ئەنجوومەنی ئەوروپا: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئێران

نوچە نێت

لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەوروپا تاوتوێی پرسەکانی جەنگی نێوان (ئیسڕائیل و ئەمەریکا)ی لەگەڵ ئێران و کاریگەری ئەو جەنگە لەسەر گرانبوونی سووتەمەنی جیهانی کرد و گووتیشی، دەبێت ئێران بە زووترین کات کۆتایی بە سەرکوتکردنی گەلەکەی بهێنێت.

ئەمڕۆ هەینی (20/3/2026) ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەوروپا ڕایگەیاند، پێشهاتەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان بۆیە داوای ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن لە خەڵکی سڤیل و لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە دەکەین هێرشکردنە سەر وێستگەکانی ئاو و وزە (کارەبا و نەوت) ڕابگرن، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی ئەوروپاشدا سەرکردەکانی جیهان بە گشتی و ئەوروپا بە تایبەتی نیگەرانیی خۆیان بۆ لەدەستدانی گیانی خەڵکی سڤیل دەربڕی و بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کرد و داوای ڕاستەوخۆشیان لە تاران و گروپەکانی سەر بە ئێران کرد دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرن و رێز لە سەروەریی وڵاتان و بڕیارنامەی (2817)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەوروپا بگرن. 

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەوروپا خۆشحاڵە بە ئامادەیی "ئۆکڕانیا" بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران، بە دابینکردنی شارەزایی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆن بۆ وڵاتانی کەنداو. هەروەها هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز سەرکۆنە کرد و جەختی لە "ئازادیی کەشتیوانی جیهانی" کردەوە و بە تووندیش ڕایگەیاند کە نابێت هەرگیز ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەبێت ئەو وڵاتە بۆ هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بگەڕێتەوە. بە زووترین کاتیش کۆتایی بە سەرکوتکردنی گەلەکەی بهێنێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بگرێت.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەوروپا داوای لە حیزبوڵڵای لوبنان کرد دەستبەجێ چەک دابنێت و سوپاسی حکومەتی لوبنانیشی کرد بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا. هیواشی خواست ئیسڕائیل هەر جۆرە هەڵکشانێکی زیاتری ئاسمانی یان وشکانی لە لوبنان ڕابگرێت و رێز لە سەروەریی ئەو وڵاتە بگرێت تاوەکو خەڵکی زیاتر ئاوارە نەبن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین