جەنگی ئەمەریکا و ئێران بازاڕی فرۆشتنی درۆنی تورکی گەرمتر دەکات شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

وەرگێڕانی: دنیا ئەحمەد

درۆن لە پاڵ فڕۆکەی جەنگی و مووشەک، لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا و ئێران ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت و ئامانجەکان بە وردی دەپێکێت، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو جەنگە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو داواکارییەکان بۆ کڕینی درۆنی تورکیا (%236) زیادی کردووە."

بازاڕی فڕۆشتنی درۆنی تورکی لە فراوانبووندایە

هەریەک لە تورکیا و ئێران، لەم ساڵانەی ڕابردوو بەڕێژەیەکی بەرچاو پەرەیان بە بەرهەمهێنانی درۆن داوە، بەتایبەت کۆمپانیای بەیراکتاری تورکی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەشێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو لەپاڵ درۆنەکانی هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمەریکا شێواز و تەکنیکی نوێ لە درۆن و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت، هەروەها لەلایەن زۆربەی وڵاتانی کەنداو و بگرە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆش گرێبەستیان بۆ چەندین شێواز لەم درۆنانە لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە و ژمارەیەکی زۆر لەو درۆنانەش بە وڵاتان فرۆشراوە.

هەرچەندە جەنگی ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل کاریگەری خراپی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە دروست کردووە، بەڵام لەلایەکی دیکە بازاڕی فرۆشتنی درۆنی تورکیای گەرم کردووە، تەنیا لە مانگەکانی یەکەمی ساڵی (2026) ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان داوای ڕێککەوتنی فرۆشتنی درۆنیان لە تورکیا کردووە. لەوبارەیەوە عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو وەزی ریگواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت، "بەراورد بە ساڵی ڕابردوو داواکارییەکان بۆ کڕینی درۆن لە تورکیا (%236) زیادی کردووە، هەروەها ئەو رێژەیەش بە خێرایی لە زیادبوونە و لەگەڵ ئەو جەنگە وڵاتان هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ بەکارهێنانی درۆن."

وەزیری گواستنەوەی تورکیا ستایشی پێشکەوتنەکانی پیشەسازی بەرگریی وڵاتەکەی دەکات و پێیوایە، کارکردن و بەکارهێنانی یاسا و بەرهەمەکانی ناوخۆی تورکیا لە دروستکردنی درۆن کاریگەرییەکی زۆر باشی لە بەرەوپێشوەچوونی توانای سەربازیی هەبووە، بەتایبەت کارەکانی بەرێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانی مەدەنی تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە فرۆشتنی بە خێرایی درۆنی تورکیا بە وڵاتان هەبووە.

هۆکارەکانی خواستی لەسەر کڕینی درۆن لە تورکیا

لەسەرەتای ساڵی (2026)ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە (54) هەزار و (75) هەزار کەس داوایان پێشکەشکردووە بۆ بوون بە فڕۆکەوانی درۆن لە تورکیا، بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەی داواکردنی کڕینی درۆن بۆ (%236) بەرزبۆتەوە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ:

1ــ بەکارهێنانی درۆن لەلایەن وڵاتان فراوانتر دەبێت 

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وڵاتان بەهۆی ناسەقامگیری ئاسایش و هەڵگیرسانی چەند جەنگێک لەو ساڵانەی کۆتایی و کاریگەری دەرکەوتنی توانای درۆن لە جەنگەکان وایکردووە وڵاتان زیاتر ڕوو لە کڕین و بەرهەمهێنانی درۆن بکەنە، تەنانەت لە ئەرکی ڕۆژانەیاندا لە بوارە جیاوازەکان بەکاری دەهێنن، عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو تيشك دەخاتە سەر داواکارییەکان لە کەرتە جیاوازەکان و دەڵێت، "لەو ساڵانەی کۆتایی بەتایبەت لە کەرتە جیاوازەکان درۆن لە دەرمان ڕشتن، بواری کشتوکاڵ، وێنە، گرتنی ڤیدیۆکان، سینەما و نەخشەسازی و بەرێوەبەرایەتییەکانی وەک ئاسایش و گواستنەوەی بار و کەرتی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە بەکارمان هێناوە، هاوکات تەنیا لەم ساڵدا زیاتر لە (1091) درۆنی نوێمان لەو کەرتانەدا بەکارهێناوە."

ئەو پێشکەوتنە، لە بەکارهێنانی خێرایی درۆن  و تەکنەلۆژیای درۆن تەنیا لەبواری بەرگریی و سەربازی نا، بەڵکو لە پێدوایستییەکانی هاووڵاتیان بۆ زۆر پێداویستی دیکە  لەو ساڵانەی کۆتایی ڕۆلێکی بەرچاوی بینیوە. هاوکات زۆربەی وڵاتانیش بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی خۆیان هانا بۆ کڕینی زیاتری درۆن دەبەن کە لەئێستادا لە پاڵ مووشەک و فڕۆکەی جەنگی هاوتایە لە پێکانی ئامانجەکان بۆ سەر دوژمن. 

2ــ ژمارەی درۆن و فڕۆکەوانەکانی تورکیا

بەگوێرەی دوایین ئامار کە لە (17)ـی ئاداری (2026)، تۆمارکراوە، تورکیا خاوەنی (77) هەزار و (616) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییە، هەروەها تورکیا یەکێکە لەو وڵاتە پێشکەوتوانە تاوەکو ئێستا خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێک و (655) هەزار و (918)  فڕۆکەوانە، بەدڵنیاییەوە پێشکەوتنی تورکیا بەو خێراییە لە بواری تەکنەکۆژیا و پیشەسازی بەرگریی، بە تایبەت ڕۆڵی بەکارهێنانی درۆنی تورکی لە جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، هەروەها جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا وایکردووە وڵاتان ڕوو لە کڕینی ئەو درۆنانەی تورکیا بکەنەوە.

تورکیا پێیوایە تادێت داهاتووی ئیکۆسیستەمی درۆن و تەکنەلۆژیای درۆن لە داهاتوودا فروانتر دەبێت. وەک لە بوارەکانی پیشەسازی و تەندروستی و کەرتی لۆجستی و ڕووداوەکانی ڕۆژانە و ناوخۆ، ئاسایش، هەربۆیەش ئەنقەرە وەک تەکنەلۆجیایەکی پیشەی خێرا بۆ داهاتوو کاری جددی لەسەر کردووە و سەرکەوتێکی گەورەشی بەدەستهێناوە.

لەلایەکی دیکە، لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان و فراوانبوونی داواکارییەکانی وڵاتان  لەسەر کڕینی درۆنی تورکیا بۆتە رێگە خۆشکەرێکیش بۆ گەنجان بۆ ئەوەی ببن بە فڕۆکەوان. تەنیا لەو سێ مانگەی کۆتایی زیاتر لە (54) هەزار کەس داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ بوون بە فڕۆکەوان و بەکارهێنانی درۆن لە تورکیا.

هەڕەشەکانی جەنگ بەسەر تورکیا

هەرچەندە تورکیا خاوەن سوپا و چەکێکی زۆرە، بەڵام تاڕادەیەک خۆی بە دوور گرتووە، لە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل، دوای ئاراستەکردنی سێ مووشەک لەلایەن ئێرانەوە تورکیا هەڵوێستی ڕوونی نیشانداوە کە ئەوان بەشێک نین لەو جەنگە.

سوپای پاسداران دوای نیگەرانییەکانی تورکیا لە هێرشە مووشەکییەکان بەفەرمی ڕایگەیاند، ئێران ئەو مووشەکانەی ئاراستەی تورکیا نەکردووە، رێز لە سەروەری و دراوسێیەتی تورکیا دەگرن، لە کاتێکدا چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا هەیە لەگەڵ ئەوەی ئێران زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە وڵاتانی ناوچەکە کردۆتە ئامانج، بەڵام دەڵێت ئێمە هێرش ناکەینە سەر تورکیا. هەریەک لە تورکیا و ئێران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بەو هێرشانە و پێشیان وایە هەولێکە بۆ ڕاکێشانی تورکیا بۆ ناو ئەو جەنگە.

هەروەها ئەنقەرە پێیوایە بە بەشدارینەکردن لەو جەنگە دەتوانێت، ستراتیژییەکی هاوسەنگ دەستەبەر بکات لە پێناو پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، نایەوێت بکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئێران، وە لەسەرووی هەمووانیشەوە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیەتی لەو جەنگە.

تورکیا بەڕوونیش ئاشکرای کردووە، کە دوای پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەیان، ئەگەر بێتوو هەڕەشە و هێرشەکان بەردەوام بن بەدڵنیاییەوە وەڵامی پێویست دەگرنەبەر و بڕیاری کۆتایی لەدەست خۆیانە.  

سەرچاوە: (یەنی شەفەق

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین