وەزارەتی نەوتی عێراق باری نائاسایی لە كێڵگە نەوتییەكان ڕاگەیاند ئابووری جیهان

نوچە نێت

وەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەی کێڵگە نەوتییەکان باری نائاسایی ڕاگەیاند، هەروەها سەبارەت بە هەناردەی نەوتیش دەڵێت، لە ئێستادا هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن پرۆسەی هەناردەکردن ئەنجام بدەن.

بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، كە ڕۆژی سێشەممە (2026-3-17) دەریكردووە و لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوكراوەتەوە و تیایدا هاتووە، چالاکییە سەربازییەکان کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا کە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی (20%) نەوت و گازی جیهانیە، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری  هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی ئەم گەرووە تێپەڕ دەبێت، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشەکە هەناردە وەستاوەو بۆتە هۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە نووسراوەکەدا ئەوەی خستۆتەروو، وێڕای ئەوەی کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ ئامادەبووە بۆ بارکردنی نەوت و هەناردەکردنی، بەڵام هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە کەشتی نەوتهەڵگر بۆ بارکردنی نەوتەکە دابین بکەن، ئەمەش بۆتە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت.

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت وەزارەت لە نووسراوەکەیدا دەڵێت، لەسەر بنەمای ئەم دۆخە وەزارەتی نەوت عێراق فەرمانی دا بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییە کاریگەرەکان، بە پێی گرێبەستەکانیش هیچ قەرەبوویەک بەرامبەر رێکاری وەستانی بەرهەمهێنان نادرێت.

جێگەی باسە حەیان عەبدلغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی بەسرە دابەزیوە بۆ (900)هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەو بەرهەمهێنانەش بۆ دابینکردنی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت ،لە کاتێکدا  ئاستی بەرهەم‌هێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی بەسرە پێش جەنگ (3.3) ملیۆن بەرمیل نەوت بوو لە رۆژێکدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین