی ئێران بوونەتە قوربانی، ئەمە لە كوژرانی چەندین چەندین كەسی مەدەنی و چەكدار لە عێراق، سووریا، تایلاند.

 

سێیەم: تاكتیكی نوێی جەنگی شوبات

لە بەرەبەیانێكی شەممەدا، بەڕۆژی رووناك، ئیسرائیل بە دەنگی بۆردوومانی فڕۆكەكانی خەڵكی تارانی لە خەو بە ئاگاهێنا و ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر"ـی دەستپێكرد. ناونانی ئۆپراسیۆنەكە بەو ناوە، وەڵامدەرەوەی جەنگی (12) ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بوو، كاتێ لە لە ناوەڕاستی ساڵی (2025)دا، ئۆپراسیۆنی  "شێری سەرهەڵدەر"ـی دژی بە تەلئەبیب دەستپێكرد.

 پێكدانان و جەنگەكان لە ڕابردوو بەتایبەت لە نێوان تاران و تەلئەبیب لە نیوە شەو ئەنجامدراون، بەڵام ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل، هەروەك ناوەندە سەربازییەكان پێیانوایە ئامانج لێی، تێكدانی سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئێران هێشكرنەسەر ئیسرائیل تێکبدات، كە بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان دەستی جووڵەی سەربازیی كرد، ئەمەیش وایکرد کە سیستەمی بەرگرییە ئاسمانییەکان چاوەڕوانی هێرشێکی وەها نەبن و تووشی شڵەژانێکی گەورە بن. ئەوەش دەخەنەڕوو كە ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر" پەیامێكی دیكەی لە خۆگرتووە، بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە، چونكە كاتێك وەڵاتێک بە ڕۆژ هێرشدەکات واتای ئەوەیە "هیچ شتێکت نییە لێی بترسێت و متمانەی بەوە هەیە کە کەس ناتوانێت ڕێگریت لێ بکات"، کاتی هێرشەکەش کە کەوتبووە ڕۆژی شەممە، زۆر بە وردی هەڵبژێردرابوو، چونکە لە ئیسرائیل ڕۆژی شەممە پشووە و شەقامەکان چۆڵن، ئەمەش وادەکات ئەگەر ئێران دەستبەجێ بە موشەک وەڵام بداتەوە، حکومەت بتوانێت زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات و زیانی گیانی کەمتر بێت.

لە جەنگی كۆتایی مانگی شوبات و هێرشەكانی هەرسێ وڵات، تەنكیكی نوێ و جیاوازی لێ بەدیدەكرێت. هیچ لایەنێك لە هێرشكردن و وەڵامدانەوەی مووشەكی بالیستی و درۆن سلیان نەكردۆتەوە، بەڵام پێشوەچوون و گۆڕانكاریی لە هێرشە سەربازییەكان بەرچاو دەكەوێت. ئەگەر سەیری هێرشەكانی ئێران بكەین، بە شێوازی جیاواز ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەنجام دەدات. فەریق هانا شارەزای سەربازیی دەڵێت، ئێران بە مووشەکی دوورهاوێژی بالیستی ڕاستەوخۆ ئیسرائیل  بۆردوومان دەكات، لەکاتێکدا بە درۆن وڵاتانی کەنداو بە ئامانج دەگرێت، كە ئامانجی زیاتر لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بەتایبەت دامەرزاوە نەوتی، گازی و ستراتیژییەكان، وەك پەكخستنی فڕۆكەخانە و هاتووچۆی بازرگانیی لە دەریایی لە گەرووی هورمز، ئەمەیش لە ڕووی سەربازییەوە سوودی زۆر بە ئێران دەگەیێنێت، لە ئەگەری درێژەكێشانی ماوەی جەنگەكە یەدەگی مووشەكی و هاوسەنگی هێزی خۆی دەپارێزێت بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو.

سەرەتا ئاراستە و ئامانجی هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیل و ئێران، ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی پایتەخت و شارە گرنگەكانی هەردوو دەستپێكرد، دواتر ئاسۆی بۆردوومانەكان فراوان بەرەو وێستگەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم  و چەكی ئەتۆمی، دامەزراوە ئابوورییەكان و سەرجەم شوێنە حكومی و بنكە سەربازییەكانی یەكتری. بەڵام ئامانجی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەو جەنگەدا جیاوازە، پنتاگۆن مەبەستیەتی تەنها دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بە تەواوی لەناوببات، لە  بەرامبەردا ڕووخاندنی حكومەتی ئێستای ئێران ئامانجی ڕوونی ئیسرائیلە، ئێرانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووبەری هێرشەكانی فراوانتر دەكات، كە ئەمەش كاریگەریی لەسەر ماوەی درێژبوونەوەی جەنگەكە دەبێت.

لە دوای (11) ڕۆژ لە هەڵگیرسانی جەنگەكە، گۆڕانكاریی لە تەكنیكی هێرشە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەبیندرێت، چونكە بە گوێرەی ئەو ئامارەی ڕۆژی (11)ـی حوزەیرانی (2026) براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) كە لە ڕاپۆرتێكدا ئاماری هێرشەكانی دژ بە ئێران بڵاوكردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بووە، ئەو گۆڕانكارییە لە ئاراستە و ئامانجی هێرشەكانی سەر ئێران دەردەكەوێت. ئەو ژەنەڕاڵەی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (5) هەزار ئامانجی جۆراوجۆر كراونەتە ئامانج و خاپووركراون، لەوانە بارەگاکانی فەرماندەیی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەکی بالیستی، و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی دژە کەشتیی، هەروەها تێکشکاندنی زیاتر لە (60) کەشتی و ژێردەریایی ئێرانی کردووە، كە بە جۆرەها فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو و بۆمبڕێژکەرە زەبەلاحەکانی وەک (B-1, B-2, B-52) و بەکارهێنراون بۆ پەکخستنی تەواوەتی سیستەمی بەرگریی و پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێران.

فەرماندەکەی سێنتکۆم لەبارەی چڕیی هێرشەكانیان، لە ڕۆژێكدا هەموو کاتژمێرێک جارێک هێرشیان لە ئاراستە و شوێنی جیاوازەوە بۆ سەر ناوخۆی ئێران ئەنجام داوە، "کە ئامانجیان تەنیا بەرگریکردن نییە لە مەترسییەکانی ئێران، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی تواناکانیان و بەئامانجگرتنی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران دەکەن، تا مەترسییەکانی داهاتووش لە ڕەگەوە هەڵکێشن".

ئەگەر سەیری وەڵامی هێرشە پێچەوانەكانی ئێران بكەین بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمەریكا، تاران زیاتر بە پشت بە مووشەكی دوورهاوێژ دەبەستێت تا فڕۆكەی جەنگی. بە پێی هەندێ ڕاپۆرت، ئێران چەندین تاكتیك و تەكنیكی جیاواز گربۆتەبەر بۆ پێكانی ئامانجەكانی و پاراستنی سەكۆی هەڵدانی مووشەك و توانا موشەكییەكانی  بەرامبەر هێرشەكان، كە هەندێ لە تاكتیكەكانی وەك فێڵێكی نوێی سەربازیی بۆ شاردنەوە و پاراستنی مووشەكەكانی (هەندێ سەرچاوە دەڵێن، ئێران شاری گەورەی بەرهەمێهنانی مووشەكی بالیستی لەژێر زەوی هەیە) لە پێناو هێشتنەوەی سامانی سەربازیی بۆ داهاتوو. هەروەها ئێران بە چەند شێوەیەك هەوڵی پاراستن و شاردنەوەی چەك و مووشەكە بالستییەكانی خۆی داوە بە، دروستكردنی كارگەی بەرهەم هەمهێنانی مووشەكی بالیستی لە قووڵایی شاخەكان، كە بە سەدان مەتر لە ژێر زەوی بونیادیناوە. دەرگا و تونێلی كارگەكان بە ماددەی بەهێز دروستكراون، بە جۆرێك بەرگەی مووشەك و چەكی كونكەر بگرن.

هێزی ئاسمانی ئێران لە كاتی هەڵدانی مووشەكان، كار بە ستراتیژیەتی نەبیندراو و فریودەر و شوێنی هەڵدانی ساختە دەكات، بۆ ئەوەی لە چاوی فڕۆكە جەنگییەكان، سیستەمی چاودیریی و مانگی دەستكرد بە ئاسانی نەبیندرێت، تەنات بەشێك لە بنكەكانی هەڵدانی مووشەك بەجۆرێك دیزاین و ڕەنگكراون، زیاتر لە شوێنی مەدەنی و نیشتەجێبووون بچێت. هەڵدانی مووشەكی بالیستی لەسەر پشتی بارهەڵگری گەڕۆك لە جێگەی سەكۆی مووشەكی جێگر، تاكتیكێكی تری بەركاهاتووی ئێرانە، بەمەش لەناوبردنی مووشە بالیستییەكانی ئێران بۆ ئیسرائیل و ئێران زەحمەت دەبێت، چونكە بەكارهێنانی مووشەك لەسەر بارهەڵگری گەڕۆك، دەتوانرێت لە چەندین شوێن و زەوی جیاواز، بەر لە هەڵدانی مووشەكان بە خێرایی ببرێنە ئەو شوێنەی كە بڕیاری هەڵدانی مووشەكەكەی لێدراوە.

ئەمەریكا و ئیسرائیل لە هێرشەكانیدانیاندا بەرامبەر ئێران، لە ڕووی هەواڵگریی و پێكانی ئامانجەكان زیاتر باڵا دەستی خۆیان سەلماندووە، كوشتنی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) كە چەندین مانگ چاودێریی خامنەیی کردووە و زانیاریی وردی لەبارەی شوێن و جووڵەکانییەوە کۆکردۆتەوە، بەپێی زانیاریی دەزگاکە، ڕۆژێك بەر لە هێرشەكە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا لە ناوەندی تاران دەکرێت، (سی ئای ئەی) زانیبووی کە رێبەری باڵای ئێرانیش لەوێ دەبێت.

 یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەم جەنگە، هیچ سەرۆك و سەركردە و كەسێكی دیاریكراو لەم جەنگەدا پارێزراو نییە، واتە چیتر سەرۆك و ژەنەڕاڵە گەورەكان لەژوورە داخراوەكان بە پارێزراوی بڕیار دەرناكەن و سەربازەكانیش لە گۆڕەپانی جەنگ جێبەجێی بكەن، لەم جەنگەدا ئەوەندەی كەسی یەكەم بە ئامانج دەگیرێت، كوشتنی سەربازێك یان ئەفسەرێكی ئاسایی ئامانجی لایەنە شەڕكەرەكان نییە، كەواتە هیچ كەسێك پیرۆز و پارێزراو نین لە جەنگی مۆدێریندا لە سایەی هێز و توانای درۆن و مووشەكی بالیستی.

وڵاتان ستراتیژییەتی جەنگی خۆیان لە گۆڕەپانی جەنگ گۆڕییەوە. شارەزایانی سەربازیی پێیانوایە، برینداركردنی یەك سەرباز بۆ ئەوەی چەندین سەربازی دیكە سەرقاڵی ڕزگاركردنی گیانی بن باشترە تا سەربازێك بكوژی (ئەوكات سەربازەكان خەریكی جەنگ دەبن و بەدیار سەربازێكی مردوو دانانیش)، لەسەر ئەم بنەمایە، سوپای ئیسرائیل و ئەمەریكا كار بەو بنەما نوێیە سەربازییە دەكەن، كە پێی دەڵێن: (بڕنی سەر)، "ئەم ستراتیژە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات کە لەبری تێپەڕین بەناو هێڵە بەرگرییەکانی سوپایەک و کوشتنی هەزاران سەرباز، ڕاستەوخۆ دەست بخرێتە سەر چەق و ناوەندی بڕیاردان."

 

چوارەم: تێچووی جەنگ

ئۆپراسیۆنەكانی هەر سێ وڵات بەدژ یەكتر، وەك چاوەڕێ دەكرێت تێچوویەكی زۆر لەڕووی دارایییەوە بۆ هەمووان دروست بكات. لە كاتێكدا حەوت ڕۆژ بەسەر دەستپێكردنی جەنگە تێنپەڕی بوو، تێچووی ئۆپراسیۆنەكان لە (148) کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ئەمەریكا بە بڕی (3.7) ملیار دۆلار مەزەندە كرا، کە دەکاتە (891.4) ملیۆن دۆلار بۆ هەر ڕۆژێک. ئەمە لە كاتێكدا پێشتر چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمەریکا، دوای ئەوەی هێگسێت ئاشکرایکرد، کە وەزارەتەكەی لە ماوەی یەک مانگدا (93) ملیار دۆلاری بۆ سەرجەم ئامادەكارییە سەربازییەكان خەرجکردووە، لەنێویاندا پارە بۆ خواردنی گران و ئامێری مۆسیقا و ئەلیکترۆنیاتی پێشکەوتوو دابینكراوە، لە كاردانەوەی ئەم ژمارەیە، میدیا ئەمەریكی ئێستا تۆمەنی گەندەڵی و گومان لە سەر ژمارەكان ئاراستەی پنتاگۆن دەكەن.

بەڵام بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسە میدیاییەكانی ئەمەریكا، ئەو ئامارانەی لەبارەی تێچووی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەسەرەتای جەنگەكە بڵاوكراونەتەوە ڕاست و ڕوون نین. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت، بەرپرسانی پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لە کۆنگرێس، بە کۆنگرێسمانەکانیان گوتووە، تێچووی خەمڵێندراوی جەنگەکە تەنیا لە شەش ڕۆژی یەکەمدا (11.3) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، كە ئەو پارەیە تێچووەکانی دیکەی وەک ئامادەکردنی کەرەستەی سەربازی و جووڵەپێکردنی هێز پێش دەستپێکردنی هێرشەکان لەخۆناگرێ. هەموو جەنگێك تێچوویەكی زۆری هەیە، هەروەك ئاشكرابووە، ئیدارەی پناتگۆن ئەوەشیان بە ئەندامانی گۆنگرێس گوتووە، "سوپا تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا بایی (5.6) ملیار دۆلار تەقەمەنی بەکارهێناوە."

 

پێنجەم: جەنگ كەی كۆتایی دێت؟!

جەنگی مانگی شوبات نەك بەردەوامە، بەڵكو ڕۆژ دوای ڕۆژ قەبارەی ئۆپراسیۆنەكان فراوان دەبێت، چاوەڕێ دەكرێت، بەهۆی هێرشكردنە سەر وڵاتی كەنداو، جگە لە ئەمەریكا و ئێسرائیل و ئێران، بەدوور نازاندرێت وڵاتانی دیكە بەشداریكردنیان بۆ ناو جەنگە ڕابگەینن. هاوكات تاوەكو هیچ لایەنێك بەفەرمی مەرجەكانی خۆیان بە وەستاندنی ڕانەگەیاندووە، بۆیە  تاوەکو ئێستا روون نییە جەنگەکە چەند دەخایەنێت و کۆتاییەکەی چۆن دەبێت.

دەرەنجام دەتوانین بڵێن، بە هۆی ئەو بەرەپێشووەچوونە خێرایانەی لە ڕۆژانی جەنگە ڕوودەدەن، ئاسۆیەك بۆ كۆتاییهێنان جەنگی شوبات نییە لەم نزیكانە بوونی نییە. هاوتەریب ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ڕۆژ لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ئۆپراسیۆنەكان، ژمارەی قوربانییە مرۆییەكان و زیانگەیاندن بە دامەزراوە ئابوورییەكانی هەموو وڵاتانەی پشكی ئاگری ئەم جەنگەیان بەركەوتووە، قەبارەكەی زیاتر دەبێت.

ئەگەرچی لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند، دەتوانن لەگەڵ هاوبەشەكەی ئیسرائیل، لە ماوەی (24) كاتژمێر حكومەتی ئێران بڕوخێنن، بەڵام دوای (16) ڕۆژ لە بەردەوامبوونی جەنگ، هێشتا دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی و تەشەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت.

 

سەرچاوەكان:

ــ توانا سەربازی و مرۆیی و داراییەکانی ئێران و ئیسرائیل

ــ ئیمارات: ئێران لە دوێنێوە زیاتر لە (137) مووشەكی ئاراستەمان کردووە

ــ ئەو موشەكانەی ئێران دژی ئیسرائیل بەكاریاندەهێنێت

ــ ترەمپ: 48 سەرکردەی ئێرانمان کوشتووە

ــ سێنتکۆم: 5 هەزار و 500 ئامانجمان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە

ــ تكتيك مزدوج.. لماذا خصصت إيران صواريخها لإسرائيل والمسيّرات للجوار؟

ــ بۆچی “نەڕەی شێر” لە ڕۆژدا ئەنجام درا؟

ــ ئیسرائیل ناوی ئۆپەراسیۆنی نوێی دژی ئێرانی ناونا (نەڕەی شێر)

ــ ئێران چۆن مووشەكە بالیستییەكانی خۆی دەشارێتەوە؟

ــ ئیسرائیل ژمارەی قوربانیانی هێرشەكانی ئێران دەشارێتەوە

ــ ئەمریکا چ جۆرە چەکێک لە جەنگی بەرامبەر ئێراندا بەکاردەهێنێت؟!

ــ تێچووی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە شەش رۆژدا 11.3 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

ــ وەزیری ئایسکرێم؛ چۆن وەزیری جەنگی ئەمریکا لە یەک مانگدا 93 ملیار دۆلاری خەرجکردووە؟

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین