ترەمپ بۆردوومانكردنی وێستگەكانی كارەبای ئێران دوادەخات ئێران

نوچە نێت

سەرۆكی ئەمەریكا ڕایدەگەیێنێت، هەموو هێرشەکانی ئەمەریكا بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دوادەخەن. کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەكەی ترەمپ دەكەین، سەبارەت دواخستنی هێرشکردنە سەر وێستگەكانی کارەبای ئێران، بەڵام ئێران بە تووندی گوتەکانی ترەمپ ڕەتدەکاتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (2026/3/23) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە دواخستنی هێرشەکانیان بۆ سەر کارەبای ئێران". هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، "کۆمیسیۆنەکە پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئەرێنی دەکات سەبارەت بە کۆتایی هێنانی جەنگ".

گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە دەشڵێت، "بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ کۆتایی هێنان بە جەنگ بوون، بە بەردەوامی و چەندین جار باسیان لەوە کردووە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و کۆتایی هێنان بە جەنگە بەردەوامەکانی ناوچەکە".

بە گوێرەی گوتەی بەرپرسە باڵاکەی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، "یەکێتیی ئەوروپا بەردەوامە لە پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بە پەیوەندییە بەردەوامەکانی یەکێتییەکە کرد لەگەڵ کارەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە وەک ئێران و وڵاتانی کەنداو".

ئەم گوتانەی گوتەبێژەکە دوای ئەوە دێت هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، "فەرمانی داوە هەموو هێرشەکانی سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دوابخرێت، بەڵام لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتن ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکا نەکراوە". هەروەها دەشڵێن، "ئێران جەنگی دەستپێنەکردووە".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین