هۆشدارییەک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ئاژانسی کەشناسی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری سەبارەت بە هەسارەی زەوی دەدات و ڕایدەگەیێنێت، "ئاووهەوای زەوی ناهاوسەنگییەک بەخۆیەوە دەبینێت کە بوونی نەبووە لە مێژوودا". ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشداری دەدات.

ڕۆژی دووشەممە (2026/3/23) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، ئاژانسی کەشناسی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "بەهۆی دەردانی ڕێژەیەکی زۆری گازی دووم ئۆکسیدی کاربۆن هەسارەی زەوی گەرمییەکی زۆر هەڵدەمژێت کە لە توانای دانییە جارێکی تر دەریبداتەوە لەبەر ئەوە ناهاوسەنگییەک لە پلەی گەرمی زەوی دروست بووە کە لە ڕابردوودا نەبیندراوە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی کەشناسی جیهانی، "هەر بەهۆی ناهاوسەنگییە وزەییەکانەوە ساڵی ڕابردوو زەریاکان لە جیهاندا گەرمی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیوە و سەهۆڵی یەکجار زۆر لە جیهاندا تواونەتەوە". هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، "زانایان پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ پلەی گەرمی زیاتر بەرز ببێتەوە و پلەی گەرمی زەوی زیاتر بەرەو هەڵكشان بچێت".

لە وەڵامی راپۆرتەکەدا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای لە وڵاتان کرد لە سووتەمەنی فۆسیلی بگۆڕن بۆ وزەی نوێبوونەوە بۆ "دابینکردنی ئاسایشی کەشوهەوا، ئاسایشی وزە و ئاسایشی نەتەوەیی."

بە گوێرەی لێكۆڵینەوەکانی ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "لە (2025) تێکڕای پلەی گەرمی هەوای جیهان نزیکەی (1.43) پلەی سیلیزی بەرزتر بووە بە بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازی کاتێک مرۆڤ دەستی نەبووە لە سووتاندنە جیاوازەکاندا".

سەبارەت بەم پرسە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەم "ناهاوسەنگییەی زەوی لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گۆڕانی کەش و هەوا کە بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان هەیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین